دەستەی عەشایەری شنگال: کەس ناتوانێت پێکەوەژیان لە شەنگال تێکبدات

شنگال

دەستەی عەشایەری شنگال ڕایگەیاند: لەم دواییەدا زۆر کەسێتی و پارتی سیاسی دەرەوەی شنگال ویستیان لە نێوان عەرەب و ئێزدییەکان ناکۆکی دروست بکەن، دەشڵێت: کەس ناتوانێت نێوانمان تێکبدات.

سوپای عێراق لە شنگال هەڵیانکوتایە سەر چەندین ماڵ کە زۆربەیان عەرەبی عەشیرەتی شەمەر بوون لە بەعاج.

لەم بارەیەوە ڕاگەیاندراوی دەستەی عەشایەری شنگال لەلایەن جاسم حرێر خوێندرایەوە و ڕایگەیاند، کەس ناتوانێت خوشک و برایەتی نێوان عەرەب و ئێزدییەکان تێکبدات.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: هەندێک پارتی سیاسی دەرەوەی شنگال دەیانەوێت پەیوەندی نێوان عەرەب و ئێزدییەکان تێک بدەن، لێرەوە ڕایدەگەیەنین کەس ناتوانێت خوشک و برایەتی نێوان ئێمە و ئێزدییەکان تێکبدات و ئێمە سەرلەنوێ یەکسانی گەلانمان بنیاتناوە.

دەستەی عەشایەری شنگال ئاماژەى بەوەشکردوە، سەدان ساڵە وەک خێزانێک پێکەوە دەژین و لەنێو خێزانەکانیش کێشە ڕوودەدەن، بەڵام نابێت کێشەکان گەورەتر بکرێن. پێویستە کێشەکان چارەسەر بکرێن و هاوپەیمانی پێک بهێنین.

دەستەی عەشایەری شنگال جەختیکردەوە، ڕێگە نادەین پارتە سیاسییەکان نێوانمان تێک بدەن و پشتیوانی خۆیان بۆ هێزە ئەمنییەکان دووپاتکردەوە لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی داعش.

لە کۆتاییشدا دەستەی عەشایەری شنگال ڕایگەیاند: دیسانەوە دەڵێین، ئێمە عەشیرەتین و پەیوەندیمان بە سیاسەتەوە نییە، هەرچییەک ڕووبدات کەس ناتوانێت نێوانمان تێکبدات.

هـ.ح

Comments are closed.