فیدراسیۆنی ڕۆنووس:لە ڕاپەڕین لەسەر نووسین و بیروڕا ٢٠ فەرمانبەر لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە

ناوەندی هەواڵەکان:

فیدراسیۆنی “ڕۆنووس” ڕایگەیاند، سزادان و لێپێچینەوە لەسەر نووسین و ئازادیی ڕادەربڕین درێژەی هەیە و لە سنووری ڕاپەڕین ٢٠ فەرمانبەر لێپێچینەوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە، دەشڵێت: ڕۆژنامەنووسێکی سنورەکە و مامۆستایەکی زانکۆی ڕاپەڕینیش، بە هۆی ڕەخنەگرتن لە کەموکورتییەکانی زانکۆکە، سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە.

فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ  “ڕۆنووس” ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە لێپرسینەوە و لێپێچینەوە لە فەرمانبەرانی سنووری ئیدارەى ڕاپەڕین بڵاوکردەوە.

فیدراسیۆنەکە دەڵێت: دوێنێ ژمارەیەک لە چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیادتر لە ٢٠ فەرمانبەر لەلایەن فەرمانگەکانیانەوە ، بە هۆکاری ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کۆمێنتی ڕەخنەییان لەبارەی خەمساردی بەرپرسانی ئیداری سنورەکە و کەموکورتی دامودەزگاکان نووسیوە، ڕووبەڕووی بانگکردن بۆ لێپێچینەوە بوونەتەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:ی ڕۆنووس بەمجۆرەیە:
دوێنێ ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٤، ژمارەیەک لە چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیادتر لە ٢٠ فەرمانبەر لەلایەن فەرمانگەکانیانەوە ، بە هۆکاری ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کۆمێنتی ڕەخنەییان لەبارەی خەمساردی بەرپرسانی ئیداری سنورەکە و کەموکورتی دامودەزگاکان نووسیوە، ڕووبەڕووی بانگکردن بۆ لێپێچینەوە بوونەتەوە.
ئێمە لە فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ “ڕۆنووس”، دوای بەدواداچوونی ورد بۆ ڕاستی بابەتەکە، بۆمان دەرکەوت ژمارەیەکی زۆر لەم کەیسانە وەک ڕاستییەک لە سنورەکە بوونیان هەیە، کە بەشی هەرە گەورەیان پەیوەندیان بە سەرەتاییترین مافی مرۆڤەوە هەیە، کە ئازادی ڕادەربڕین و مومارەسەی ئازادی تاکەکەسییە.
ئەوەی لە بەدواداچوونەکانی تیمەکانی “ڕۆنووس”دا دەرکەوت ئەوەیە، کە جگە لە لێپێچینەوە و سزادانی ژمارەیەک لەو فەرمانبەر و کەسانەی ڕەخنەیان گرتووە، ڕۆژنامەنووسێکی سنورەکە و مامۆستایەکی زانکۆی ڕاپەڕینیش، بە هۆی ڕەخنەگرتن لە کەموکورتییەکانی زانکۆکە، سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە و دۆسیەکەیان براوەتە بەردەم دادگا، ئەوەی جێی نیگەرانی ئێمە و پێچەوانەی یاساشە، سکاڵاکە لەبری یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی، بە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی تۆمارکراوە، ڕێکارەکانی دادبینیش بەگوێرەی هەمان یاسای دوور لە کاری ڕۆژنامەنووسی بەڕێوەدەچێت.
وێڕای ئەمانە، لە ڕێی بەدواداچوونەکانی “ڕۆنووس”، گەیشتین بەو ڕاستییەی، زۆرینەی ئەو لێپێچینەوە و سزایانەی لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین ئەنجام دراون، لە چوار فەرمانگە و بەڕێوەبەرێتی سنورەکەدا بوون، بەجۆرێک بەڕێوەبەران و ئیدارەی ئەو فەرمانگانە، تا ئاستی ڕەفتار و سزای نایاسایی و نائیداری، تەنیا لەسەر چەند کۆمێنتێکی ڕەخنەیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ماف و ئازادی ئەو کەسانەیان خستووەتە بەردەم پەلامار و، بەشێک لەوانەیان لە ژێر هەڕەشەدا ناچار بە سڕینەوەی کۆمێنت و پۆستەکان، دواتریش پۆزش هێنانەوە کردووە.
وەک “ڕۆنووس”، بە توندی سەرکۆنەی تەواوی ئەو ڕێکارە نایاسایی و نائیدارییانە دەکەین و، باوەڕمان وایە دەبێت دەسەڵاتی دادوەری و داواکاری گشتی، لە بەرانبەر پێشێلکاری لەم جۆرەدا بە جددی بێنەدەنگ و، نە تەنیا ماف بۆ مافخوراوان بگێڕنەوە، بەڵکو هەوڵی ڕێگری لە فراوانتربوونی ئەم دیاردە نایاساییە بدەن و ڕێگە نەدەن چیتر ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی تاک، بکرێتە قوربانی لەپێناو پاراستنی پێگەی گەندەڵکاران و شاردنەوەی کەموکورتییەکان.

فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ
“ڕۆنووس”

   ٢٧ی ئایاری ٢٠٢٤

Comments are closed.