پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەرانی هەرێم دەکەوێتە ساڵی داهاتوو

ناوەندی هەواڵەکان

بەڕێوەبەرێکی گشتیی لە وەزارەتی دارایی ڕایدەگەیەنێت، لیستیی مووچەی مانگی پێنج بەبێ پلەبەرزکردنەوە بۆ بەغداد دەنێرن و پێیان گوتوون بۆ ئێستا واز لە بابەتی پلەبەرزکردنەوە بهێنن، دەشڵێت: پلە بەرز کردنەوە دەکەوێتە ساڵی داهاتوو.

ئارام عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ میدیاکانى نزیک لە یەنەکەی قسەى کردوە و زانیاری نوێی خستووەتەڕوو.

ئارام عەبدوڵا وتی: لیستی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەبێ پلەبەرزکردنەوە بۆ بەغداد دەنێردرێت، چونکە ئامادەکردنی لیستیی مووچە بە پلەبەرزکردنەوە هەروا ئاسان نییە و چەند مانگێکی پێدەچیت.

ئاماژەى بەوەشکردوە، پلەبەرزکردنەوە ماوەیەکی زۆرە ڕاگیراوە و دەستپێکردنەوەی ئەو پرۆسەیە بە شەو و رۆژێک ناکرێت، دەبێت دۆسیە بە دۆسیەی فەرمانبەران هەڵبدرێتەوە.

بەوتەى ئەو بەرێوەبەرە گشتییە ئەگەر لیستی فەرمانبەران بە پلەبەرزکردنەوە ئامادە بکەین زیاتر لە شەش مانگی دەوێت و دەکەوێتە ساڵی ٢٠٢٥.

لەبارەی هەڵوێستیی بەغداد بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی ئاشکرای کرد، بەغداد لە کۆبوونەوەکاندا پێیان گوتوین بۆ ئێستا واز لەو بابەتە بهێنن.

سەرەتای ئەم مانگە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم نووسراوێکی دەرکرد کە ئیمزای ئاوات شێج جەناب وەزیری دارایی لەسەرە و ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و دەستە سەربەخۆکانی کردووە و تێیدا داوا دەکات، هاوپێچ لەگەڵ لیستی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی ئادار، لیستێکی دیکە ئامادە بکەن کە شایستەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی تێدا دیاری کرابێت، لە کاتی گونجاودا ئاراستەی وەزارەتی دارایی بکەن.

هـ.ح

Comments are closed.