قەرەیلان: بەرخۆدان بەرەو قۆناغێکی فراوانتر و بەهێزتر دەچێت

ناوەندی هەواڵەکان

موراد قەرەیلان ڕایگەیاند، ئەو بەرەنگاریی و بەرخۆدانەی لە زاپ و ئاڤاشین و مەتینا لە دژی تەکنەلۆژیای  پێشکەوتوو و سەردەمیانە بەڕێوەدەچێت، لە مێژووی کوردستان و مێژووی شەڕی جیهاندا نموونەی نەبووە ، دەبێت ڕاگەیاندن ڕۆڵی خۆی جێبەجێ بکات و زیاتر بناسێندرێت و دەشڵێت: بەرخۆدان بەرەو قۆناغێکی زۆر نوێتر، فراوانتر و بەهێزتر هەنگاو دەنێت.

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، سەبارەت بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، شەڕ لە ناوچەکەدا، شەهیدان و ڕۆحی فیدای لەناو پەکەکەدا، دۆزی کۆبانێ و تاوانەکانی دەوڵەتی تورک دژی گەریلا لە بەشی دووەمی گفتوگۆکانیدا وەڵامی پرسیارەکانی ڕادیۆی دەنگی گەلی دایەوە.

پەیوەست بەو شەڕەی لە ئێستادا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەڕێوەدەچێت، چی دەڵێن؟ ڕەوش و ئاستی شەڕەکە چییە؟

موراد قەرەیلان: ئەو بەرەنگاریی و بەرخۆدانەی لە زاپ و ئاڤاشین و مەتینا بەڕێوەدەچێت، لە مێژووی کوردستان و مێژووی شەڕی جیهاندا نموونەی نەبووە، ئێستا ئەو بەرخۆدانەی لە چیای شەهید مونزوری سەر بە چیای ئێف ئێم، لە چیای جودی، چیای ئامێدی ئەنجام دەدرێت، پێی ناوەتە ساڵی سێیەمەوە، دەوڵەتی تورک لە بنەڕەتدا دەیەوێت زەوییە ستراتیژییەکانی باشووری کوردستان داگیر بکات و گەریلا بەرخۆدانێکی مێژوویی لە دژی ئەو هەوڵە بەڕێوەدەبات.

سوپایەکی مەزنی خاوەن چەک و تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو و سەردەمیانە، ڕاگیراوە و بەرامبەری بەرخۆدان دەکرێت، ئەمە نائاساییە، ڕاستە ناتوانین ئەم بەرخۆدانە نیشانی ڕای گشتیی جیهان و تەنانەت پیشانی هەموو کوردستانیشی بدەین، ڕەنگە هەوڵێکی چاپەمەنی ئازاد هەبێت، هەوڵێکی مەزن دەدەن، بەڵام بەداخەوە نەمانتوانیوە ئەم بەرخۆدانە بە ڕای گشتیی بناسێنین.

لە یەک ڕۆژدا لانی کەم ٩ بۆ ١٠ جار بە شێوازی جیا هێرش دەکرێتە سەر چیای شەهید مونزور، ئایا گەلەکەمان لە کوردستان یان ئەوروپا هەست دەکات شەڕێکی هەمیشەیی ٢٤ کاتژمێری لە چیای شەهید مونزور هەیە؟ نا، گەورەترین شەڕ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی زاپ و شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بەردەوامە، لە هەمان ڕۆژدا بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر گازی کیمیایی بەسەر چیایەکاندا دەبارێنرێت؛ بۆمب ئەتۆمی تاکتیکی بەکاردێت، بێ پچڕان تانک بۆمب، تۆپ دەهاوێژێت، بە درۆن تەقەمەنی دەخرێتەخوار، بە فڕۆکەی شەڕ بۆردوومان دەکرێت، واتە لەمیانی هەمان ڕۆژدا هەموو جۆرە چەکێک بەرامبەر ئەم گۆرەپانانە بەکاردێت.

گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بەو بەرخۆدانەی کە ئەمڕۆ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و باکووری کوردستان ئەنجامی دەدەن، بەو ئیرادەیەی کە ڕابەرایەتی دەکەن، بەو فیداکارییە پێشیان خستووە، بەو بوێریی و لێهاتووییەی هەیانە سەلماندویانە کە هێزی لە شکست نەهاتوون، سەرەڕای چەکی قەدەغەکراو، ئەوەندە چەک بەکاردەهێنرێت، سەرەڕای ئەوەی کە دەیان هەزار سەرباز و سیخوڕ و چەتە لەم شەڕەدا بەشدارن، ئەو ئەنجامەی کە بەدەستهاتووە بە دڵنیاییەوە هێزی لە شکست نەهاتووی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان نیشان دەدات، بەڵام لە هەمان کاتدا دەیسەلمێنێت کە ئیرادەی مرۆڤ دەتوانێت چی بکات.

لێرەدا شتی هەرە گرنگ ئەوەیە، ئێمە ڕووبەڕووی دوژمنێکی پیلانگێڕ و دووڕووین، سەرەرای هەموو دەرفەتە مادییەکانی بەردەستی، ئەو هەموو چەک و سیخوڕ و لایەنگر، لەگەڵیدا هەبوونی چەتە کوردەکان، کەچی ترسنۆکانە چەکی قەدەغەکراو بەرامبەر گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بەکاردەهێنن، بە تایبەت لە هەفتەیی کۆتایدا، دوژمن هەموو ڕۆژێک چیای شەهید مونزور (چیای ئێف ئێم)ـی بە چەکی قەدەغەکراو و گازی کیمیایی کردووەتە ئامانج، جار بە جار تەقینەوەی مەزن دروست دەکەن و ژەهر بڵاودەکەنەوە، ئەمەش وەک ئەتۆمی تاکتیکییە، هەڤاڵانمان دژی ئەمە بەرخۆدان دەکەن.

دەوڵەتی تورک ناتوانێت لە دۆڵ و نزماییەکاندا بمێنێت، چونکە لە گەریلا دەترسێت، لەم جۆرە شوێنانەدا ئەو هێزانەی کە پێیان دەوترێت هێزی پاسەوانی سنووری عێراق وەک هاوکارەکانی لە ناوچەکانی وەک کەشانە و پیربەلا و شەرانش لە هەفتانین کە ئەو هێزانە تێیدا جێگیر بوون، لە زاپ دەیانەوێت بە هەمان شێوە هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لە ناوچەکانی وەک ڕەنچپراخا جێگیر بکەن، هێزەکە ئامانجێکی دیاری هەیە، ئەویش یارمەتیدانی دەوڵەتی تورکە، ئێستا ئەرکیان پێسپێردراوە لە هەر شوێنێک ئیمکانی هێرش کردن هەبێت لەوێ بڵاوەیان پێبکەن.

سوپای بێگانە هاتووە و خاکەکەی داگیر دەکات، ئەویش بە هێزی سەربازیی خۆیەوە دەیانپارێزیت و پاسەوانیان بۆ دەکات، هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لەم پێگەیەدان و بەرگریی لە سوپای تورک دەکەن، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە کە بەرخۆدانێکی مێژوویی لە ئارادایە و ئەم بەرخۆدانەش بەردەوامە، کەس لە بەرامبەر هێرشەکانی دوژمن پاشەکشە ناکات و بەرخۆدان بەرز دەکرێتەوە، ئەگەر ئەم بەرخۆدانه نەبووایه، داگیرکاریی لە هەموو هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بڵاو دەبووەوە.

ئەگەرچی تا ڕادەیەک دەیەوێت هێرشی داگیرکاریی نوێ لە هەندێک ناوچەی دیکە پەرە پێ بدات، لە هەرێمی مەتینا لە ١٦ـی نیسان بەدواوە پیلانی هەیە بە شێوازێکی نوێ پێگەی بەربڵاوی خۆی لە ناوچەکاندا فراوانتر بکات، هەوڵ دەدات لە شوێنە داگیرکراوەکاندا پێشڕەوی بکات، هەروەها پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێرشەکانیان بۆ سەر مەتینا فراوانتر بکەن، بەهەمان شێوە گومان دەکرێت کە هێرش بکەنە سەر شاخی بەهار، ڕەنگە هێرشی داگیرکاریی بۆ سەر هێلی خواکورک-خنێرەش بکەن، ئەم ئەگەرانە لە ئارادایە، ئێمە لەو باوەڕەداین دوژمن وەڵامی پێویست وەردەگرێت جا لە مەتینا، شاخی بەهار بێت یان خنێرە، بەرخۆدانی ئەو شوێنانە تەواوکەری بەرخۆدانی گشتیی بەهێزتر دەکات و بەم شێوەیەش گەمارۆی دوژمن لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا قووڵتر دەبێتەوە، بۆیە لەو باوەڕەداین بەرخۆدان بەرەو قۆناغێکی زۆر نوێتر، بەربڵاوتر و بەهێزتر دەڕوات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، بەکرێگیراوانی باکووری کوردستان دەهێندرێنە بەرەکانی شەڕ، وەک هەپەگە ئێوەش سەبارەت بەو بابەت ڕاگەیاندراوتان بڵاو کردەوە، بەڵام دەوترێت گواستنەوەکان بەردەوامن، لەم دواییانەدا بە کرێگیراوێک کوژرا، لەم بارەیەوە چی ئەڵێن؟

دەوڵەتی تورک بەتەنها ناتوانێت شەڕی گەریلا بکات، هەر بۆیەش بەدوای کەسانێکدا دەگەڕێت کە لە پێناویدا شەڕ بکەن و بمرن، ئێستا لە باشوور لەم بوارەوە کار دەکەن، لە باکووریش هەمان هەوڵیان هەیە، لە باکووری کوردستان بەکرێگیراو بەکار دێنن، ئەم بەکرێگیراوانە لە ڕووی یاساییەوە پابەندن بە بەرگرییکردن لە گوندەکانیان، لە ڕاستییدا ناویان گوندپارێزە، بەڵام سوپای تورک لە شوێن سەربازە پێشکەوتووەکانی بەکاریان دەهێنێ وەک بەشێک لە سوپا دەیانناسێنێت، ئێستا تەنها لە شوێنەکانی وەک بۆتان و گەڤەر نایانهێنێت، بەڵکو دەیانەوێت لە هەموو ناوچەیەکی باکوور کوردستانەوە بەکرێگیراوان بۆ باشووری کوردستان بهێنن و لەگەڵ ئێمە شەڕیان پێبکەن و چەند ساڵێکە ئەو کارە دەکات، بەڵام ئەمساڵ زۆر زیاتر، لەبەر ئەوەی سەربازەکانی لە شەڕدا ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە.

بەم کارانە دەیانەوێت کورد لە گەڵ کورد تووشی شەڕ بکەن، بۆ نموونە ئێستا لە چەولیک و سێرت و مێردین و هتد بەکرێگیراویان هێناوە، لە مەتینا، زاپ، هەفتانین جێگیریان کردووە و شەڕیان پێدەکات، هەر بۆیە ئێمە وەک هەپەگە بانگەوازییمان کرد، دیارە دوژمن دەیەوێت شەڕەکەی بکاتە شەڕی کوردان، بە هیچ شێوەیەک نایەوێت سەربازەکانی بمرن، سەرەتا هەوڵیان دا سەربازە عێراقییەکان بەکار بێنن و ڕاستەوخۆ بیانخەنە ناو شەڕەوە، بەهەمان شێوە هەوڵی زۆریان داوە پێشمەرگە بەشداری شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێمە بکەن و بەردەوامیش لە هەوڵدان، بێگومان تا چەند سەرکەوتووە لەم بوارەدا بابەتێکی ترە، بەڵام هەوڵەکانی بەم ئاڕاستەیە درێژەی هەیە.

دووبارە بانگەوازیی لە هەموو بەکرێگیراوەکان دەکەم، ئەگەر لە گوندەکەت بمێنیتەوە کەس هێرشت ناکاتە سەر، پێشتر ئەمەمان ڕاگەیاندووە، ئێمە دەزانین ئەمڕۆ گەلەکەمان لە چ بارودۆخێکدایە، هەروەها دەزانین پاسەوانی گوندەکان چۆن بوون بە بەکرێگیراو، هەر بۆیە ئێمە نایانکەین بەئامانج، لە باکوور یان باشور نابێت لە دژی ئێمە بەشداری هێرشەکان بن، ئەمە شەڕی کورد لە گەڵ کوردە، ئەو قارەمانانەی لەوێ بەرخۆدان دەکەن، ڕۆڵەی ئەم گەلەن.

هەروەها بانگەوازیم بۆ کۆچەر و بنەماڵەی بەکرێگیراوەکانە، هیچ بنەماڵە و خانەدانێک، هیچ عەشیرەتێک نابێت ڕێگە بدات بەکرێگیراوێکی گرێدراوی خۆیان بێتە باشوور یان بۆ شەڕکردن لەگەڵ گەریلاکان ڕووکاتە شاخەکان، ئەوان دەبێت دژایەتی ئەمە بکەن، بانگەوازیی من بۆ هاوسەری بەکرێگیراوان و ژنانی کوردە، ژنان وەک پیاوان تێوەنەگلاون بۆیە دەبێت ناڕەزایەتی نیشان بدەن، کوڕانی گەنج و ژنان دەبێ لەم بوارەدا دەست بە تێکۆشان بکەن، پێویستە هەموو وڵاتپارێزان و ئەوانەی ڕوانگەی کوردستانی بوونیان هەیە، بەرامبەر بەم یارییانە بێدەنگ نەمێنن و کاردانەوە نیشان بدەن.

ب. ق

Comments are closed.