حەسەن کۆچەر: بە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەستووری کۆمەڵایەتی دەکەین بە کردار

باران گەرمیانی

حەسەن کۆچەر، جێگریی هاوسەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەڵێت: دوای ئەوەی دەستووری کۆمەڵایەتیمان پەسەند کرد، بڕیارماندا بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ئەو دەستوورە بکەینە کردار و گەل خۆی نوێنەرانی هەڵبژێرێت، دەشڵێت: هەڕەشەکانی دەوڵەوتی تورک بیانوون و دەیەوێت کوردان قڕبکات و درێژە بە داگیرکارییەکانی بدات.

بڕیاری وایە لە ١١ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەبچێت، هەروەها کۆمسیۆنی هەبژاردنەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ناوچەکە هەموو ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە و ئامادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەن، لەلایەکی دیکەوە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورک لە مەرامبەر ئەو هەڵبژاردنەدا بەردەوام تۆپباران و هێرشی ئاسمانیی ئەنجام دەدات و هەڕەشە دەکات.

لەم چاوپێکەوتنەدا، حەسەن کۆچەر، جێگریی هاوسەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، باس لە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و هێرش و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک دەکات.

“بە هەموو شێوەیەک ئامادەین بۆ ئامادەین بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان”

لە ساڵی ٢٠١٥ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و هەروەها لە ساڵی ٢٠١٧ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گشتییمان ئەنجامدا، بەڵام ئەو کاتە چەندین ناوچە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بوو، بۆیە هەڵبژاردنەکان هەندێک سنووردار بوون، هەروەها لە چوارچێوەی شۆڕشی ڕۆژئاوادا بوو، لەو کاتەشدا شەڕ هەبوو بۆیە هەندێک کێشە هەبوون.

دوای ڕزگارکردنی ئەو ناوچانە و بنیاتنانی سیستەم و بڕیاردان لەسەر دەستووری کۆمەڵایەتیی، بڕیارماندا هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و هاوسەرۆکایەتی ئەنجوومەنی گشتیی ئەنجام بدەین و ڕاستەوخۆ گەل خۆی نوێنەرانی هەڵبژێرێت، بۆ ئەوەش زیاتر لە پێنج هەزار کەس خۆیان کاندید کردووە و بە هەموو شێوەیەک ئامادەین بۆ ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە.

“ئامانجی دەوڵەتی تورک قڕکردنی کوردانە”

هەڵبژاردنی شارەوانییەکان چی پەیوەندیی بە تورکیاوە هەیە؟ هەڵبژاردنەکە بۆ دیارییکردنی هاوسەرۆکانی شارەوانییەکانە خزمەتکردنی گەل و باشتر کردنی ژیانیانە، هیچ پەیوەندییەکی بە بابەتی سیاسییەوە نییە، تورکیا ئەم هەڵبژاردنە وەک بیانوویەک بەکار دەهێنێت و دەڵێت خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەیەوێت سووریا پارچە بکات، ئەمەش بیانوویەکی ڕاست نییە.

ئامانجی دەوڵەتی تورک بە ئامانجگرتنی کوردان و قڕکردنییەتی، دەیانوێت کورد ببێتە غوڵامیان و نەبێتە خاوەن کولتوور و خاک و سیستەمی خۆی، هەروەها لە دیموکراسیی سووریا دەترسن، کۆمەڵگەی کوردی وەک پێشتر نییە و خزمەتیان ناکات و ئەوانە قەبوڵ ناکات.

دەوڵەتی تورک هەڵبژاردن دەکاتە بیانوو بۆ ڕەوایەتییدان بە هێرشە داگیرکارییەکانی”

هەڵبژاردنی شارەوانییەکان هیچ مەترسییەکی لەسەر تورکیا نییە، ئێمە هێرشمان نەکردووەتە سەر تورکیا، بەڵکو ئەوە تورکیایە هێرشمان دەکاتە سەر و ناوچە خزمەتگوزارییەکان بە ئامانج دەگرێت و هاوڵاتییانی مەدەنی شەهید دەکات و ناوچەکانمان داگیر دەکات، عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی داگیرکردووە، بەو بیانووە دەیانوێت ڕەوایەتی بە هێرشەکانیان بدەن.

ئەم هەڵبژاردنەش هەنگاوێکی مێژووییە بۆ کورد، دەبێت کورد لە دەوری سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆببێتەوە، دەبێت لە پارچەکانی دیکەشەوە پاڵپشتی لە ڕۆژئاوا بکەن و نەچنە بەرەی داگیرکەرانەوە.

“گەر ئەنەکەسە بەو شێوەیە بەردوام بێت، دەستکەوتەکانمان لەناو دەبات”

باخچەلی سووپاسی ئەنەکەسەی کردووە ئەمە شەرمە بۆ کورد، ئەنەکەسە بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان نەکردووە ئەمەش هێز بە دوژمن دەداتە دوژمن کە هێرش بکاتە سەر ڕۆژئاوا و کوردان، دەبێت ڕوون ببێتەوە ئەنەکەسە لەگەڵ کوردانن یان لە دژی کوردانن، دەڵێن بەشدار نابین، چونکە ئەمە پڕۆژە نییە لەلایەکی دیکەشەوە تورکیاش هەمان شت دەڵێت، هەروەها هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن بەهۆی داگیرکارییەوە ٩٠٪ـی کوردانی عەفرین زێدی خۆیان بەجێ هێشتووە، بەڵام ئەنەکەسە دەڵێت شتی وا نییە، واتا ڕەوایەتیی بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەدات و زیانی مێژوویی لە ستراتیژی کورد دەدات، گەر بەو شێوەیەش بەردەوام بێت لە خزمەتکردنی دوژمن ئەوا دەستکەوتنەکانمان لەناو دەبات.

“بە هەڵبژاردن دەستووری کۆمەڵایەتی دەکەین بە کردار”

ئێمە دەستووری کۆمەڵایەتییمان پەسەند کرد، بۆیە دەبێت ئەو دەستوورە تەنها لەسەر کاغەز نەمێنێتەوە و بکرێت بە کردار، بۆیە وەک سەرەتایەک بۆ پێکهێنانی ماددەکانی ئەو دەستوورە بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانماندا، لە دوای ئەوەش هەر لە چوارچێوەی دەستووری کۆمەڵایەتییدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەن و هاوسەرۆکایەتی گشتیی ئەنجام دەدەین.

“ئەوەی پێکەوەژیانی لە سووریا پاراستووە خۆبەرێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە”

لە ١٩ـی حوزەیرانی ساڵی پار، نەخشەڕێگای چارەسەرییمان بۆ سووریا پێشکەشکرد، یەکێک لە خاڵەکانی ئەوەبوو لە نێو سەروەریی سووریادا چارەسەری کێشەکانمان بکەین و مافەکانمان بەدەستبهێنین، ئامانجمانیش یەکپارچەیی خاکی سووریا بوو، هەروەها بۆ پاراستنی تەواوی گەلانی سووریا کاربکەین، لە ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەرانیشدا هەموومان پێکەوە خەبات بکەین.

ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیش ئەوەیە سووریا تێوەبگلێنێت لە هێرشەکانی بۆسەر کوردان، وەک چۆن هەوڵیدا عێراقیش بەکاربهێنێت بۆ هێرش کردنە سەر کوردان، گەر ئێمە بمانویستایە سووریا پارچە بکەین، ئەوا لە سەرەتاوە بڕیاری دروستکردنی دەوڵەتمان دەدا، ئەوەی کە پێکەوەیی گەلانی لە سووریا پاراستووە خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەلاتی سووریایە.

“گەر بەرخۆدانی قەسەدە نەبێت دەوڵەتی تورک لە موسڵ تا حەلەب دەخاتە ژێر دەستی خۆیەوە”

دەوڵەتی تورک دەڵێت لە حەلەب تا موسڵ هەمووی هی ئێمەیە و لە میساقی میللییدا خاکی تورکانە، ئامانجی ئەوە نییە بە ناوی تیرۆرەوە شەڕی کورد بکات، بەڵکو ئامانجی ئەوەیە سنووری خۆی بەرفراوان بکات، لە بەرامبەریشدا کورد پارێزگاریی لە خاکی عێراق و سووریا دەکات، گەر ئەمڕۆ بەرخۆدانی گەل و قەسەدە نەبێت ئەوا دەوڵەتی تورک هەمووی دەخاتە ژێر دەستی خۆیەوە.

بڕیار وایە لە ١١ـی ئەم مانگە، بە خۆ کاندیدکردنی پێنج هەزار و ٣٣٦ کاندید لە چوارچێوەی دوو هاوپەیمانێتی و چوار پارتی سەربەخۆ و ٢٧٠ کاندیدی سەربەخۆ، هەڵبژاردن بۆ ١٣٤ شارەوانیی هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام بدرێت.

لە ئێستاشدا کاندیدان لە بانگەشەی هەڵبژاردندان و مافی خۆیانە تا ئێوارەی ١٠ـی ئەم مانگە لە بانگەشەکردن بەردەوام بن.

ب. جـ

Comments are closed.