“کەرکووک لەنێوان سەرژمێریی و ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگادا”

ئەسعەد عەزیز

هیچ کەس گومان لەوە ناکات و بەهیچ جۆرێک لەوە دوو دڵ نییە، کە شاری کەرکوک شاری پێکەوە ژیان و تەبایی و ئاشتەواییە، بەڵام واقیعی حاڵی سیاسی و کارگێڕی ئەم شارە، بەداخەوە ئەو دەستەواژەیەی سەرەوە پێچەوانە دەکاتەوە و ئەو راستییە دەرناخات.

کۆنەبوونەوەی ئەنجوومەن

چونکە پێکهاتە سیاسییەکانی کەرکوک، کە لەڕاستیدا نوێنەری پێکهاتەی نەتەوەیین، بەهۆی ئەجێندای جۆراوجۆرەوە لەدوای پێنج مانگ لە هەڵبژاردن، هێشتا ئامادە نین لە کۆبوونەوەی پارێزگادا پێکەوە دابنیشن و دەسەڵاتێکی جێبەجێکردن بۆ کەرکوک دابنێن.

کاریگەری ئەجیندای جیاواز

 زۆر ئەجێندای جیاوازیش کاریگەری بەسەر رەوشی سیاسی و کارگێڕی کەرکوکدا هەیە، هەر لە باڵکێشانی ئەجێندای دەرەکییەوە، بگرە تا ئەجێندای نەتەوەپەرستی و تا دەگاتە ئەجێندای سەپاندنی دەسەڵاتی خێڵەکی و رەنگدانەوەی لە پیادەکردنی رەوشی کارگێڕی کەرکوک. لە کەرکوک تا ئێستا ئەنجومەنە هەڵبژێردراوە نوێیەکەی، دەسەڵاتی نەگرتووەتە ئەستۆ، تەنانەت کۆبوونەوەیەکیشیان ئەنجام نەداوە بۆ ئەوەی ئەنجومەنەکە بکەوێتە سەر کاری ئاسایی خۆیی.

هەوڵی پەکخستنی ئەنجوومەنی نوێ

بەداخەوە تێبینی ئەوە دەکرێت، کە پێکهاتە سیاسییە نەتەوەییەکانی دیکە لە هەوڵی ئەوەدان ئەنجومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگا پەکبخەن و ڕۆڵی کاریگەر و کارای فەرامۆش بکەن، پرۆسەی دانانی پارێزگاری نوێش بۆ کەرکوک رۆژ لەدوای رۆژ دوابخەن. ئەمە لەکاتێکدا لەدوای سێجار دانیشتنی پێکهاتە سیاسییەکانی کەرکوک لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق(محەمەد شیاع سودانی) بە مەبەستی دۆزینەوەی میکانیزمی دانانی پارێزگاری نوێ بۆ کەرکوک هێشتا نەگەیشتوونەتە دوا بڕیار لەبەر ئەوە لەئێستادا دەسەڵاتی کارگێری کەرکوک ئەوان بەڕێوەی دەبەن.

رەنگە هەر بۆ ئەوەش بەهەموو هێز و توانا و دەسەڵاتیانەوە، بۆ ئەوە کاردەکەن پرۆسەی دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا دوابخەن و دانانی پارێزگای نوێ دانەنرێت، یان ئەگەر هاتو دانرا، ئەوا لەبەرژەوەندی ئەواندا بێت. لەبەرامبەر ئەمەدا تێبینی ئەوە دەکرێت، کە بەهەنگاوی جێگیر و چەسپاو کار بۆ ئەوە دەکەن و بەرەو ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێریکردنی عێراق هەنگاو دەنێن، ئەنجامدانی سەرژمێریش وەک خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن ناسنامەی نەتەوەیی تێدا نییە، ئەگەر ناسنامەی نەتەوەیی تێدا بێت یان نا، ئەوا هاتنی هەزارەها خێزان لەباشوور و شارەکانی ترەوە بۆ کەرکوک و تۆمارکردنیان لەسەر کەرکوک و مامەڵەکردنیان وەکو دانیشتووی ئەم شارە پێچەوانەی بڕگەکانی ماددەی ١٤٠ و رەتکردنەوەی ئەو میکانیزمە بوو، کە لەکاتی خۆیدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک دانرابوو.

پرۆسەی سەرژمێری

 پرۆسەی سەرژمێریکردن ئەوەندە بۆ مەرامی سیاسی و سەپاندنی ئەجێندایەک بەکارهاتووە، وەک پرۆسەییەکی زانستییانەی بەرنامە داڕێژرا و پلاندانان بۆ داهاتووی وڵات سەیر ناکرێت، لەبارودۆخی ئێستاشدا کەرکوک لەنێوان دوو قەیراندایە، نەبەستنی ئەنجوومەنی پارێزگا و دانەنانی پارێزگارێک بۆ شارەکە، ئەمە چ جای ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی کوردی بەشێوەیەکی جدی و حەکیمانە لە پرۆسەی سەرژمێری ناکۆڵێتەوە بۆ ئەوەی رێگەچارەیەک بۆ ئەو گرفتانە دابنرێت کە لەئەنجامی پرۆسەی سەرژمێریی بەسەر پێکهاتە رەسەنەکانی کەرکوکدا دەسەپێنرێت، هەروەها پێویستە بەوردی و بەشێوەیەکی زانستی و لۆژیکانە لە قازانج و زیانی پرۆسەی سەرژمێری بکۆڵینەوە و ئەجێندایەکمان بۆ پێشهاتەکانی پرۆسەی سەرژمێریکردن هەبێت.

ئ.م

ئەم وتارە ڕاوبۆچوونى تایبەتى نووسەر خۆیەتى.

Comments are closed.