سەپاندنی قەیوم.. زهنییەتی دەوڵەتى تورک بۆ زەوتکردنی ئیرادەی کورد

ناوەندی هەواڵەکان

دەوڵەتى فاشیستى ئاکەپە و مەهەپە بە هەموو ڕێبازێک هەوڵى قڕکردنى گەلی کورد دەدەن، یەکێک لەو ڕێبازانەش دوورخستنەوەى سەرۆک شارەوانییەکان و دانانى قەیومەکانە تا لەو ڕێگەیەوە کورد لە ئەرکی بەڕێوەبردنی خۆی دوور بخەنەوە و ئیرادەی زەوت بکەن.

ئەنجامی هەڵبژاردنی ٣١ـی ئاداری ئەمساڵی شارەوانییەکان، برینێکی قورسی خستە دڵی ئەردۆغان و ئاکاپەوە، چونکە زۆرینەى شارەوانییەکانى لەدەستدا، بەتایبەت هەردوو شارەوانى ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ، ئەوەش بەهۆی جوڵەیەکی سیاسیی کوردەوە بوو کە وایکرد ئاکەپە شکست بخوات.

ئێستا ئەردۆغان بۆ ساڕێژکردنى ئەو برینەی دەیەوێت بە قەیومەکان تۆڵە لە کورد بکاتەوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەى داهاتوودا سیناریۆی داتاشراو بۆ هاوسەرۆک شارەوانییەکانى دیکەش ڕێکبخات.

هاوسەرۆکانی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان بە دەنگی ڕەوای گەل متمانەیان وەرگرتووە و بوون بە هاوسەرۆکی شارەوانییەکان، ئێستا دەوڵەتى فاشیستى ئاکەپە و مەهەپە دەیانەوێت ئەو ئیرادە و متمانەیە زەوت بکەن و نەهێڵن کورد بۆ مافەکانی خۆی تێبکۆشێت.

ڕۆژی ٣ـی ئەم مانگە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە هەڵیکوتایە سەر شارەوانیی جۆلەمێرگ و محەمەد سدیق ئاکش هاوسەرۆکی شارەوانییەکەی لە وان دەستگیر کرد و قەیومی نوێیان دانا، ڕۆژێک دواتر لە دادگا قڕکەرەکەی خۆیاندا شانۆ ئاسا بە تۆمەتى ئەندامبوون لە “ڕێکخستن” سزای ١٩ ساڵ و شەش مانگ زیندانى بەسەردا سەپێندرا.

ماوەیەک پێش ئەوەش، ئەحمەد تورک کە تەمەنى ٨٧ ساڵە و هاوسەرۆکی شارەوانی مێردینە و بە دەنگی ڕەوای گەل ئەو پۆستەى وەرگرتووە دادگای ئەنقەرە لە “دۆزی کۆبانێ” سزای ١٠ ساڵ زیندانى بەسەردا سەپاند و بێگومان لە شوێنەکەی قەیوم دادەندرێت.

ڕۆژی ٢ـی ئەم مانگ بە بڕیاری دەستەى هەڵبژاردنەکان و لەسەر سکاڵای ئاکەپە هەڵبژاردنی لە چەند شارۆچکەیەک دووبارە کردەوە، یەکێک لەو شارۆچکانە جورنێ ڕەشێ لە ڕحا بوو لە باکووری کوردستان، ئاکەپە دەیوست ئەو شارەوانییە بۆخۆی بەرێت، بەڵام دوای دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردن بۆ دەمپارتى گەڕایەوە.

له‌ دوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیه‌كانی توركیا له‌ ٣١ ئاداری ٢٠٢٤ ده‌سه‌ڵاتی توركیا ویستی بە داڕشتنی سیناریۆ  هاوسه‌رۆكی شاره‌وانی گه‌وره‌ی وان له‌ پۆسته‌كه‌ی دوور بخاته‌وه‌ و قەیوم دابنێت، به‌ڵام به‌ کاردانەوە و ناڕه‌زایبوونی گەل ئەو پیلانە سه‌ری نه‌گرت.

دەم پارتی لەسەر دانانی قەیوم و سەپاندنى سزای ناڕەوا بەسەر هاوسەرۆکی شارەوانى جۆلەمێرگ ڕایگەیاند: دەسەڵات کە هەموو جارێک بە ئیرادەی گەلەکەمان تێکدەچێت، ناچار پەنا بۆ توندتیژیی دەبات، ئێمە سیاسەتی قەیوم قبوڵ ناکەین، گەلەکەمان لە ٣١ـی ئادار بە ڕێگەی دیموکراتیک ڕایگەیاند، کە عەقڵییەتی قەیوم قبوڵ ناکات.

دەمپارتى هۆشداریی ئەوەشیدا ئەمەی کە کراوە لە جۆلەمێرگ تەنها هەڕەشە نییە لە دژی جۆلەمێرگ، بەڵكو هەڕەشەیە لە هەموو گەلانی تورکیا.

هەر لەسەر دانانی قەیومی شارەوانی جۆلەمێرگ، ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی گشتیی جەهەپە ڕایگەیاند، دەست بەسەرداگرتنى شارەوانییەکان پشتگوێخستنی ئیرادەی گەلی جۆلەمێرگە کە بە دەنگی گەل هەڵبژێردراوە، بۆیە بڕیاری دانانی قەیوم دەبێت هەڵبووەشێتەوە.

سەرۆکی گشتیی جەهەپە وتیشی: ئێمە لەگەڵ دیموکراسی و ئیرادەی گەلین و دژی چەمکی پارتی دەسەڵاتداریین.

دەسەڵاتى فایشستی ئاکەپە تەنیا لە باکووری کوردستان دژایەتى ئیرادە و مافی ڕەوای گەلی کورد ناکات، بەڵکو ئەردۆغان بە ئاشکرا هەڕەشەی کرد  لە ئەگەری ئەنجامدانى هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى باکوور و ڕۆژهەڵاتى سووریا و وتی: ڕێگە نادەین هەڵبژاردنی شارەوانیەکانى باکووری سووریا بەڕێوەبچێت.

دوای ئەو هەڕەشەیە، دەوڵەتى داگیرکەری تورک هێرشێکی فراوان و بۆردوومانی لە کۆبانێ و جزیرە و منبج و شەهبا و چەندین ناوچەی دیکە دەست پێکرد بۆ ئەوەى ئەو هەڵبژاردنە نەکرێت.

ئەوەتا دەوڵەتى داگیرکەری تورک دەستی خستووەتە ئەنجامی هەڵبژاردنى پارێزگای کەرکووک و لە ڕێگەی تورکمان و عەرەبەکانەوە ڕێگریی دەکات پۆستى پارێزگار بۆ کورد بێت، بۆ ئەوەش هاکان فیدان پێشنیازی ئەوەى کردووە کە پۆستى پارێزگار بدرێت بە تورکمان و عەرەب دوو ساڵ بە دوو ساڵ.

دیسان لە هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانی هەرێمیش دەوڵەتى تورک دەستوەردانی کرد و بە هاندان و دەست لە پشتدانى پەدەکە و تورکمانەکانى هەولێر هەڵبژاردنى پەکخست، تورکمانەکانیش هان دەدات کە فشار و ئاڵۆزی بکەن بۆ گەڕاندنەوەى کورسییەکانیان کە لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە هەڵوەشێندرایەوە.

دەوڵەتى داگیرکەری تورک هەموو ئەوانە بۆ ئەوە دەکات، گەلی کورد لە هیچ کوێیەک نەبێتە خاوەنی بڕیار و بەڕێوەبردن و ئیرادەی خۆی، لەو شوێنانەى دەسەڵاتی هەیە قەیوم دادەنێت و لەو شوێنانەی دەسەڵاتیشی نییە ئاڵۆزیی و ئاژاوە درووست دەکات.

هـ.ح

Comments are closed.