ژنێکی گەنج لەلایەن هاوژینەکەیەوە دەسووتێندرێت

سلێمانی

کۆتایی هەفتەی ڕابردوو ژنێکی گەنج گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی سووتاوی سلێمانی و بە وتەی باوکی لەلایەن هاوژینەکەیەوە سووتێندراوە و ئامانجی ئەوە بووە بیکوژێت، لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی سووتاویی شاری سلێمانییە و دۆخی تەندرووستی ناجێگیرە، وتەبێژی پۆلیسیش دەڵێت: هاوژینەکەی تۆمەتبارە و دەستبەسەرکراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستی ڕۆژنیوز کەوتوون، شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٧ ساڵ براوەتە نەخۆشخانەی سووتاوی شاری سلێمانیی.

بە وتەی جەزا جەوهەر، کە باوکی ژنە قوربانییەکەیە و تایبەت بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، لەلایەن هاوژینەکەیەوە سووتێنراوە و ئامانجی ئەوە بووە بیکوژێت، ماوەی زیاتر لە ساڵێکە کچەکەی هاوسەرگیریی ئەنجامداوە، بەڵام ئەوان ئاگاداری گرفتەکانی نەبوون لەگەڵ هاوژینەکەیدا و لە نەخۆشخانە ڕاستیی ڕووداوەکانیان زانییوە.

باوکی ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە هاوژینەکەی پێش ئەوەی بیسووتێنێت برۆ و قژی تاشیوە و پاشان لە گەرماوی ماڵەکەیاندا نەوتی پێداکردووە و سووتاندوویەتی، بەو هۆیەشەوە ٨٥٪ـی گیانی سووتاوە و کۆرپەلەکانیشی کە دووگیانبووە پێیان لەدەستداوە.

لە بارەی ئەو ڕووداوەوە، سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، لێکۆڵینەوەکان ئەنجامی باشی بەدەستهێناوە، بەو پێیە هاوژینەکەی تۆمەتبارە و بەڵام ڕەتیدەکاتەوە، ئەمڕۆش دادوەر خۆی چووەتە لای ئەو ژنە و ئیفادەی لێ وەرگرتووە.

ش. ئـ

Comments are closed.