بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکەی “شادی” ماوەی شەش ساڵە ژوورەکەی کردووە بە کتێبخانە

سەنگەسەر

دانیشتووی شارەدێی سەنگەسەرە و ماوەی شەش ساڵە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کاری کتێب فرۆشی دەکات و وەک خۆشی دەڵێت، ئامانجم ئەوەیە کتێبخانەیەکی گەورە بکەمەوە و دەرفەتی کار بۆ چەندین ژن بڕەخسێنم.

شادی حەسەن تەمەنی ٣٠ ساڵە و خەڵکی شارەدێی سەنگەسەرە لە ئیدارەی ڕاپەڕین، لە ساڵی ٢٠٢٠ بەشی پەروەردە و دەرونزانی لە کۆلێژی قەڵادزێ

شادی حەسەن
شادی حەسەن

تەواوکردووە و لە دوای بێهیوابوونی لە دامەزراندن و ویستێکی زۆری بۆ کارکردن و ئابووری سەربەخۆ هەبووە و ماوەی شەش ساڵە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کاری کتێب فرۆشی دەکات وەک خۆشی دەڵێت، توانیویەتی خۆی لە ناو ئەو ئیشەدا بدۆزێتەوە و زۆر چێژی لێدەبینێت.

لەگەڵ بچوکی سەنگەسەر و داخراوی ئەو ناوچەیە هەر لە قۆناغەکانی زانکۆوە و بەهۆی خولیای زۆری بۆ خوێندنەوە و کارکردن، شادی بیر لەوە دەکاتەوە، کە وەک ژنێک بتوانێت لە ڕێگای کتێب فرۆشیەوە دەرفەتی کارکردن بۆخۆی بڕەخسێنێت و ببێت بە هاوکارێکی باشیش بۆ خوێندکاران لە ڕووی دابیبکردنی کتێبەوە.

هەر بۆیە زوو برەو بە فکرەکەی دەدات و لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەست بەکارکردن دەکات، لەگەڵ تێپەڕبوون بە ماڵەکەیدا کتێبخانەیەک لایەکی لە ژوورەکەی شادی داگیرکردووە و هەبوونی سەدان کتێبی جۆراوجۆر سەرنجت ڕادەکێشیت.

شادی وەک خۆی باسی دەکات، دانەمەزراندن و بچوکی شوێنەکەی وای نەکردووە دەستبەرداری ئامانج و خەونەکانی بێت، لە ئێستادا کە هیچ دەرفەتێکی کارکردن لەلایەن حکومەتەوە ناڕەخسێنرێت پێویستە گەنجان و بەتایبەتیش ژنان خۆیان هەوڵبدەن و تواناکانیان دەربخەن.

سەبارەت بە کارەکەی شادی وتی: شێوازی کارکردنی من لە  ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوەیە، یانیش بەهۆی ناسروایم بە کتێب فرۆش زۆر جار لە دەرەوە داوای کتێبم لێدەکرێت و بۆیان دەبەم یاخود خۆیان دێنە ماڵەوە و کتێبی دڵخوازی خۆیان دەبەن.

شادی دەشڵیت: ئەو کتێبانەی کە زۆرترین خواستیان لەسەرە کتێبەکانی دەرونزانی، پەروەردەیی، کتێبە مەنهەجییەکان کە زۆر جار مامۆستا و دکتۆرانی زانکۆش داوای دەکەن، هەروەها ڕۆمان و کتێبە فکری و ئاینییەکانن.

لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، ڕاستە لە ئێستدا کتێبخانەیەکی بچوکم هەیە و لە ماڵەوەیە، بەڵام ئامانجم ئەوەیە و لە پلانمدایە لە داهاتوودا بتوانم کتێبخانەکەم گەورە بکەم و بیبەمە دەرەوە، چونکە کتێب یەکێکە لە بابەتە گرنگەکان کە فەرامۆشکراوە وە نەبوونی کتێبخانە بەتایبەتی لە شارە بچوکەکاندا کە سەنگەسەریش یەکێکە لەوانە زیاتر هۆکارە بۆ ئەوەی کە هەوڵەکانم زیاتر بکەم لە داهاتوودا بۆ کردنەوەی کتێبخانەیەک.

هەروەها سەبارەت بە ئامانجەکەی وتیشی: دەمەوێت کە ستاف و کارمەندانی ناو کتێبخانەکەم بەتەواوی ژنبن، چونکە هەم چێژ بەخشترە کە دەستی ژنێک دەگریت و هەلی کاری بۆ دەرەخسێنیت هەمیش مامەڵە و کارکردن لەگەڵ ژناندا باشتر و ئاسانترە.

لە پاڵ کارکەیدا شادی خوێنەرێکی باشە و و باس لەوەشدەکات،  کاردەکات لەسەر نووسینی کتێبێک، هەروەها خولیای فێربوونی چەندین ئامێری مۆسیاقای هەیە و لە ئێستاشدا هەوڵدەدات بۆ فيربوونی گیتار و کەمانچە.

شادی لە کۆتایی قسەکانیشیدا باسی لەوەکرد، لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا و بەتایبەت لەلای گەنجان بیرۆکە و فکری زۆر جوان هەیە، بەڵام نەبوونی هیچ پاڵپشتیوو هاوکارییەک ناچارتدەکات تەنها پشت بەخۆت ببەستی، منیش تا ئێستا هیچ لایەن و کەسێک پشتگیری نەکردوم و تەنها بۆخۆم هەوڵمداوە پشت بەخوا هەر بە هەوڵی خۆشم بە ئاماجەکانم دەگەم.

ش. ئـ

Comments are closed.