لە پانێڵێکدا بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە وتوێژی لەسەر کرا

سلێمانی

لە پانێڵێکدا سەرنج خرایەسەر، پیسبوونی هەوا و داگیرکارییەکانی پڕۆژە نیشتەجێبوونەکانی سلێمانی و هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و ڕاگەیاندرا، پیسبوونی هەوا هۆکاری جەندین نەخۆشی ترسناکە، هەروەها ئاماژە بەوەشدرا، لە ئێستادا ژینگەی کوردستان بە هۆی بەکاهێنانی چەکی کیمیاییەوە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە بەردەم هەڕەشەدا.

ئەمڕۆ، لە ڕێکخراوی ئازادبوون لە شاری سلێمانی، گرووپی گۆیژە بپارێزە، پانێڵێکی لە بارەی دەستکارییکردنی نەخشەنیگاریی، جیۆلۆجیی و تێکدانی ژینگەی سلێمانی ئەنجامدا.

پانێڵەکە بۆ هەریک لە یەریڤان شاسوار، توێژەری بواری کوالێتی هەوا، دکتۆر فازل لاوە، پڕۆفیسۆر لە بەشی جیۆلۆجیی زانکۆی سلێمانی و یاسین ئافتاو، پسپۆڕی کۆمەڵناسیی ڕێکخرا.

یەریڤان شاسوار توێژەری بواری کوالێتی هەوا، لە بارەی پیسبوونی هەوای شارەکان وتی: بە داخەوەین گەیشتووین بە ئاستێک، خەڵک هیوای نەمانی دەسەڵاتی کوردی دەخوازێت، دەسەڵاتێکمان هەیە هەموو خەمی کۆکردنەوەی سەرمایەیە نەک خەمی شار، هەوای پیسی سلێمانی، هەموو ستانداردەکانی تێپەڕکردووە.

ئاماژەی بەوەشدا، زیاتر لە ٥٠٠ مۆلیدە کارەبا دابین دەکات بۆ گەڕەکەکان، زیاتر لە ٨٠٠ مۆلیدەی دیکەی کارگە و هۆتێل و مۆتێلەکان بوونی هەیە، کە بوونە بە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی لە بیرچوونەوە و دڵ و منداڵی نابەکام و ئۆتیزم، پێویستە کار بۆ پاراستنی ژینگە بکەین، بە پێی ستانداردە جیهانییەکان، بۆ هەر مرۆڤێک، نۆ مەتر دووجا سەوزای پێویستە، لە شاری سلێمانی بۆ هەر مرۆڤێک تەنیا سێ مەتر سێجا سەوزایی هەیە.

هەروەها، دکتۆر فازڵ لاوە لە بارەی کاریگەرییە ژینگەیی و کۆمەڵایەتیی و مەترسییە جیۆلۆجییەکان لەسەر شاری سلێمانی و دەوروبەری وتی: یەکێک لە جوانییەکانی ئەم شارە، کە شارەکانی دیکەی جیا دەکاتەوە چیاکانێتی، کە دەکرێت لە یونسکۆ تۆمار بکرێت، ئەزمڕ لە چوار چیا پێک هاتووە، کە دەستکارییکردنیان دەبێتە هۆی خلیسکاندنی بەردەکان و تێکدانی باڵانسی ناوچەکە، بۆ هەر پڕۆژەیەک کە دروست دەکرێت دەبێت ڕەچاوی پێوەری بوومەلەرزەی نوێ بکرێت، دەبێت ئەو پڕۆژەیەی گۆیژە ڕابگیرێت و بکرێت بە پارک، چوونکە ئەزمڕ و گۆیژە سنگ و سییەکانی هەناسەی سلێمانین.

لە بەشێکی دیکەی پانێڵەکەدا، یاسین ئافتاو، پسپۆڕی کۆمەڵناسی لەسەر دروستکردنی پڕۆژە نیشتەجێبوونەکان وتی: لەبەر ئەوەی ئەو پڕۆژانە لە بێ ئاگاییەکی قووڵەوە دروست دەکرێن دەکرا لە ڕێگەی کاولکاریی ژینگەوە هانا بۆ پارە پەیاکردن نەبەن، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ئەم پڕۆژانە تۆخکردنەوەی زۆری چینایەتی ناو کۆمەڵگەیە، کە دەبێتە ڕق لە ناو چینەکانی کۆمەڵگە، ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات لە سلێمانی، گەشەی شێرپەنجەییە.

لە کۆتایی پانێلەکەدا بەشداربووان ڕاوبۆچوون و سەرنجەکانیان خستە ڕوو، بۆ پانێلیستەکان، هاوکات باسیان لەوەکرد کە لە ئێستا ژینگەی سەرانسەری کوردستان لە ژێر هەڕەشەی داگیرکاریی و بۆردوومان چەکی قەدەغەکراوی کیمیاییدایە، لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکە.

ب. جـ

Comments are closed.