پشکنینی بۆماوەیی هیمۆکرۆماتۆسس چییە و پێویستە لە چى کاتێکدا ئەنجام بدریت؟

ناوەندى هەواڵەکان

نەخۆشخانەى سمارت بڵاوى کردەوە، لەکاتی (بەرزبوونی بڕی ئاسن لەخوێندا، هەبوونی نیشانەکان یاخود بوونی ئەم نەخۆشییە لە خێزاندا) پێویستە پشکنینی بۆماوەیی هیمۆکڕۆماتۆسس (HFE) ئەنجام بدرێت.

نەخۆشخانەى سمارت لەبارەى پشکنینی بۆماوەیی هیمۆکرۆماتۆسس ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە، کە دەقەکەى بەمجۆرەیە:-

ماددەی ئاسن یەکێکە لەو ماددانەی، کە گرنگییەکی زۆری هەیە لە جەستەى مرۆڤدا، بەتایبەت لە درووستکردنی خرۆکە سوورەکانی خوێن و گواستنەوەی ئۆکسجین بۆ سەرجەم خانەکانی جەستە.

بری ئەم ماددەیە لە جەستەى کەسانی ئاساییدا دیاریکراو و ڕێکخراوە، بەڵام لە هەندێ ‌حاڵەتدا بڕی ئەم ماددەیە بەرز دەبێتەوە و مەترسی و کێشەی گەورەی تەندروستی بۆ کەسی توشبوو درووست دەکات.

گرنگترین ‌‌‌‌‌‌‌هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بڕی ئاسن بریتییە لە نەخۆشیی بۆماوەیی هیمۆکرۆماتۆسس، کە ڕوودەدات بەهۆی گۆڕانکاری و ناتەواوی لە جینی (HFE) کە بەرپرسە لە ڕێکخستنی ڕێژەی ئاسن لە جەستەدا، ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵمژینی بڕێکی زۆر لە ئاسن و پاشان کەڵەکەبوونی لە ئەندامەکانی وەک دڵ و جگەر، پەنکریاس، گورچیلەکان و جومگەکان وە لەکارخستنیان.

نیشانەکانی زیاتر بەدەردەکەون لە پیاوان لەپاش تەمەنی ٤٠ ساڵی و لە ژنان لە پاش تەمەنی نائومێدی، کە بریتین لە:-

یەکەم- ئازاری جومگەکان.

دووەم- ئازاری ناوسک.

سێیەم- بێهێزی و شەکەتی.

چوارەم- گۆڕانی ڕەنگی پێست بۆ بڕۆنزی.

لە حاڵەتی چارەسەرنەکردندا دەبێتە هۆی:-

یەکەم- توشبوون بە شەکرە بەهۆی زیانگەیاندن بە خانەکانی پەنکریاس.

دووەم- تێکچونی لێدانەکانی دڵ و پەککەوتنی دڵ.

سێیەم- توشبوون بە بەڕیشاڵبوونی جگەر و شێرپەنجەی جگەر.

چوارەم- نەزۆکی.

پێنجەم- هەوکردنی جومگەکان.

لە چى کاتێکدا پێویستە پشکنینی بۆماوەیی هیمۆکڕۆماتۆسس ئەنجام بدرێت؟

لەکاتی (بەرزبونی بڕی ئاسن لەخوێندا، هەبوونی نیشانەکان یاخود بوونی ئەم نەخۆشییە لە خێزاندا) پێویستە پشکنینی بۆماوەیی هیمۆکڕۆماتۆسس (HFE) ئەنجام بدرێت.

ئ.م

Comments are closed.