١٢ ساڵە ڕێکخراوێک خزمەتی ژینگە و ژنان دەکات

هەرێم قادر

ماوەی ١٢ ساڵە ڕێکخراوێکی ناحکومی، کە لەلایەن ژنێکەوە بەڕێوەدەبرێت، خزمەت بە ژینگە و مافەکانی ژنان دەکات لە ھەڵەبجە و ھەورامان و شارەزوور، بەردەوام ھەڵمەت و پەیامی هۆشیارییان ھەیە.

ڕێکخراوی نوێ نووسینگەی سەرەکی دەکەوێتە گەڕەکی شارەوانی لە پارێزگای ھەڵەبجە، ١٧ کارمەندی ھەیە و زۆربەیان ژنن، لە بواری خزمەتکردن بە ژینگە و پارێزگاریکردن لە مافەکانی ژناندا کار دەکەن، ساڵانە و بەردەوام لە ڕێوڕەسم و یادە تایبەتەکانی ژینگە و ژنان چالاکیی تایبەتیان هەیە و جێگەدەستیان دیارە لە شارەکەدا.

ھێرۆ وەکیل
ھێرۆ وەکیل

ھێرۆ وەکیل سەرۆکی ڕێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنان بە ڕۆژنیوزی وت: وەک ڕێکخراوی نوێ لە ساڵی ٢٠٠٤ سەنتەرێکی ژنانمان ھەبوو، بەو جۆرە دەستمان بە کارکردن کرد ، دواتر لە ٢٠٠٥ ڕادێوی دەنگی نوێشمان کردەوە، لە ساڵی ٢٠١٢ بە فەرمیی ڕێکخراوی نوێمان تۆمارکرد لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە ھەولێر، لە ئێستادا لە بواری ژینگە و میدیا و ژناندا کار دەکەین، ھەریەکە لەو بەشانە بەڕێوەبەر و ستافی تایبەت بەخۆی ھەیە.

وتیشی: نووسینگەی سەرەکی ڕێکخراوەکە لە ھەڵەبجەیە، چالاکیەکانیشمان زیاتر لە ھەڵەبجە و ھەورامان و شارەزوردایە، زۆربەی کارمەندەکانیشمان ژنن، کە لێرە کار دەکەن، ئەوەش بۆ ئەوەیە دەرفەت بە ژنان بدرێت بێنە ناو کارەکەوە، ببن بەخاوەن ئابوورییەکی سەربەخۆی تایبەت بەخۆیان.

سەرۆکی ڕێکخراوی نوێ باسی لەوەشکرد، سەرەتای کارکردنی ھەر کارێک قورسە و ئاسان نییە، بۆ ئێمەش بەهەمان شێوە قورسبووە بچینە ناو ھاوڵاتیانەوە، بەتایبەت کاتێک ڕێکخراوەکەمان بۆ بڵاوکردنەوەی ھۆشیارییە لە بواری ژنان و ژینگەدا، ھاوڵاتیان بەپێی پێویست نەدەھاتن بەدەم داواکارییەکانی ئێمەوە بەشدارییان نەدەکرد، بەڵام لە ئێستادا تاڕادەیەک ئاستەنگەکان کەمتربوونەتەوە دەتوانین بە ئاسانی پڕۆژەکانمان جێبەجێ بکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ڕادیۆی دەنگی نوێ-ش ئامڕازێکی کاریگەربووە بۆ ئەوەی ئەو پەیامانەی هەیانە بیگەیەنن بە ھاوڵاتیان.

هەروەها، غەمین کاکە وەھاب ماوەی چوار ساڵە کارمەندە لە ڕێکخراوی نوێ بە ڕۆژنیوزی وت: ماوەی چوار ساڵە لە ڕێکخراوی نوێ کار دەکەم لە پرۆژەی

غەمین کاکە وەھاب
غەمین کاکە وەھاب

ژینگەپارێزی، بە درووست کردنی تورەکەی خام و دابەشکردنێتی بەسەر ھاوڵاتیاندا، بۆ ئەوەی هۆشیارییان ھەبێت لە بەکارھێنانی تورکە و دورکەوتنەوەیان لە نایلۆن.

غەمگین وتیشی: لە کاتژمێر ٨ـی بەیانیەوە تا کاتژمێر ١٢:٠٠ـی نیوەڕۆ کاردەکەم، زۆر دڵخۆشم لە کارەکەمدا بەھۆی ئەوەی خزمەتی ژینگەی پێدەکەم، جگە لەوەش خولی دروومان دەکەینەوە بۆ ژنانی گوندەکەکان، بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن کارێکیان بۆ خۆیان ھەبێت، ھەموومان وەک یەک خێزان پێکەوە لێرەدا خزمەت دەکەین.

ش. ئـ

Comments are closed.