دڵنیایی دەدرێت لەوەی هیچ نەخۆشییەکی مەترسیداری منداڵان لە ئارادا نییە

سلێمانی

لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بەڕێوەبەری نەخۆشنخانەی منداڵانى سلێمانى، دڵنیایی دا لەوەی هیچ نەخۆشییەکی مەترسیدار لە ئارادا نییە، ئەوەی هەیە نەخۆشیی وەرزییە و بگرە بەروارد بە ساڵانی ڕابردوو ئەم ساڵ نەخۆشیان کەمترە.

ئەمڕۆ، دکتۆر کۆیان زاهیر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی “دکتۆر جەمال ئەحمەد ڕەشید” تایبەت بە منداڵان، هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە، کە نەخۆشییەکی مەترسیدار لە ئارادابێت بۆ منداڵان، دڵنیایدا کە هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە، بۆ بڵاوبوونەوەی هەر نەخۆشییەک، هاوکات ڕێنمایی هاوڵاتییان دەکات خۆیان لە خواردنی دەرەوە و گەرمکردنەوەی دووبارە بپارێزن و سەوزە جوان بشۆنەوە، بۆ ئەوەی دووربن لە نەخۆشیی.

دکتۆر کۆیان زاهیر لە بارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی وتی: بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی سکچوون و ڕشانەوە نوێ نییە، ساڵانە کە بەرەو وەرزی گەرما دەڕۆین نەخۆشیی ڕشانەو و سکچوون، لە سلێمانی و هەرێمی کوردستان و عێراقیش بڵاو دەبێتەوە، زۆر ئاساییە، لە وەرزی زستانیشدا بە هەمان شێوە کۆکە و هەڵامەت بە ڕێژەیەک زیاد دەکات، ئەوەی ئێستاش هەیە، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، زیادی نەکردووە.

دکتۆر کۆیان زاهیر ئاماژەی بەوەشدا، بۆ هەر نەخۆشێک کە دێتە لای ئێمە پشکنینی کۆلێرای بۆ ئەنجام دەدەین، هەتا ئێستاش هیچ نەخۆشێکی کۆلێرامان نەبووە، داواکارین خەڵک و ڕاگەیاندکاران بە بەرپرسیارانەوە مامەڵە بکەن، خۆمان بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە کردووە، لەوانەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەم ڕێژەیە زیادیش بکات.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو نەخۆشانە ئێستا لە نەخۆشخانەکەن زۆربەیان ڤایرۆسیین و وتی: هەتا ئێستا هیچ سەرچاوەیەکمان نەدۆزیوەتەوە ئاوی شوێنێک پیس بووبێت، ئەگەر شتێکی وا هەبێت بەشی خۆپاراستنی تەندرووستیی ئاگادار دەکەینەوە.

ڕێنمایی هاوڵاتییانی کرد و وتی: لە وەرزی گەرمادا خۆیان بپارێزن، لە خواردنەگەکانی دەرەوە، هەروەها لە شوێنی مەلەکردن کە لێی دڵنیا نەبن، دەستشۆردن و جوان شۆردنەوەی سەوزەکان زۆر گرنگە، خواردن بە پێی پێویست لێ بنێن و خواردنی ژەمێکی پێشوو گەرم نەکرێتەوە، چوونکە بەڕاستی یەکێکە لە هۆکارەکانی بڵاو بوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکان.

لە کۆتاییشدا ئاماری مانگی ڕابردوو و ١٠ ڕۆژی ئەم مانگەی ئاشکرا کردو و ڕایگەیاند، لە ١ تا ١٠ـی حوزەیران، ٦٤١ نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکەی کردووە، لەو ژمارەیەش تەنها ١٥٠ نەخۆشیان سکچوون و ڕشانەوەیان بووە، هەروەها لە مانگی ئایاردا دوو هەزار و ٤٧٢ نەخۆش سەردانی کردووە، کە تەنها ٦٧٤یان نەخۆشی سکچوون و ڕشانەوەیان بووە، دووپاتی کردەوە بەروارد بە ساڵانی ڕابردوو، ڕێژەی تووشبوون بە سکچوون و ڕشانەوە کەمترە.

ش. ئـ

Comments are closed.