پێنج کەس بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لە هەولێر بوونە قوربانی

ناوەندی هەواڵەکان

دوانیوڕۆی ئەمڕۆ لە گەڕەکی هەولێری نوێ لە شاری هەولێر بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە دوو کەس کوژران و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی ئەو زانیاریانەى ڕۆژنیوز لە پۆلیسی هەولێر دەستیکەوتووە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەڕەکی هەولێری نوێی شاری هەولێر ژمارەیەک هاوڵاتیی لەنێوانیاندا شەڕ دروست بووە و تا ئێستا دوو کەس کوژراون و  چوار کەسی دیکەش بریندارن.

ئەو سەرچاوەیەی پۆلیسی هەولێر ئاماژەى بەوەشکرد، شەڕەکە لەسەر زەوی و زار بووە و دوو کەس بووەتە شەڕیان و دواتر شەڕەکە فراوان بووە.

 هەروەها باسی لەوەشکرد، هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی شەڕەکە، بەڵام تا هێزەکان گەیشتوون ئەو قوربانیانەى لێکەوتووەتەوە .

ئەوەشی ڕوونکردەوە، تەرمەکان ڕەوانەى پزیشکی دادوەری کراون و بریندارەکانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژهەڵاتی شارەکە و هێزێکی زۆری ئەمنیش لە بەردەم نەخۆشخانەکە جێگیرکراوە.

بەوتەى ئەو سەرچاوەیەی پۆلیسی هەولێر، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستیپێکردوە و هێزی پۆلیس و ئاسایش لە شوێنی شەڕەکە جێگیر کراون تا ئەو شەڕە سەرهەڵنەداتەوە.

Comments are closed.