دوو ژنى کورد بۆ پەرلەمانى ئەوروپا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا

ناوەندی هەواڵەکان

دوو ژنى کورد لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى ئەوروپا لە ئەڵمانیا و سوید بۆ جارى دووەم سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و هەردوو ژنە سەرکەوتووەکەش خەڵکی باکووری کوردستانن و لەناو پارتەکانیشیاندا پلەى سیێیەمی دەنگەکانیان بەدەست هێناوە.

ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا لە ٢٧ وڵاتى ئەندام لە یەکێتییەکە بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکە، پارت و لایەنە چەپڕەوەکان ٢٢٣ کورسییان بەدەستهێنا و ڕاستڕەوەکانیش ٣١٩ کورسییان بەدەستهێناوە.

بۆ ئەو هەڵبژاردنە ژمارەیەک پەنابەری کورد خۆیان کاندید کردبوو، بە گوێرەى ئەنجامە بەراییەکانیش دوو ژنى کورد سەرکەوتنیان بۆ پەرلەمانى ئەوروپا مسۆگەر کردو پێشبینی ئەوە دەکرێت لە جیاکردنەوەى کۆتایی دەنگەکانیش کاندیدی دیکەى کورد دەربچن.

بەپێی ئەنجامەکان هەریەکە لە ئۆزلەم دەمیرەڵ و ئەڤین ئینجیرى بۆ پەرلەمانى ئەوروپا سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە و گەشاو بیابانیش نزیکە لە دەرچوون.

ئۆزلەم دەمیرەڵ یەکێک بوو لە ژنە کاندیدەکان و لەسەر لیستى پارتى چەپى ئەڵمانیا خۆی کاندید کردبوو لە هەڵبژاردنى ئەمجارەدا سەرکەوتنى بەدەستهێنایەوە.

ئۆزلەم تەمەنى ٤٠ ساڵە و خەڵکى شارى مەڵەتى باکوورى کوردستانە و لە خولى پیشووش بۆ ماوەى پێنج ساڵ ئەندامى پەرلەمانى ئەوروپا بوو.

هەروەها ئەڤین ئینجیرى تەمەن ٤٠ ساڵ کە خەڵکى شارى ئامەدى باکوورى کوردستانە و لەسەر لیستى پارتى سۆسیال دیموکراتى سوید خۆی کاندید کردبوو، ئەویش سەرکەوتنى بەدەستهێنا.

هەردوو کاندیدە سەرکەوتووەکەش پلەى سێیەمیان لەسەر ئاستى کاندیدەکانى پارتەکانیان بەدەستهێناوە.

یەکێکی دیکە لە ژنە کوردەکان کە کاندید بوو، گەشاو بیبانى بوو  کە خەڵکى شاری کەرکووکی باشووری کوردستانە و ، لەسەر لیستى پارتى چەپى سوید خۆى کاندید کردبوو، پلەى چوارەمى لەسەر ئاستى پارتەکەى بەدەستهێناوە.

ئەگەرچی ژمارەى دەنگەکانى نزیکبووەتەوە لە دەرچوون، بەڵام تا ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە کە دەنگەکانى دەگاتە ئەوەی بگاتە پەرلەمان یان نا.

پەرلەمانی ئەوروپا، لە ساڵی ١٩٥٢ دامەزراوە و یەکەم پڕۆسەی هەڵبژاردنی گشتیی لە ساڵی ١٩٧٩ ئەنجامدرا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا، هەر پێنج ساڵ جارێک لە ٢٧ وڵاتی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت و ٧٢٠ ئەندام بە دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵکی ئەوروپا دەچنە پەرلەمان، لە نوێنەرایەتی نزیکەی ٤٥٠ ملیۆن هاوڵاتیی ئەوروپی دەکەن.

هـ.ح

Comments are closed.