نزیكەی ٢٥٠ هەزار خێزانی ڕۆژئاوای كوردستان بێناسنامەن و کێشەی یاساییان هەیە

سلێمانی

سەرۆكی ئەنجوومەنی پەنابەرانی ڕۆژئاوا لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، تا ئێستا نزیكەی ٢٥٠ هەزار خێزانی ڕۆژئاوای كوردستان بێ ناسنامەن، لە سووریا و هەرێمی كوردستانیش لە كاتی بەڕێكردنی كاروبارە یاساییەكانییان ڕووبەڕووی چەندین كێشە دەبنەوە.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پەنابەرانی كوردانی ڕۆژئاوای کوردستان لە شاری سلێمانی  بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر ڕەوشی یاسایی و مانەوەیان لە هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و سەرۆكی ئەنجوومەنەكە وتارێكی پێشكەش كرد.

هۆزان عەفرینی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پەنابەرانی ڕۆژئاوا لە باشووری كوردستان ڕایگەیاند، حكومەتی عێراقیی كوردانی ڕۆژئاوا وەک پەنابەر قبوڵ ناكات، تا ئێستا كوردانی ڕۆژئاوا وەک ئاوارە هەژمار دەكرێن.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە عێراق و هەرێم و جیهان نزیكەی ٢٥٠ هەزار خێزانی ڕۆژئاوای کوردستان هەن، كە بەبێ ناسنامە ناسێنراون، لەو ژمارەیەش نزیكەی ٢٥٠ خێزانیان لە هەرێمی كورستان نیشتەجێن.

ئەوەشی خستەروو، بەشی زۆری ئەو پەنابەرانە بەهۆی نەبوونی ناسنامە، مافی خوێندنییان نەبووە، یاخود ئەگەر خوێندنشیان تەواو كردبێت دانەمەزراون، بۆیە بە ناچاری بەشی زۆریان خەریكی كرێكارین و دەڵێن: ترسمان هەیە منداڵەكانیشمان هەمان چارەنووسی ئێمەیان هەبێت.

ئەنجوومەنی پەنابەرانی كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان لە كۆتایدا داوا دەكەن، بە پێدانی ناسنامە كێشەكانیان چارەسەر بكرێت.

جێگەی ئاماژەیە، پاش داگیرکردنی عەفرین و سەرێکانی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، بەشێكی زۆری هاوڵاتییانی ڕۆژئاواری كوردستان و سووریا ناچاری کۆچبەری بوون و خاکی خۆیان بەجێهێشت، بەشێكیان ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد، بەڵام تا ئێستا بەدەست چەندین كێشەوە دەناڵێنن، یەكێک لەوانە نەبوونی ناسنامەیە.

هـ.ئ

Comments are closed.