ژنان: دەبێت بەردەوامبین تا دەگەینە ئەوەی کۆمەڵگە بەتەواوی بە ڕووماندا کراوەبێت

ڕانیە

ژنان ڕایدەگەیەنن، پێوسیتە ئیتر ژنان نەترسن تواناکانی خۆیان پیشانبدەن تا دەگەنە ئەو ئامانجەی کە هەیانە، ئەویش کرانەوەی کۆمەڵگایە بە ڕوویاندا بۆ پیشاندانی تواناکانیان و دەشڵێن: گرنگە ژنان بێنە ناو دنیای کارەوە، چونکە ژنان لە ڕووی بەڕێوەبردنەوە؛ بەرێوەبردنێکی باشتر دەکەن.

تێکۆشانی ژنان لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان و ئازادیدا سەدان ساڵە بەردەوامە، لە ئێستادا تائاستێک ئامانجەکان بەدەستهاتوون، بەڵام هێشتاش لە چاو پێویستیدا نییە و ڕێگری و بەربەستەکان لە بەردەم کارکردن و پیشاندانی تواناکانی ژناندا زۆرە و ژنانیش داوای یەگرتنی زیاتری ژن دەکەن بۆ پێشکەش کردنی باشترینەکان بە کۆمەڵگا وە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئاستەنگ و ڕێگریەک.

سەبارەت بە کارکردن، ڕیگریەکانی بەردەمیان و هەوڵ و تواناکانیان، ژنانی شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

ئەژین ئسماعیل
ئەژین ئسماعیل

 

ئەژین ئسماعیل سەبارەت بەو بابەت وتی: بێگومان کۆمەڵگەی ئێمە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارییە، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە وردە وردە خەریکە کرانەوەیەک لەناو خێزانەکاندا دروست دەبێت و بەوەش ئێمە وەکو ژنان دەتوانین زیاتر پەرە بەکارەکانمان بدەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ئیتر ژنان بێنە دەرەوە و هەرچی بەهرە و توانایەک کە هەیانە دەریبخەن و نەترسن، چونکە ئەگەر ترس لە ناخی هەر ژنێکدا هەبێت ئیتر دەپوکێتەوە و ئەو توانایەی کە هەیەتی دەمرێت، بۆیە پێویستە ژنان ئیتر تواناکانیان پیشانبدەن و لە هیج شتێک نەترسن.

ئەژین وتیشی: ئەگەر لە شتێکدا شکستسمان هێنا نابێت بە مانای ئەوەبێت ئیتر دەستبەرداربین و وازبێنین، بەڵکو دەبێت بەردەوامبین تا دەگینە ئەو ئامانجەی کە هەمانە، ئەو ئامانجەی کە ئێمەی ژنانیش هەمانە ئەوەیە کە کۆمەڵگا بەتەواوی کراوەبێت بەڕووی ئێمەی ژندا، بۆ ئەوەی بتوانین هەموو ئەو بەهەر و هوونەرەی کە پێمانە پیشانی بەدەین.

بینای بورهان
بینای بورهان

هەروەها بینای بورهان سەبارەت بە هەمان بابەت وتی: بە دڵنیایەوە ئەگەر ژنێک لەسەر پێی خۆی بووەستێت زۆر باشترە لەوەی پێوستی بە کەسانی چواردەوری بێت، ڕاستە ڕەنگە خوێندنیش تەوابکەیت و لە هیچ شوێنێک دانەمزرێیت، بەڵام دەبێت خۆمان هەوڵبدەین کارێکی تایبەتی خۆمان ئەنجامبدەین.

بینای باسی لەوەکرد، زۆر گرنگە ژنان بێنە ناو دنیای کارەوە، چونکە ژن لە ڕووی بەڕێوەبردنەوە بەرێوەبردنێکی باشتر دەکەن و وردەکاری خانم زۆر زیاترە لە پیاو، هەر بۆیەشە پێویستە ژنان خۆیان یەکگرتووبن بۆ ئەوەی بتوانن شتی زۆر باش پێشکەشی کۆمەڵگا بکەن.

لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: هەرچەندە کە کۆمەڵگاکەمان داخراوە بەڕووی ژناندا بۆ هەندێک کار، ڕەنگە زۆرجار ڕووبەڕووی ڕەخنە و ڕێگری ببنەوە، بەڵام پێوستە گوێ بەقسەی هیچ کەسنەدەن و لە ماڵەوە دانەنیشن و قەتیس ببن، بەڵکو بێنە دەرەوە و کاری سەربەخۆ بکەن و نەوەستن و بەردەوامبن.

ش. ئـ

Comments are closed.