“گومان لە ئاگرەکەی هەولێر!”

غازی فەیسەڵ

دوو گومان لە ئاگر کەوتنەوەکانی هەولێر دەکرێت و گومانی تریش هەن، کە لە کۆتاییدا ئاشکرا دەبن.

یەکەم: هەرێمی کوردستان بە گشتیی و هەولێر بە تایبەت پڕبووە لە جاسوس و دزی وڵاتان و بە تایبەت دوژمنان و بە تایبەت تر لایەنگرانی ئەردۆغان و پاشماوەکانی (داعش) کە زۆربەیان بە ناوی کۆمپانیا و ئاوارەیی و بیانووی ترەوە لە هەولێر نەک داڵدەدراون، بەڵکو هاوڵاتی پلەیەکی هەولێریشن خەریکە ئەوان خاوەن ماڵ و ئێمەیش هاوڵاتی پلە سێ دەرچین ! بۆیە گومانی یەکەممان ئەو دژە کوردانەن کە بە دەستی ئەنقەست ئاگر بەردەدەنە کوردستان هەمووشمان دەزانین ئاگرەکان سرووشتی نین.

دووەم: بەشەکەی تری نەزانی و ئیدارەنەدانی برایانی پارتییە زۆربەی کارگە و کۆمپانیا و مۆڵ و شوێنە گشتییەکان بەدەست لێپرسراوەکانیانەوەیە، زۆربەشی بێ مەرج و ڕێکاری یاساییە، ببینن لە فەرمانگە حکومییەکانی هەولێر ئەوانەی ڕۆژانە باج و ڕسومات و پارەی وەسل و ئاو و کارەبای لێ وەردەگیرێت تەنها چینە هەژارەکەیە کە هەموو ڕێکارە یاساییەکانی بە زیادەوە لەسەر فەڕز کراوە بە تایبەت ئەوەی پارە وەرگرتن بێت، وا خۆیان بە ئاشکرا و لەسەر میدیاکانی خۆشیان دەڵێن گەورەترین کۆمپانیا و کارگەی سوتەمەنیمان بێ مۆڵەتە و چەندین ساڵە ڕێگە پێدراونییە!! کەسیش نازانێت داهاتی مانگانەیان بۆ گیرفانی کێیە؟ لەگەڵ ئەوەشدا کەسی شیاو لەشوێنی شیاو دانانێن.

بۆ نمونە مامۆستای قوتابخانە هەیە شارەزا لە بوارەکەی دڵسۆز بۆ وڵاتەکەی و پیشەکەی خەمخۆر بۆ قوتابیان هەموو مەرجە یاساییەکانی بوون بە بەڕێوەبەری قوتابخانەشی تێدایە چونکە یەکێتیە و پارتی نییە نایکەنە بەڕێوەبەری قوتابخانە! بەڕێوەبەری قوتابخانەش ئەرکە نەک ئیمتیاز، دەچن حزبییەکی ناشارەزا لە خوێندن و بەڕێوەبردن ناهەموار لەگەڵ قوتابی و مامۆستا فەڕز دەکەنە سەر قوتابخانەکە و دەیسەپێنن، دەیان مامۆستای ڕۆشنبیر و ڕۆشنفکری قوتابخانەکەش سارد دەکەنەوە و کاریگەریی سلبی لەسەر بناغەی فکری کۆمەڵگەش دروست دەکات!

لە زۆنی زەرددا هەرچی بەڕێوەبەرێک و کاربەدەستێک لە هەر بوارێک و لە هەر فەرمانگەیەک و شوێنێک پارتی دایبنێت لە جیاتی هەموو مەرجە یاسایی و نیشتیمانی و پیشەییەکاندا تەنها مەرجی پارتی پارتی بوونیەتی تۆ، کە پارتی بووی هەموو مەرجە یاساییەکانت تێدایە!! یەکسەر پلە و پۆست و مەسئولیاتێکی گەورەیان پێ دەدەن و دەبێتە ئەرک لەسەر فەرمانگەکەی و هاوڵاتییانی هەولێر.

هەمووتان دەزانن تائێستا عەقلیەتی پارتی لە هەولێر لەناو فایلێکی زەرددا خۆی دەبینێتەوە! تۆ بڕۆ فەرمانگەیەک ئەگەر فایلەکەت سەوز کەسک یان ڕەنگێکی تر بێت مافی چوونەژوورەوەت نییە و ڕۆژانە دەبینن لە دەرگای فەرمانگەکانی حکومەت هاوڵاتی پڕی بن باڵی فایلی زەردە! دەبێ فایلەکەت( زەرد زەرد )بێت! بۆیە دەسەڵات و دەوڵەتداری لەدەست (ڕەنگە) نەک فکر و خەڵکی ئەکادیمی و خوێندەوار و شارەزا.

بۆیە حاڵی هەرێمی کوردستان بە گشتیی و لە سەردەمی کابینەی نۆ بە تایبەت لەوە باشتر نابێ و دەیان کێشەی نیشتیمانی وەک کێشەی (پەروەردە و ئاوەدان کردنەوەی گوندەکان و مادەی ١٤٠ و جوتیاران و دامەزراندنی گەنجان و مووچەی مووچەخۆران و کەرتی تەندروستی و ئاو و کارەبا و کرێنشینان و مافەکانی ژنان و منداڵان و گرتنی ڕەخنەگران و ڕۆژنامەنووسان و پشتگوێ خستنی هونەرمەندان و دەیان کێشەی تری سیاسیی و ئەمنیی و ئیداریی تر لە دەست پارتییە چونکە پارتی دەسەڵاتەکانی کابینەی نۆی قۆرغ کردووە و هەموو دەسەڵاتەکان لای پارتین.

تاکە چارەسەریش هەڵبژاردنێکی بەپەلە و ئازادانەیە لە عێراق و هەرێم، بەڵام لای پارتی چارەسەر فایلێکی زەردە نەک عەقلێکی ژیری ئیداریی و کوردانە لە هەرێمی کوردستان.

تێبینی: بەشێک لە ڕەخنەکان خۆشمان و حزبەکانی ناو دەسەڵات دەگرێتەوە لەگەڵ حزبە ئۆپزسیۆنەکانیش، چونکە بارودۆخی کوردستان پێویستی بە بڕیاڕی قوڕس و یەکلاکەرەوەیە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بارودۆخ و ژیانی خەڵک خراپتر دەبێت ناکرێت چیتر چاوەڕوانی کات بکرێت و ئەو بیخاتە ئەستۆی ئەو ئەویش بیخاتە ئەستۆی ئەویتر هەموومان لەو بارودۆخە بەرپرسیارین و کات لە بەرژەوەندی جەماوەردا نییە.

ئەم وتارە ڕاوبۆچوونی نووسەر خۆیەتی

ب. جـ

Comments are closed.