ڕۆژانە سەدان تۆن لۆبیای کۆیە دەخرێتە بازاڕەکانی هەرێمەوە

کۆیە

هەڵكەوتەی جوگرافی شارۆچكەی كۆیە بەهۆی تێپەڕ بوونی زێی بچووك بەدرێژایی زیاتر لە ٧٠ كیلۆمەتر بەسنووری سێ شارەدێی ناوچەكەدا، دەشتەکانى سنوورەکە ببنە ناویەچەکی بەپیتى بەرهەمهێنانى لۆبیا کە ئیستا رۆژانە سەدان تۆن ڕەوانەى بازاڕەکانى هەرێم دەکرێت،جووتیارانیش دەڵێت: حکومەت هیچ پشتیوانییەکى جووتیاران ناکات.

ئیستا لە سنووری دەشتى کۆیە وەرزی پێگەیشتنى هەندێک لە بەروبوومەکانى هاوینەیە، لۆبیاش یەکێکە لەو بەربوومە هاوینانەى کە لە ناوچە پێدەشتەکانی کۆیە دەچێندرێت، ڕێژەى ئاوی زۆر و بەپیتى زەوییەکانى سنوورەکە وایکردوە جووتیاران ڕۆژانە سەدان تۆن لە لۆبیا بنێرنە بازاڕەکانى هەرێم و خوارو و ناوەڕاستى عێراق.

ئەو جووتیارانەى سەرقاڵی ئەو جۆرە بەرهەمەن ئیستا لەناو زەوییەکانیاندا بە ڕنینی بەرهەمی لۆبیاوە سەرقاڵن، ئەوان لەبارەى کارەکەیانەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

گوڵە سابیر
گوڵە سابیر

گوڵە سابیر،جوتیارێكی سنو وری شارەدێی تەقتەقە، ئەگەرچی تەمەنی بەرەو هەڵكشان دەچێت، بەڵام خۆشی وەكو كرێكار خەریكی ڕنین و لێكردنەوەی لۆبیایە و دەڵێت: ئێمە هەر ماندوو بوونەكەمان بۆ دەمێنێتەوە،چونكە حكومەت هیچ هاوكاری و پیشتیوانی جوتیاران ناكات، نە سوتەمەنی و نە پەینی كیمیای و دەرمان، نادات بە جوتیار.

ئاماژەى بەوەشکرد،جگە لەوەی هاوكار نییە بۆ كەرتی كشتوكاڵی، بەڵكو باج و رسومات لە جوتیاران دەسەنێت،ئەمەش ئەوەندەی تر ئەركی جوتیارانی گران كردووە.

وتیشی: جوتیاران هەلی كاری زۆریان بۆ هاوڵاتییان و دانیشتوانی ناوچەكە ڕەخساندووە، چونكە كشتوكاڵ بە دەستی كاری زۆر دەكرێت.

ئاراس بەكر
ئاراس بەكر

ئاراس بەكر،كرێكارە لە كێڵگەیەكی بە لۆبیا داچێندراو كار دەكات دەڵێت: سنوورەكە بە كشتوكاڵ بەناوبانگە بەشێكی زۆر لە دانیشتوانی كەنار زێی بچووك بە كشتوكاڵەوە خەریكن،ئەمەش هەلی كاری بۆ گەنجانی بێكار ڕەخساندووە،چونكە جگە لە كشتوكاڵ هیچ كارێكی تر لە سنوورەكەدا بوونی نییە.

دەشڵێت: بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابوری و نەدانی موچە لە كاتی خۆیدا، مامۆستا و پێشمەرگە و ئەوانەی خوێندنیان تەواو كردووە و دانەمەزراون،بەیەكەوە كرێكارن و سەرقاڵی لێكردنەوەی لۆبیان.

خاوەن عەلوەیەکی ناوچەکە بەناوی شوان عەبدوڵا بۆ ڕۆژنیوز باسی لەوە کرد، دەڵێت: لەماوەی سێ بۆ چوار كاتژمێر زیاتر لە شەست تۆن لۆبیا دێتە عەلوەكەمان،لێرەوە ڕەوانەی شارەكانی عێراق دەكرێت.

شوان عەبدوڵا
شوان عەبدوڵا

وتیشی: بەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ بەرنامەیەكی بۆ كشتوكاڵ و ساغكردنەوەی بەرهەمی جوتیاران نییە،ناچار هەموو بەرهەمەكانی جوتیاران بۆ بازاڕی عێراق دەنێرین، ئەگەر ئەوێش نەبێت لەبەر زۆری بەرهەمەكە لەناو خۆدا ساخ نابێتەوە.

سەباح عوسمان کە بەڕێوەبەری كشتوكاڵی تەقتەق دەڵێت: ئێمە وەكو كشتوكاڵی تەقتەق ڕێنمایی بە جوتیاران دەدەین،لەگەڵ ئەوەشدا دەست خۆشیان لێ دەكەین، چونكە بەهۆی گرینگی دانی جوتیاران ناوچەكە بوژاوەتەوە و هەلی كاری زۆر ڕەخساوە، ڕۆژانە سەدان كرێكار لە سنورەكە كاردان،كە بێكاری لەم وەرزەدا كەمبووەتەوە.

سەباح عوسمان
سەباح عوسمان

ئاماژەى بەوەشکردوە، تەنها لەیەك ڕۆژدا لە سنوورەكە ٢١٥ تۆن لۆبیا بەرهەم هاتووە، كە بەس ئەوەی هێنراوەتە عەلوەی تەقتەق و كۆمەڵگای قەرەناو، جگەلەوەی دەیان جوتیار خۆیان دەیبەن بۆ بازاڕەكان، بۆیە ڕێژەكە زۆر زیاترە.

بەوتەى سەباح عوسمان ئەمساڵ زەوی زیاتر بە لۆبیا داچێندراوە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، بەجۆرێک ساڵی پار نزیكەی پێنچ هەزار تۆن لۆبیا بەرهەم هاتووە، بەڵام ئەمساڵ زەوی زیاتر کراوە بە لۆبیا و تا ئەم کاتانە نزیکەى دوو هەزار تەن لۆبیا بەرهەمهاتووە، کە چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ رێژەکەی پار تێپەڕێنێت.

 

هـ.ح

Comments are closed.