هەڵبژاردن بۆ بەدەستهێنانی زۆرینە، یان باشترین؟

هیوا محەمەد

دەکرێت باشترینەکان کاندید بکرێن بۆ پەرلەمان و لەوێیوە زۆرترین بەدەستبێنن، ئیتر لێرەوە بە تیرێک دوو ئامانج دەپێکێت، یەکەمیان ئەوانەی هەڵدەبژێردرێن هەموویان لە باشترینەکانن و دووەمیش زۆرینە بۆ حزب بەدەست دێنن و سوودی باشیشیان بۆ کۆمەڵگە دەبێت.

جاری وا هەیە کەسێکی میللی دوور لە توانای سیاسیی، بەڵام بەناوبانگ لە بوارێکی تردا، دەکرێتە کاندید، حزبێک ئەمە دەکات بەو ئامانجەی، کە کورسییەک زیاتر بێنێت، بەداخەوە ئەمە لە وڵاتی ئێمە دەکرێت، دەنا لە راستیدا دەبێت پەرلەمانتارەکان هەموویان لە خزمەتی کۆمەڵگەدا بن و ئەو خولە بەڕێبکەن بە دەستکەوتی پڕەوە لە بنیاتنان و گەشەسەندنی کۆمەڵگەدا، نەک لەوێ چاوەڕوانی ئاماژەیەک بن بۆ بەڵێ و نەخێر، نابێت لەو روانگەیەوە کاندید بکرێن.

پەرلەمان جێگەی دانانی یاسا و گۆڕینی یاسا کۆنەکانە و گونجاندنییەتی لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگەی جیهانی، تیایدا پەرلەمانتار دەبێت بە توانا بێت لە گۆڕینی ژیانی رۆژانەی کۆمەڵگەدا و وردبین بێت، ئەرکی پەرلەمانتارە، هەموو ژیانی تاکەکان بە یاسا رێکبخات، ئەوان لەوێدا کۆنترۆڵی ژیانی کۆمەڵگە دەکەن و ماف و ئەرکەکان وەک خۆی دابەش دەکەن و دەبنە چاودێر بەسەر ئەدای حکومەتەوە، ئیتر چۆن دەبێت کەسانێک کاندید بکرێن هەر وەک ژمارەی دەنگ و کورسی حسابیان بۆ بکەن.

ئەمە کەلتورێکی ناڕێکی سیاسییە، پێویستە مەرج هەبێت بۆ کاندیدەکان، پێش هەرشت ئەو بڕوانامەى خوێندنەیە، کە هەیەتی و لە رێگەیەوە لە بوارێکدا شارەزایی هەیە. دەبێت کۆمسیۆن ئەو کەسانە پەسەند نەکات کە حزبەکان دەیانەوێت لە رێگەیەوە تەنها کورسییەک زیاتر بەدەست بێنن، چونکە پەرلەمان گرنگە و ئەو گرنگییەش بۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانیشە، هەموان دەبێت لە بیری بنیاتنانی پەرلەمانێکی تۆکمەی زانستیانەدا بین.

ئێمە کێشەمان هەیە لەم کۆمەڵگەیەدا، لە بچووکترین هەنگاوی رۆژانەماندا کەمووکووڕیی یاسایی هەیە، لە مامەڵەی فەرمانگەکان، هاتووچۆی سەر شەقامەکان، نەخۆشخانە و مامەڵەی چارەسەر، کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت، کشتوکاڵ، فرۆشتن و نەفرۆشتنی بەروبوومی جووتیاران، کرێکار و مافەکانی، ژن و ژیان و دەستەبەرە کۆمەڵایەتییەکانی، بێکاران، خوێندکار و مافەکانی، خۆڵڕشتن و فڕێدانی خاکوخۆڵ لە رێگە گشتییەکان، پارکەکان، گۆڕەپانەکان و فرۆشیارە دەستییەکان، ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ یان نادیارەکان، منداڵبوون، مافی منداڵێتی تا گەورەبوون، مافی دایکایەتی …هتد هەموو ئەمانە پێویستیان بە یاسایە و ئەمەش دەبێت کەسانی پسپۆڕ دایبنێن، نەک کەسانی دەنگ خۆش و قسە خۆش.

هەر حزبێک بیەوێت لە خزمەتی کۆمەڵگەکەیدا بێت، دەبێت کەسانی بەتوانا لە بواری یاسادانان، کۆمەڵناسی، ئابووریی، سیاسی، کشتوکاڵی و پیشەسازیی، بنێرێتە ناو پەرلەمان.

بەمەش دەتوانن هەم چەندایەتی و هەمیش چۆنێتی لەبەر چاو بگرن، چونکە زۆرن، کە لەو بوارانەدا بە توانان و ئەزموونیان هەیە، مەرجیش نییە هەرکەس بڕوانامەی باڵای هەبوو، ئیتر بە توانایە، چونکە لەم سەردەمەدا زۆرێک بە پاڵ ئەو بڕوانامانە بەدەستدێنن.

ئ.م

ئەم وتارە ڕاوبۆچونى تایبەتى نوسەر خۆیەتى

Comments are closed.