ڕەمک ڕەمەزان: ئەم هاوینەش کەمئاوی لە چەمچەماڵ بەردەوام دەبێت

چەمچەماڵ

قائیمقامی شارۆچکەی چەمچەماڵ ڕایدەگەیەنێت، ١٩٤٧وە کێشەی کەم ئاوی هەبووە و لە چەمچەماڵ تا ئێستاش هەر بەردەوامە، دەشڵێت: لەم هاوینەشدا وەکو ساڵانی ڕابردوو کێشەی کەم ئاوی لەچەمچەماڵ بوونی دەبێت، بەڵام هەوڵ دەدەین کێشەکە کەمتر بێت.

ڕەمک ڕەمەزان قائیمقامی شارۆچکەی چەمچەماڵ لەسەر کێشەی کەم ئاوی و چارەسەرەکەى بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

ڕەمک ڕەمەزان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: کێشەی کەم ئاوی کێشەیەکی بەردەوامه و لەساڵی ١٩٤٧ کاتێک شاکر فەتاح قائیمقامی چەمچەماڵ بووە، کێشەی کەم ئاویان هەبووە، لەوکاتەدا هەوڵی ئەوە دەدەن کارێزێک لەبناری مەقان لێ بدەن، تا دەگاتە ئەمڕۆ بەداخەوە بەهۆی زۆربوونی ڕێژەی دانیشتوان و کەمی ئاوی ژێر زەوی کێشەی کەم ئاوی درووست دەبێت.

وتیشی: پێمان وایە تاکە چارەسەر بۆ کێشەی کەم ئاوی چەمچەماڵ ڕاکێشانی پڕۆژەی ئاوی گۆبتەپە-چەمچەماڵە، دڵنیاتان دەکەمەوە لەم هاوینەشدا وەکو ساڵانی ڕابردوو کێشەی کەم ئاوی لەچەمچەماڵ بوونی دەبێت، بەڵام هەوڵ دەدەین کێشەکە کەمتر بێت.

 قائیمقامی چەمچەماڵ ئاماژەى بەوە کرد، تا ئێستا ئەو دەنگۆیانەی بەشێک لە پەڕلەمانتارە بەڕێزەکان، یاخوود هەندێک لە سۆشیال میدیا خۆیانی پێ دەردەخەن دوورە لەڕاستیەوە و دەڵێت: ڕاستە لە ساڵی ٢٠١٣ بڕیاری تەرخان کردنی بودجەی بۆ دەرکراوە بەپێی ئەوەی پڕۆژەکە چەند جێبەجێ بکرێت ئەوەندە پارەی بۆ سەرف بکرێت، بەڵام پارەکە بە کاش دانەنراوە لە بانکێک یاخوود لە بودجەی وەزارەتی دارایی.

هـ.ح

Comments are closed.