عەباس عومەر.. ٤٣ ساڵ تەمەن لە پێناو شانۆدا

سلێمانی

٤٣ ساڵە سەرقاڵی هونەری شانۆیە و وەک ئەکتەرێکی سەرکەوتوو لەو ماوە دوور و درێژەدا چەندین کاری سەرنجڕاکێشی شانۆیی پێشکەش بە کورد کردوە و تا ئێستاش لە شاکارەکانى بەردەوامە، ئەویش هونەرمەند عەباس عومەرە.

عەباس عومەر وەک هەر هونەرمەند و شانۆکارێکی دیکەی ئەم هەرێمە دڵی پڕە لە نیگەرانی و گازەندە کە هونەر و ژیانی هونەرمەند بەم دۆخەى ئێستا هەیەتى، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی سارکردنەوەى عەباس عومەر لەو حەز و خولیایەى هەیەتى بۆ شانۆ و سینەما.

ڕۆژنیوز ئەمجارە بە گرنگی زانی هونەرمەندێکی ماندوو پڕ بەرهەم، بەڵام پەراوێزخراو، بەسەر بکاتەوە و ئەویش دڵی گەورەى هونەری خۆی دەکاتەوە.

عەباس عومەر ماوەی ٤٣ ساڵە  کاری شانۆ و سینەما دەکات، وەک خۆی باسی دەکات، لە ساڵی ١٩٨١وە دەستی بەکاری هونەری کردووە و بەشداری چەندین کاری سینەمای و درامای کردوە، یەکەم کاری هونەریشی شانۆگەری “کارگەی چەلەبی”بووە.

ئەو هونەرمەندە ساڵی ١٩٧٠ لە شاری سلێمانی لە دایكبووە و وەک خۆی دەڵێت، تەمەنى ١٣ ساڵ بووە کە وەک شانۆکارێک لەسەر شانۆ دەرکەوتووە و لە ساڵی ١٩٨٣ وەکو شانۆکارێک لە نێو “کۆڕی شانۆکارانی کورد”و وەکو ئەکتەرێکی سەرکەوتوو دەناسرێت.

هونەرمەند عەباس باس لەوە دەکات، لەشانۆگەری کارگەی چەلەبی ناوبانگی دەرکرد و  کە ئەو کات ڕۆڵی “ئەحە شێت”ی بینیوە، بۆیە هەربەوناوەشەوە لای خەڵک ناسراوە.

ئەو شانۆکارە، تائێستا بەشداریی زیاتر لە ٣٨ شانۆگەریی بەرهەمی و درامایی کردووە و لە ئێستاشدا حەوت بەرهەمی شانۆی هەیە کە لەمونتاژدایە كە هێشتا بڵاونەكراوەتەوە.

ئەو باس لەوە دەکات، یەکەم کاری شانۆی کارگەی چەلەبی بوو لە نووسین دەرهینانی “فواد حاشم” بوو کارە شانۆیەکانی لەساڵی ١٩٨٣ دەستیپێکرد، یەکەم کاری شانۆی لەسەر تەختەی پەیمانگای هونەرە جوانەکان  دواتر شانۆگەری ئەحە شێت بەردەوام کاری هونەری و شانۆیی کردوە.

سەبارەت بە ڕەوشی شانۆی ئێستا و ساڵانی پێشوو، ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوەشکرد بەراورد بەم سەردەمە، ساڵانی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، ڕەوشی هونەر ئاستێکی باڵای هەبوو، بە سەردەمی زێڕینی کارە هونەرییەکانی ناوبرد، بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی هەموو ئامڕاز و ئامێرەکان و سۆسیال میدیا، کارە هونەرییەکانی دەکرێت زۆر لە دواوەن.

ئەویش وەک هەونەرمەندانی دیکە، بە نیگەرانیەوە باسی لە دۆخی ئێستای شانۆ و دراما لە باشووری کوردستان کرد و دەڵێت: ڕاستە بە هەوڵی کەسانی دڵسۆز جوڵەیەک هەیە بۆ بەردەوامی پێدان، بەڵام ئەوەی ئێمە دەمانەوێت لە بوارەکەدا نەھاتۆتە دی لەئاست وخواستی جەماوەردا نییە.

هونەرمەند عەباس پێیوایە کە  دەبێت دەرهێنەر بەدوای ئەکتەردا بگەڕێت، گوێنەداتە پارە، دەبوایە ڕەوشی ھونەر و شانۆ  زۆر باڵادەست بوایە، بەڵام بەھۆی ئەوەی کارەکان جێگە دەستی خەڵکی نەشارەزای پێوە دیارە، کەمتەرخەمن بەرامبەر بە پێشکەوتنی ھونەر درامای کوردی.

هەروەها عەباس عومەر دەشڵێت: ئەگەر خولیای هونەر لەناختا نەبوونابیت بە ئەکتەر، دواتر پاشەکشی دەکەیت زیاتر لە چوار هەزار ئەکتەرمان هەیە پەروەردە بووبێت، بەڵام لەڕاستیدا کە دێتە سەر تەختەی شانۆ لەچەند کەس تێپەڕ ناکات، دوور دەکەونەوە لەبەر ئەوەی هونەر خولیای نییە و دوای قەرەباڵەغی کەوتوون، یان ئەم هونەرە نییە بۆ ئەم کە شایستە بێت ڕۆڵی تێدا ببینێت.

دیارترین ئەو کارە هونەریانەی هونەرمەند عەباس عومەر کاری تێدا کردوون بریتین لە( شانۆگەری ئەحە شێت، شانۆگەری کارگەی چەلەبی، ماف نافەوتی، ڕێگای ڕێبوارەکان، دادگا، چۆڵی کەن، گەمەی دزەکان)

ئەو درامایانەشی ڕۆڵی تێدا بینیووە، بریتین: لەسوڵتان ئەحمەد، بە زۆر کراوە بەدکتۆر، زنجیرە درامای کەر فرۆش، پیری زارۆکان، میوانی ئەو دیو سنوور، پشکۆ، خۆرئاوابوونی خوێناوی، کوێستانی قەندیل، کورتە فلیمی کەریم، زنجیرە درامای دووپشک) دەیان کاری دیکە.

هـ.ح

Comments are closed.