هاوسەرۆکی دەم پارتی: درۆی ئاکەپە لەبارەی ئاسایبوونەوەی جۆلەمێرگ ئاشکرابوو

ناوەندی هەواڵەکان

تولای حاتیمۆغولاری، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، لە سەردانی شارەوانییەکان لە شڕناخ ڕایگەیاند، درۆکانی ئاکەپە سەبارەت بە “ئاساییبوونەوە” لە جۆلەمێرگ ئاشکرابوو.

لە میانی سەردانەکانیدا لە سێیەم ڕۆژی جەژنی قورباندا، تولای حاتیمۆغولاری، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان-دەم پارتی و شاندەکەی سەرەتا سەردانی شارەوانی کەربۆرانی مێردینیان کرد، پاشان سەردانی شارەوانی شارۆچکەی هەزەخای شڕناخیان کرد و هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی وتەیەکی پێشکەشکرد.

حاتیمۆغولاری بە شێوەیەکی بەرفراوان لە دەروازەی شار پێشوازی لێکرا و دواتر لە بینای شارەوانییدا جەژنە پیرۆزەی لە هاوڵاتیان کرد، پاشان سەردانی شارەوانی دەشتادەری سەر بە هەزەخا کرا، لە کاتی سەردانییەکەدا چەندین جار دروشمەکانی “ژن ژیان ئازادیی” وترانەوە.

لە میانی سەردانییەکانیدا هاوسەرکی گشتیی دەم پارتی ڕایگەیاند، دەسەڵاتی ئاکەپە دوای هەڵبژاردنەکان باسی ئاساییبوونەوەیان کرد، ئەو ئاساییبوونەوەی کە باسی دەکەن بە هیچ جۆرێک پێکنایەت، درۆکانی ئاکەپە لەبارەی ئاساییبوونەوەی جۆلەمێرگ ئاشکرابوو، ئێمەش لە دژی ئەوەدا تێکۆشانی خۆمان دەکەین.

هەروەها تولای حاتیمۆغولاری، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی سەردانی شارەوانییەکانی سلۆپی و گوندکێی گرێدراوی شڕناخ کرد و لەگەڵ هاوڵاتییاندا جەژنە پیرۆزەیان لە یەکتر کرد.

ب. جـ

Comments are closed.