ئەمڕۆ ٧٤ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی پیرەمێردی شاعیردا تێدەپەڕێت

ناوەندى هەواڵەکان

پیرەمێردى شاعیر ناوى تەواوی تۆفیق کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی هەمەئاغای مەسرەفە، شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەوانی ناوداری کورد بوو، لە ساڵی ١٨٦٧ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە ڕۆژى ١٩ـی حوزەیرانى ١٩٥٠ لە شارى سلێمانى لە تەمەنى ٨٣ ساڵیدا کۆچى دوایکردووە.

پیرەمێردى شاعیر ناوى تەواوی تۆفیق کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی ھەمەئاغای مەسرەفە، شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەوانی ناوداری کورد بوو، لە ساڵی ١٨٦٧ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایکبووە.

پیرەمێرد لە تەمەنى حەوت ساڵیدا دەبرێتە حوجرەی مەلا حسێن گۆچە و لەوێ خوێندن تەواو دەکات.

پیرەمێرد هەر وەك حاجی قادری کۆیی، نالی، مەحوی، مەولەوی و زێوەر، مزگەوت بە مزگەوت و شار بە شار گەڕاوە و لە هەر شوێنێک ماوەیەک ماوەتەوە، پاش ئەوەی زۆربەی مزگەوتەکانی سلێمانی گەڕاوە و دواتر ڕووی کردووەتە مزگەوتەكانی شاری بانە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان.

پیرەمێرد لە ساڵى ١٨٩٨دا دەچێتە ئەستەنبوڵ، لەوێ لە کۆلێژی یاسا دەخوێنێت و لە حکومەتی دەوڵەتی عوسمانیدا لە چەند پلەی میری و سیاسیدا دادەمەزرێت.

پیرەمێرد لە بواری ڕۆژنامەوانی کوردیدا خزمەتێکی بەرچاوی کردووە و چەندین ڕۆژنامەى دامەزراندووە لەوانەش ڕۆژنامەی ڕەسملی کاتب، ڕۆژنامەی کورد، تەعاون و تەرەقی، ڕۆژنامەی ژین و گۆڤاری ژین.

پیرەمێرد سەرسام بووە بە نالى، مەولەوى، بێسارانى.

پیرەمێرد گرنگییەکی زۆری بە نەورۆز داوە، چونکە پێى وابووە نەورۆز تەنھا کردنەوەی ئاگرێک و گێڕانی ئاھەنگ نەبووە، بەڵکو بابەتێکى لەوە گەورەتر بووە، بەجۆرێک بووە لاى ئەو ھاوکێشەی مەرگ و ژیانەوە و هێماى شۆڕش و ڕزگاربوونی گەل بووە.

پیرمێرد خاوەنی چەند کتێبێکى چاپکراوە لەوانەش:-

دیوانی مەولەوی (ئەسڵ و ڕۆح)، ساڵی ١٩٣٥ لە چاپخانەی خۆی بە دوو بەرگ لەچاپی داون.

چیرۆکی مەم و زین

دوانزە سوارەی مەریوان، ١٩٣٥

کتێبی پەندی پێشینان، ١٩٣٦

چیرۆکی مەحمود ئاغای شێوەکەل،١٩٤٢

گاڵتە و گەپ لە ساڵی ١٩٤٧ چاپکراوە، کە بریتییە لە ھەندێک ڕووداوی خۆشی ناو کۆمەڵی کوردەواری، ھەم بۆ پێکەنین و ھەم بۆ پەند وەرگرتنە.

دیوانی مەولانا خالیدی نەقشبەندی – بە زنجیرە لە ڕۆژنامەکەیدا بڵاوی دەکردەوە.

شیعرەکانی وەلی دێوانە و بێسارانی، ئەوی دەستی کەوتبێ، لە ھەورامییەوە کردوویەتی بە شێوەزاری سلێمانی.

زنجیرە وتارێک دەربارەی مێژووی میرنشینی بابان و خیڵ و تیرەکانی جاف، و گەلێک ڕووداوی مێژوویی گرنگ.

لەو کتێبانەی وەریگێڕاونەتە سەر زمانی کوردى:-

گەشتی ھۆنەرمەندێک لە جیھاندا

ڕۆمانی کەمانچەژەن، ١٩٤٢، لە تورکییەوە کردویەتی بە کوردی.

نەورۆز لە شیعرە ھەرە بەناوبانگەکانی پیرەمێردە کە لە ئاداری ١٩٤٨دا نوسیوێتى.

پیرەمێرد لە ١٩ـی حوزەیرانی ١٩٥٠، لە شاری سلێمانی لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا بەھۆی نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشیی گورچیلەوە کۆچی دواییکردووە، لەسەر خواستی خۆی لە گردی مامەیارە، ئەوەی جاران مەڵبەندی ئاھەنگگێڕانی جەژنی نەورۆزی بووە بەخاک سپێردراوە.

ئ.م

Comments are closed.