بەیان زەریفێ: پێویستە ژنان خۆیان بسەلمێنن و تواناکانیان بخەنە گەڕ

بڕوا ئەسعەد

ژنە هونەرمەندی دیاری بواری شانۆ و درامای کوردیی، بەیان ڕەشید سەعید، ناسراو بە بەیان زەریفێ، لە دایکبووی ساڵی ١٩٦٣ لە شاری سلێمانی، دەرچووی بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرە جوانەکانە لە ساڵی ١٩٨٦.

بەیان زەریفێ لە سەرەتای ساڵەکانی ١٩٩٠ و سەرەتای کردنەوەی تەلەفزیۆن لە شاری سلێمانی، دەست بە خزمەتکردنی منداڵان دەکات لە بواری شانۆ و موزیکدا، چەندین ئاواز و هۆنراوەی پێشکەش بە جیهانی منداڵان کردووە، دواتردەبێتە ئەستێرەی دیاری درامای کوردیی، هەمان کات کۆمیدیا بەشێکی دانەبڕاوە لە خزمەتە هونەرییەکانی لە بواری شانۆ و درامادا.

هونەرمەند بەیان زەریفێ لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز سەرەتا ئاماژەی بە بەشێک لە خزمەتەکانی کرد بە بواری منداڵان و وتی: بەرهەمی پێجەمین ساڵی خوێندنم لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان، شانۆییەکی تایبەت بوو بە منداڵان، کە ڕۆلێ مریشکم دەبینی، ئەوە وایکرد زیاتر حەز بە خزمەتکردنی منداڵان و کارکردن بکەم بۆ منداڵان، خوشکەکەشم شێوەکاربوو، پێکەوە چالاکی زۆر باشمان ئەنجام دەدا، لە ساڵی ١٩٩٣ گەڕامەوە بۆ ناو سلێمانی و لە یەکێک لە باخچەکان بووم بە مامۆستا، هەستم کرد پێویستیان بە ئێمەیە کاریان بۆ بکەین، ئەمە زۆر سەرنجی ڕاکێشام، کە کاری باشتر بۆ منداڵان بکەین.

بەیان زەریفێ هاوڕێیەکی بێ گیانی هەیە، ناوی خونچەیە و جلوبەرگێکی کوردی لەبەرە، هاوڕێی تەمەن و ڕاز و نیازەکانێتی، ئەگەرچی بوکەڵەیەکی بێ گیانە، بەڵام بۆ زەریفێ وا نییە و بە کچی خۆی ناوی دەبات، ئەوەندە شیرینە بە لایەوە، هەموو وەرزێک، دەستێک پۆشاکی کوردی جیاوازی بۆ دەدورێت و لەبەری دەکات، هەمیشە لە ماڵەکەیدا لە نزیک خۆیەوە دایەنێت، لە بارەی خونچەی هاوڕێیەوە بۆ ڕۆژنیوز وتی: کە مناڵ بووین هەموو شتێک بۆ ئێمە بەردەست نەبوو، بە پەڕۆ، بووکەڵەیان بۆ دروست دەکردین، ئەم بووکەیان بۆ من و ژیانی خوشکم کڕی، هەموو کات من و ژیانی خوشکم بەم بووکە یاریمان دەکرد، ئیتر لەم ساڵانەی دواییدا لای من مایەوە، بڕیارمدا خۆم هەرچی جلێکی کوردی لە بەر بکەم بۆ ئەویشی بکەم.

بەیان زەریفێ دەڵێت: لە هەموو بوارەکانی هونەر کارم کردووە جگە لە شێوەکاری، هەموو ئەو قۆناغانەی لە هوونەردا حەزم لێ کردووە، ئەنجامم داوە، لە ئاواز و گۆرانی منداڵان و شانۆ و کورتە فیلم و فلیمی سینەمایی و درامادا، ئەنجامم داوە، بە جاد و کۆمیدیاوە، تاقیکردنەوە و ئەنجامدانی ئەو کارانە بۆ ئەوە بووە بیسەلمێنم منیش توانام هەیە، وەکوو ژن، کەواتا هەموو ژنێک دەتوانێت تواناکانی خۆی بە گەڕ بخات، بیسەلمێنێت کە لە بواری هونەردا هەیە، ژن لە بواری هونەردا هەیە، بەڵام گرنگە مرۆڤ بە خۆشەویستیەوە کارەکانی ئەنجام بدات و ڕاستگۆبێت لەگەڵ کارەکەیدا.

بەیان زەریفێ بانگ لە ژنان دەکات بۆ هونەر و دەڵێت: هیوادارم ژنانی دیکە بێن و مەشخەڵی هونەر لە ئێمە وەربگرن و بە ڕاستگۆییەوە بەردەوامی پێ بدەن، ئێمەش مەشخەڵی ئەوانەی پێش خۆمانمان هەڵگرتووە، خۆ من لە خۆمەوە فێر نەبووم، بێگوومان لەوانەی پێشخۆمەوە فێربووم، پێشتر پیاوان ڕۆڵی ژنیان دەبینی لە دراما و کارە هونەرییەکاندا، ئەمە وای لێکردم ئیتر ئەو ڕێچکەیە بشكێنم، ئیتر پێویستە ژن ڕۆلێ ژن ببینێت، هیوادارم ئەوانەی دوای ئێمە دێن ئەو مەشخەڵە بە بەرزی ڕابگرن و هونەری کوردی بپارێزن، کارێک  بکەن بۆ مێژوو بمێنێتەوە.

ش. ئـ

Comments are closed.