ژنان لە ئیستەنبوڵ بۆ شەرمەزارکردنی قەیوم ئێشکدەگرن

ناوەندی هەواڵەکان

لە دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ ژنان لە ئیستەنبوڵ پێشەنگایەتی ئێشکگری دەکەن و پشتگیری خۆیان بۆ گەلی جولەمێرگ دووپاتکردەوە.

چالاکیی ئێشکگری بە پێسەنگایەتی هێزەکانی ڕەنج و ئاشتی و دیموکراسی ئیستەنبوڵ دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ لە گۆڕەپانی شیشهانی بیوگلۆ بە بەشداری چالاکوانانی تەژەئا و ئەنجوومەنی ژنانی دەم پارتی ١١ ڕۆژە بە پێشەنگایەتی ژنان بەردەوامە.

لە درێژەی کار و چالاکییەکاندا بۆ شەرمەزارکردنی دانانی قەیوم و دەستگیرکردنی هاوسەرۆکی شارەوانی جولەمێرگ، ماوەی ١١ ڕۆژە بە بەشدارییەکی کارای چالاکوانان و وڵاتپارێزان چالاکییەک لە ئیستەنبوڵ بە پێشەنگایەتی ژنان بەردەوامە.

لە چالاکییەکەدا، چەندین درووشم و پانکارتەکان بە زمانی کوردی و تورکی دژی سیاسەتی قەیوم و دەستبەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ بەرزکرایەوە.

هەر لە چالاکییەکەدا سەرپیل تۆپال لە ئەنجوومەنی ژنانی سۆسیالیست-سەکەمە ڕایگەیاند، زیهنیەتی سەردەست بەنیازە لەڕێگەی سیاسەتی قەیومەوە ئیرادەی ژنان بشکێنێت، بەڵام هیچ دەوڵەتی پیاوسالار ناتوانێت یەکگرتنی ژنان لەناوبەرێت، ئێمە لەگەڵ جولەمێرگین.

هەروەها فیدان ئاتاسەلیم سکرتێری گشتی پلاتفۆرمی تاوانی سەر ژنان دەوەستێنین لە چالکییەکەدا وتەی خۆی پێشەکەش کرد و ڕایگەیاند: ئەم تێکۆشان و بەرخۆدانە ناوەستێت، ئێمە ئازاد دەژین، ئێمە لە وان سەرکەوتین، لێرەش سەردەکەوین.

لە درێژەی وتەکاندا نازیفە بایراک لە ئەنجوومەنی ژنانی کەسک وتی: ڕێگە نادەین مافی دەنگدانی گەلی کورد پێشێل بکرێت، ژن ڕێگە بە قەیوم نادات.

هەروەها لە کۆتایشدا قەدریە دۆغان هاوسەرۆکی کۆمەڵەی عەلەوییە دیموکراتیکەکان-داد قسەی کرد و ڕایگەیاند، قەیوم واتە لەناوبردنی تاک، جڤاک، ژن و مناڵ، دژی ئەمە تێکۆشان و بەرخۆدانی بەهێز نیشان دەدەین.

لە دوای وتەکان و وتنەوەی چەندین دروشم چالاکییەکە بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.

ب. ق

Comments are closed.