تەڤگەری ئازادیی: حکومەت مێش میوانی نییە و دەبێت بیر لە چارەسەریی بکەینەوە

ناوەندی هەواڵەکان

تەڤگەری ئازادیی خۆی بە هاوبەشی قوربانیانی ڕووداوی ژێر ئاوکەوتنی ئەو یەختە دەزانێت، کە دوێنێ لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا بە کۆمەڵێک سەرنشینی کوردەوە ژێرئاو کەوت و ڕایگەیاند، حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم لە ئاستی ئەو کارەساتەدا مێش میوانی نییە، دەبێت هەموومان پێکەوە بیر لە چارەسەریی کێشەکان بکەینەوە.

دەستەی هاوسەرۆکایەتیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە بارەی ژێرئاوکەوتنی یەختێکی پەنابەرانی کورد لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی تەڤگەری ئازادیی هاتووە، مەرگی کۆمەڵێک گەنج و خێزان کە ھێشتا بەشێکیان بێ سەروشوێنن، نازاندرێت چارەنووسیان ژینە یان مردن؛ ھەموو مانی لە چاوەڕوانییەکی دژوردا ھێشتووەتەوە، ئەوەی بە مەرگی ئەو ھاوڵاتییانە مێش میوانی نییە ئەو حکومەت و دەسەڵاتە گەندەڵ و ناشەرعیی و بەسەرچووەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە لە ئاست ئەو کارەساتە جەرگ بڕەدا، ئەوە جاری چەندەمینە ئەو ڕووداوانە ڕوو دەدەن و بەسەدان گەنج و ھاوڵاتیی تیایدا بوونەتە قوربانیی، ھۆکاری سەرەکیی و ڕاستەوخۆ ئەو دەسەڵاتە خێڵەکیی و خۆسەپێن و قۆرغکارەیە، کە کەوتووەتە ناو زەلکاوی خیانەت و کەڵکەکردنی سەرمایەوە.

ئاماژەیان بەوەشداوە، ئەم دەسەڵاتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دژە بە ئازادیی بیروڕا و دیموکراسیی و دادپەروەریی، تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی، رێگرییکردن لە گۆڕانکاریی و سەرکوتی دەنگە ناڕازییەکان و پەرەسەندنی گەندەڵیی و نەبوونی بچووکتریین دەرفەتی کار بۆ گەنجان دروستبووە و ئاسۆیەکی تاریکی بۆ داھاتووی ژیانی ھاوڵاتییان هێناوەتە ئاراوە. ئەو گەنج و ھاوڵاتییانەی رێگەی مەرگیان ھەڵبژاردووە، ھەر بەتەنھا لەبەر ھەژاریی و بێکاریی نییە، بەڵکو لەبەرامبەر ئەو ھەموو نادادیی و نایەکسانیی و تاڵانیی و گەندەڵییەیە کە سیی ساڵ زیاترە، کۆمەڵێک مشەخۆری سیاسیی، خۆیان بەسەر ھاوڵاتییانی ھەرێمی کوردستاندا سەپاندووە.

ڕاشیانگەیاندووە، وەک تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، خۆمان بە هاوبەشی ئەو کۆستە گەورەیەی ماڵ بە ماڵ و کەسوکاری قوربانییەکانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە دەزانیین! لەبەرامبەردا خۆمان بەرپرسیار دەزانیین کە لەبەرامبەر ئەو ھەموو ستەم و نادادییەی دەسەڵاتداراندا، نەمانتوانی دەرگای ھیوا و ڕێگەی تێکۆشان و چارەسەریی بۆ گەنجان و ژنان و ھاووڵاتییان نیشان بدەین.

تەڤگەری ئازادیی لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەیدا داوای لە گەنجان و ژنان و سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگە کردووە، ناکرێت ھەر ڕۆژ بە دیار مەرگی بە کۆمەڵی ئازیزانمانەوە بین، چارەسەر لێرەیە و بە دەستی خۆمانە، ڕاکردن و کۆچکردن دەردمان چارەسەر ناکات، دەبێت پێکەوە بین و بیر لە چارەسەریی کێشەکان بکەینەوە، لە دەرەوەی ئەو سیستەم و دامەزراوانەی دەسەڵاتداریی، بەدواگەڕان و قوڵبوونەوەی سیاسیی و فیکرییمان گەشەپێبدەین بۆ کۆتاییھێنان بەو نادادیی و ستەمکارییە.

ب. جـ

Comments are closed.