پۆلیسی عێراق تۆمەتبارێکی دەستگیرکرد کە سێ ئەندامی خێزانی براکەی کوشتووە

ناوەندی هەواڵەکان

وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاوی کردەوە، هێزەکانی پۆلیس لە ناوچەی سەدری بەغدا تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە، کە سەرجەم ئەندامانی خێزانی براکەی خۆی کوشتووە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە بارەی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک کە سێ کەسی ئەندامی خێزانی براکەی کوشتووە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەو وەزارەتە ئاماژەی بەوەداوە، دوای گەیشتنی زانیاریی لەبارەی ڕووداوێکی کوشتن لە ناوچەی سەدری بەغدا، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیسی ڕەسافەی بەغدا گەیشتنە شوێنی رووداوەکە.

باسیان لەوەشکردووە، دوای کۆکردنەوەی زانیاریی و سەیرکردنەوەی کامێراکانی چاودێریی، توانیان شوێنی تۆمەتبارەکە دەستنیشان بکەن و دەستگیری بکەن.

وەزارەتی ناوخۆی عێڕاق ڕاشیگەیاندووە، تۆمەتبارەکە، بە چەکی کلاشینکۆف سێ ئەندامی خێزانی براکەی کوشتووە، هەروەها لە لێکۆڵینەوەدا دانى بەوەداناوە، کە بەهۆى کێشەى خێزانییەوە ئەو تاوانەی کردووە.

ب. جـ

Comments are closed.