پرۆفیسۆر لویس لیمکۆو: قەیرانەکانی مافی مرۆڤ دەرئەنجامی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالانە

ناوەندی هەواڵەکان

پرۆفیسۆر و کۆمەڵناس لویس لیمکۆو دەڵێت: گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان یاسایی نییە و سیاسییە، تورکیا ڕژێمێکی سەرکوتکەرە، قەیرانەکانی مافی مرۆڤ دەرئەنجامی ئەو گۆشەگیرییەیە، هەروەها باسی لەوەشکردووە، ڕۆڵی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چارەسەریی گرنگە و بۆیە پێویستە ئازاد ببێت.

لە چوارچێوەی هەڵمەتی “ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەریی بۆ دۆزی کورد” کە لە ١٠ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو دەستیپێکردووە و لە دژی ئەو گۆشەگیرییە توندەی لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەدەچێت، لویس لیمکۆو، پرۆفیسۆر و مامۆستای بەشی کۆمەڵناسی لە زانکۆی ئۆتۆنۆم لە بەرشلۆنە، بۆ ئاژانسی هەواڵی ANF دوا.

لە میانی چاوپێکەوتنەکەیدا ئەو پرۆفیسۆرە وتی: بارودۆخی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان هیچ پاساوێکی یاسایی نییە و بە تەواوی دژی یاسایە، ئەم گۆشەگیرییە بە تەواوی فشارێکی سیاسییە و جێگەی قبوڵکردن نییە، بۆیە ئەو بارودۆخەی کە عەبدوڵا ئۆجالانی تێدایە، پەیوەندیدارە بە ڕۆژەڤی هەموومانەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، وەک ڕووکەش تورکیا وڵاتێکی دیموکراسییە، بەڵام لە ڕاستییدا ڕژێمی فشار و سەرکوتکەرە، قەیرانەکانی مافی مرۆڤیش دەرنجامی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالانە، هۆکاری لەناوچوونی دیموکراسییە لە تورکیادا، بەجێگەیاندنی مافە بنەڕەتی و ئازادییە مەدەنییەکان بە تەواوی کەم بوونەوەتەوە، دەسەڵاتی دادوەریی بەکاردەهێنرێت لە لایەن دەسەڵاتدارییەوە، ئەمەش سەرچاوەی نیگەرانی هەموومانە.

هەروەها پرۆفیسۆر لویس لیمکۆو وتی: ڕۆڵی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چارەسەری پرسی کورد ڕۆڵێکی گرنگە، عەبدوڵا ئۆجالان کارەکتەرێکی گرنگە، لەو باوەڕەدام زۆر بە باشی نوێنەرایەتی خواستەکانی کورد دەکات، بۆیە پێویستە ئازاد ببێت، ئەو لەبەر ئایدۆلۆژیا و داخوازییەکانی مەحکوم کراوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە زیندانییەکی سیاسییە.

ب. جـ

Comments are closed.