کاتی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دیاریی کرا

ناوەندی هەواڵەکان

د. ئەحمەد کەرکوکی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە پشکی یەنەکە ڕایگەیاند، لە دوای جەژن کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا بەڕێوەدەچێت، لە دوای ئەوەش لایەنەکان ٣٠ ڕۆژیان لە بەردەمدایە بۆ ڕێککەوتن لەسەر یەکلاییکردنەوەی پۆستە ئیدارییەکان و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی.

د. ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە بارەی کاتی یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگاکەوە بۆ میدیا ناوخۆییەکان زانیاریی ئاشکرا کردووە.

ئەو ئەندامە ڕایگەیاندووە، لە دوای کۆتاییهاتنی جەژنی قوربان دەبێت یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەنجامبدرێت، بۆ ئەمەش ڕێکەوتنێکی سەرەتایی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی شارەکەدا کراوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، کۆبوونەوەکە بۆ کاراکردنی ئەنجوومەنەکەیە، لە دوای ئەوە لایەنە براوەکان ٣٠ ڕۆژیان لەبەردەمدایە بۆ ڕێککەوتن لەبارەی یەکلاکردنەوەی پۆستە ئیدارییەکانی پارێزگاکە و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای کەرکووک.

جێگەی ئاماژەیە، لە ١٨ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێم بەڕێوەچوو، بەڵام تا ئێستا ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجام نەداوە و پرسی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی و دیارییکردنی پۆستی پارێزگاری شارەکە بە هەڵواسراویی ماوەتەوە.

ب. جـ

Comments are closed.