کۆچبەری.. ڕاکردن بەرەو پیری مەرگ

ناوەندی هەواڵەکان

ڕۆژی ١٧ـی ئەم مانگە هەمووان گوێبیستى هەواڵێکی ناخهەژێن بوون بەجۆرێک هەر چوار بەشی کوردستانیشی خستە پرسەوە، ئەویش نقومبوونى بەلەمێکی کۆچبەران بوو لە کەناراوەکانى باشووری ئیتالیا بە زیاتر لە ٧٠ سەرنشینەوە.

 زۆرینەى ئەو کۆچبەرانە لەو بەلەمەدا تێداچوون کوردی باشووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون، ئێستا ڕۆژانە  تەرمی ئەوانە پۆل پۆل دەگەڕێننەوە باوەشی نیشتیمانەکەی خۆیان کە بە دڵێکی تۆراوەوە جێیان هێشتبوو.

ئەمڕۆ ٢٠ـی حوزەیران ڕۆژی جیهانی پەنابەرانە کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ ڕێزلێنان لە پەنابەران لە سەرانسەری جیهان دیاریکراوە، ئەمە بۆنەیەکە بۆ بنیاتنانی هاوسۆزی و تێگەیشتن لە بارودۆخی نالەباری پەنابەران و هەوڵدان بۆ دۆزینەوە و بونیادنانەوەى ژیانێکی باشتر لە پێشوو.

بەپێی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەر ٦٩ کەسێک لە جیهاندا یەکێکیان ئاوارە بووە، ئەوەش دەکاتە نزیکەی ١٢٠ ملیۆن کەس کە بە ناچاری ماڵ و حاڵ و شوێنی نیشتەجێبوونى خۆیان جێهێشتووە و ڕوویان لەناوچەیەکی دیکە کردوە بۆ دۆزینەوەى ژیانێکی ئارامتر و شایستەتر بۆ خۆی.

ئێستا جیهان لەبەردەم لێشاوێکی کەموێنەى پەنابەریدا، هۆکارەکانى ئەو لێشاوە زۆرن، بەڵام کاریگەرترینیان جەنگەکان و کەشو هەوا و ئابورییە، دواتر هۆکارەکانى دیکەى تەندروستى و پەروەردە و خزمەتگوزارییە.

هەرێمی کوردستان لەبەردەم لێشاوی کۆچدا

چەند ڕۆژێک بەرلە جەژنی قوربان بەلەمێکی کۆچبەران لە تورکیاوە بە زیاتر لە ٧٠ سەرنشینەوە بەرەو کەناراوەکانى ئیتالیا بەڕێکەوت، بەپێی وتەى ڕزگاربووانی بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکە لە دووەم ڕۆژی جەژندا دەوترێت بەهۆی کوونبوونەوە، بەلەمەکەیان نقووم بووە.

میدیاکانى ئیتالیا بەم جۆرە چیرۆکی وەرگەڕانی بەلەمەکە دەگێڕنەوە و دەڵێن، کەشتییەکی بازرگانى فەڕەنسی نزیکبووە لە شوێنی ڕووداوەکە، تیمی کەشتییە فەڕەنسیەکە بەرپرسانى دەستەى دەریاوانى ئیتالیایان ئاگادار کردوەتەوە لە نقومبوونی ئەو بەلەمە، دواتر پۆلیسی فریاکەوتنى ئیتاڵیا گەیشتوونەتە شوێنی وەرگەڕانی بەلەمی کۆچبەران و ئەوانەى کە لە ژیاندابوون ڕزگاریان کردوون ئەوانی دیکەش بێسەرو شوێنن گەڕان بەدوا تەرمەکانیاندا بەردەوامە.

ڕاستی و دروستى نقومبوونى بەلەمەکە پرسێکی تەمومژاوییە ە لای هیچ کەسێک ڕوون نییە، جگە لەو کەسانە نەبێت کە لە خنکان ڕزگاریان بووە، بەڵام هێشتا ئەوانە بەهۆی تاسان و ئەو دۆخە دەروونییەى تێیدان نەیانتوانیوە هۆکاری ڕاستەقینەى نقوومبوونى بەلەمەکەیان باس بکەن، ئەگەرچی یەکێک لە ڕزگاربووان کە ژنە کوردێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە دەڵێت: لەژێرەوە ئاو دزەی کردووەتە ناو بەلەمەکە و هەڵگەڕاوەتەوە.

وێنەی ئەو بەلەمەی لەکەناراوەکانی ئیتالیا ژێر ئاو کەوت
وێنەی ئەو بەلەمەی لەکەناراوەکانی ئیتالیا ژێر ئاو کەوت

هەروەها ژمارەى سەرنشینانی ناو بەلەمەکەش پرسێکی دیکەی  و هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە کە ژمارەی ڕاستەقینەى سەرنشینان چەند بووە، هەندێک سەرچاوە باس لە ٦١ سەرنشین دەکەن و هەندێکی دیکە ٧٦ سەرنشین، هەندێکی دیکەش دەڵێن، ژمارەی سەرنشینەکان ٦٦ کەس بووە، بۆیە تائێستا هۆکاری نقومبوونی بەلەمەکە و ژمارەی سەرنشینەکان بە نادیاری ماوەتەوە.

ژمارەی ئەوانە هەرچەندێک بووبێت و هۆکارەکەی هەرچییەک بووبێت، ئەوە لەوە ناگۆڕێت ئەو کۆچبەرانە کەسانێکی ڕەنجاو و دڵشکاون کە بەهۆی سیستەمە سیاسییەکەی وڵاتەکەیانەوە ڕێگای مەرگیان گرتووەتە بەر و وڵات و کەسوکاری خۆیان جێهێشتووە.

لەسەر ژمارەى ئەو کۆچبەرانەى کە خەڵکی باشووری کوردستان و لەناو بەلەمەکەدا بوون دیسان ژمارەیەکی ڕاست و دروست لەبەر دەست نییە، هەندێ لایەنى فەرم و نا فەرمی باس لەوە دەکەن لەو بەلەمەدا نزیکەى ٤٠ کۆچبەری باشووری کوردستانی تێدا بووە و تائیستا تەرمی ٢٨ کەسیان دڵنیا بوونەتەوە کە خەڵکی باشووری کوردستانن.

لەناو ئەو بەلەمە نقوومبووەدا ژمارەیەکی زۆریش منداڵ و ژن هەن کە ئەوانش زۆرینەیان خنکان و دەوترێت تەنیا یەک منداڵ ڕزگاری بووە، بەڵام زۆرینەى ئەوانەى خنکاون زیاتر خێزان بوون و کەمتریان کەسانى تەنیا بوون.

ڕاکردن بەرەو پیری مەرگ

ئەو کۆچبەرانە لە دەست ستەم و ئەو بارە ناهەموارەی هەرێمی کوردستانیان جێهێشت کە دەسەڵاتدارانی هەرێم دروستیان کردووە، ئەوان  بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی شایستە تر گیانیان خستە قوڕگی نەهەنگ و قڕژەکانەوە، بۆیە ئەمە ڕاکردن بوو لەمەرگەوە بەرەو ڕووی مەرگ.

هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ وە بەهۆی (شەڕی داعش، قەیرانی دارایی، نەبوونى مووچە، نەبوونی هەلی کار و دامەزراندن، نەبوونی مافە سەرەتاییەکانى وەک ئاوو کارەبا و سیستەمی تەندروستی و خراپی ڕێگاو بانەکان، کێشە سیاسیەکان، کێشە کۆمەڵایەتییەکان، نادادی کۆمەڵایەتى، داگیرکارییەکانی دەوڵەتى تورک) و چەندین هۆکاری دیکە پاڵنەری کۆچکردنى هاوڵاتییانى هەرێمی کوردستانن بۆ وڵاتانى ئەوروپا.

جیاوازی توێژی دەسەڵاتدارانى هەرێمی کوردستان لەگەڵ توێژەکان دیکەی کۆمەڵگە هۆکارێکی سەرەکی دیکەى کۆچکردنە لە هەرێم، بەو پێیەی کەسوکار و دەوروبەری دەسەڵاتداران خاوەنی کۆشک و تەلارو مووچەی باش و هەموو ئیمتیازاتەکانى ژیانن، بەڵام توێژەکانى دیکەى کۆمەڵگە بەدەست ئەو توێژە دەسەڵاتدارەوە گیری خواردوە کە هەموو ئیمتیازاتەکانى لە توێژەکانى دیکەى کۆمەڵگە قۆرخ کردوە، ئەمەش سەرچاوەی نادادی کۆمەڵایەتییە.

بەهۆی ئەم دۆخەوە کە دەسەڵاتدارانى باشووری کوردستان دروستیان کردوە، ساڵانە هەزاران کەس لە هەرێمی کوردستانەوە ڕوو لە وڵاتانى ئەوروپا دەکەن و ژیانى خۆیان بۆ بەدەستهێنانى ژیانێکی شایستەتر لەوەى هەرێم دەخەنە ڕێگای هات و نەهاتەوە، کە بەشیکیان لەسەر سنوورەکان ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و دەستدرێژی و کوشتن دەبنەوە، بەشێکیشیان لەدەریادا دەبنە خۆراکی ماسی و قڕشەکان، ئەوانەشی دەگەنە وڵاتانى ئەوروپا لەژێر سیستەمێکی چەوسانەوە و کۆیلایەتى سەردەمدا ژیان دەبنە سەر، واتە ناگەن بەو ماف و نەخشەیەی کە لە خەیاڵ و مێشکیاندا کێشابوویان.

لێشاوی کۆچ و ڕێگرییەکانى وڵاتان

سەرەڕای توندکردنەوەى ڕێکارەکان بۆ ڕێگرکردن لە کۆچبەران و توندکردنەوەى سنوورە وشکانی و ئاوییەکانى نێوان وڵاتان، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ کۆچکردن بۆ وڵاتانى ئەوروپا زیاتر دەبێت، ئەوروپا لەبەردەم لێشاوێکی گەورەى کۆچبەریدایە، وڵاتانى یەکێتی ئەوروپاش شکستى هێناوە لە ڕاگرتنى ئەو لێشاوە لە کۆچ.

وڵاتانی ناوچەکە وەک(عێراق، ئەفغانستان، سوریا، ئێران، لیبیا، تونس، میسر،لوبنان، ئەفریقا، وڵاتانی دیکە، پێکهێنەری سەرەکی ئەو کۆچبەرانەن کە ڕوو لە ئەوروپا دەکەن، ئەم وڵاتانە بەهۆی جەنگ و دۆخی خراپی پێداویستییە سەرەتاییەکانى ژیانەوە ناچاربوون وڵاتەکانیان جێبهێڵن.

زۆرینەى ئەوانەى لە وڵاتانى ناوچەکەوە بەرەو ئەوروپا کۆچ دەکەن ڕوو لە ئەڵمانیا و بەریتانیا دەکەن، لەو چوارچێوەیەدا وڵاتانى ئەڵمانیا لەپلەى دووەمی جیهانە لەچوونى پەنابەران کە دەکاتە  و دوای ئەو بەریتانیایە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مەدەنی ئیسپانی کامیناندۆ فرۆنتێراس، لە ماوەی پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ڕۆژانە بەگشتیی ٣٣ کەس بەهۆی خنکانەوە گیانیان لەدەستداوە، واتا لە هەر ٤٥ خولەکێکدا پەنابەرێک گیانی لەدەستداوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان زۆربەی ئەو پەنابەرانە لەکاتی دەربازبوون لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای ئەفریقا و دوورگەکانی کەناری گیانیان لەدەستداوە، لەم ڕێگەیەدا چوار هەزار و ٨٠٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و بەگشتیی پێنج هەزار و ٤٥ پەنابەر گیانیان لەدەستداوە.

ڕێکخراوەکان پێشبینی دەکەن ژمارەی گیان لەدەستدانی پەنابەران لەمساڵدا لە ساڵی ٢٠٢٤ زیاتر بێت، بۆیە داوا دەکەن ڕێوشوێنی بەپەلە بگیرێتە بەر بۆ ڕاگرتنى ئەو مەرگە خێرایەی کە ناوچەکەى گرتووەتەوە و دەریاکان پڕبوون لە جەستەى شەکەت و دڵشکاوی خەڵکی وڵاتانى ناوچەکە.

کۆمسیۆنی باڵای کاروباری کۆچبەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاند: لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە هەزار کۆچبەر تەنیا لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە و بێسەرو شوێن بوون، ئەمە جگە لە شوێنەکانى دیکەى وڵاتانى ناوچەکە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆمسیۆنەکە، ژمارەی پەنابەران لە سەرانسەری جیهان بە ڕێژەی ٧% زیادیکردوە و لەمساڵدا گەیشتووەتە ٤٣ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس، ژمارەی پەنابەران سێ هێندە زیاتر بووە به‌راورد به‌ ١٠ ساڵ لەمەوبەر، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ گەیشووەتە ١١٧ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس لە سەرانسەری جیهاندا بە زۆر ئاوارە بوون، لە پێنج مانگی ٢٠٢٤دا ژمارەى کۆچبەران ١٢٠ ملیۆنی تێپەڕاندووە.

هـ.ح

Comments are closed.