کاری هەرەوەزیی لە کەلکەسماق وەک نەریتێک ماوەتەوە

دووکان

تەكنەلۆژیا و ئامێرە پێشكەوتووەكان هۆكاری نەمانی گیان و ڕۆحییەتی كاری پێكەوەیی و هەرەوەزین، لە هەر شوێنێك و لە هەر بابەتێك ئەو ئامێرانە بەكارنەهێندرێت، ئەوا كاری هەرەوەزی ڕۆڵی خۆی دەبینێت، وەک نەریتێکی کۆنی ناوچەکە، لە ئێستاشدا دانیشتووانی گوندی کەلکەسماق بە هەرەوەزیی کارەکانیان ئەنجام دەدەن.

گوندی كەلكەسماق، لە ڕۆژئاوای شارۆچكەی دووكان لە پارێزگای سلێمانی، هەڵكەوتەی شوێنی جوگرافیای لە قەتپاڵی زنجیرە شاخی هەیبەسوڵتانە، سرووشتی ناوچەكە پڕیەتی لە بەرز و نزمی، هەر ئەمەش وای كردووە زەوی كشتوكاڵی كەم بێت، دانیشتووانی گوندەكە زیاتر ئاژەڵداری بکەن، بەڵام لە پاڵ ئەمەشدا باخی ترێ و سماق و هەندێك جاریش لەو پارچە زەوییە بچووك و هەوراز و نشێوەكانی گوندەكە گەنم دادەچێنن.

بەهۆی زەوییە بچووک  و بەرز و نزمەکانی ناوچەکەوە دروێنەکردنی بەربووبوومی گەنم بە دەراسە ناکرێت، بۆیە ناچار هاوڵاتییان بە هەرەوەزیی و بە دەست دروێنەی گەنمەکانیان دەکەن و پاشان کاکەی دەکوتن، ئەمەش وایکردووە دەستی هاوکاریی و کاری پێکەوەیی و هەرەوەزیی لە گوندەکەدا وەک خۆی بمێنێتەوە.

حەیدەر ئەحمەد
حەیدەر ئەحمەد

لەمبارەیەوە حەیدەر ئەحمەد، یەكێك لە دانیشتووانی گوندی كەلكەسماقە، بە هەرەوەزی سەرقاڵی كوتینی خەرمانی گەنمن، بۆ ڕۆژنیوز باسی كاری هەرەوەزی و ئەم كاكوتینە دەكات، كە تا ئێستا سیمایەكی جوانی پێکەوە كاركردنی دانیشتووانی گوندەكەیە، ئەو دەڵێت: سرووشتی گوندەكەمان وایە دەراسە كەم دەتوانێت گەنمەكانمان بۆ بدورێتەوە، چونكە زۆربەی زەویەكان لاپێن و ماوەیان كەمە، بۆیە دەبێت دەزگای دیکە بۆمان بدورێتەوە كە پێی دەڵێن (شەپ شەپە)، جاران بەدەست دروێنەمان دەكرد، بەڵام ئێستا ئەو دەزگایە دەیدورێتەوە و دەسك دەسك دەیبەستێت و دەیكات بە مەڵۆ ئێمەش خڕی دەكەینەوە و دەیكەن بە خەرمان، ئینجا ڕۆژێك بە هەرەوەزی بە كاكوت خەرمانەكە دەكوتین، لێرە كارەكان بەم شێوەیە ئەنجام دەدرێت.

دەشڵێت: هەرچەندە بەشێك لە كارەكە ئێستاش بە ئامێرە كشتوكاڵییەكان ئەنجام دەدرێت، ئەگینا ساڵانی ڕابردوو كێڵان و دورین و كوتین هەموو بە دەستی بوو، كە چەند ڕۆژێك خەریكی دەبووین، بەڵام ئێستا كارەكە ئاسانتر بووە.

حەیدەر كە لە پشتەوەیەوە هاورێكانی سەرقاڵی خەرمان كوتینن، باس لەوە دەكات زەوییەكانیان بۆ دەراسە گونجاو نییە، لەبەر ئەوە تا ئێستا بەشێك لە كارەكانیان بە هەرەوەزی ئەنجام دەدەن، هەر ڕۆژە و خەرمانی ماڵێك دەكوتن، كە شەش بۆ حەوت كەس كۆدەبینەوە و كارەكە بە هەرەوەزی دەكەین، چونكە ئەو جۆرە كارانە بە كەسێك ئەنجام نادرێت پێویستی بە دەستی كاری زۆر هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، كە ئەو گیانی پێكەوەی و ڕۆحیەتی هەرەوەزییە، كارێكی زۆر باشە، نزا دەكات كە ئەم هەرەوەزییە هەر بمێنێت، چونكە خۆشەویستی و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان زیاتر پتەو و بەهێز دەكات.

ساڵانە گوندی كەلكەسماق جگە لە دروێنە و كا كوتین، كێڵانەوەی باخی ترێ و ڕنینی سماق و چەندین كاری دیکەی گوندەكەیان بە هەرەوەزی ئەنجام دەدەن.

ب. جـ

Comments are closed.