لە سلێمانی نرخی بەنزین بەرز دەبێتەوە

ناوەندی هەواڵەکان

لە سلێمانی هەر لیترێک لە سێ جۆرەکەی سوپەر و موحەسەن و نۆرماڵ ٢٥ دینار بەرز بووەتەوە و خاوەن بەنزینخانەیەکیش هۆکارەکەشی بۆ بوونى خواست لەسەر بەنزین و کەمی ڕێژەکەى دەگەڕێنێتەوە.

دوای بەرزبوونەوەى نرخی بەنزین لە شارەکانى هەولێر و دهۆک ئەمڕۆش نرخی بەنزین لە سنوری پارێزگای سلێمانى ٢٥ دینار بۆ سەرسێ جۆرەکەى بەنزین بەرزبووەوە.

بەرهەم محەمەد یەکێک لە خاوەن بەنزینخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ رۆژنیوز وتی: لە شەوی ڕابردووەوە نرخی بەنزین بۆ هەر لیترێک ٢٥ دینار بەرز بووەتەوە.

ئاماژەى بەوەشکرد، لە سلێمانی هەر لیترێک بەنزین لە جۆرەکانى سۆپەر و موحەسەن و نۆرماڵ ٢٥ دیناری زیادی کردوە و پێشبینی بەرزبوونەوەى زیاتریش دەکات.

سەبارەت بە هۆکاری بەرزبوونەوەى نرخەکەی خاوەنى ئەو بەنزینخانەیە ڕوونیکردەوە، ئێستا هاوینە و خواست لەسەر بەنزین زیاتر دەبێت، هۆکارێکی دیکەش پەیوەندی بە پشووی جەژنەوە بووە.

هەروەها دەشڵێت: یەکێکی لە هۆکارەکانى بەرزبوونەوەى نرخەکە سوتانی ژمارەیەک پاڵاوگە و لەکارکەوتنى بەشێک لە پاڵاوگەکانی عێراق و هەرێمە کە ڕێژەی بەنزین کەم بووەتەوە، جگە لەوەش نرخی سوتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهاندا بە گشتى گران بووە.

لە ئێستا نرخی جۆرە جیاوازەکانی بەنزین لە سلێمانی بەمجۆرەیە؛ بەنزینی نۆرماڵ بوە بە ٨٢٥ دینار و موحەسەن بە ١٠٢٥ دینار و سوپەریش بە ١١٧٥ دینارە.

هـ.ح

Comments are closed.