لە دوای خۆی بەرهەمە تەواونەکراوەکانی عەتا چاوشین بڵاودەکرێتەوە

سلێمانی

چوار ساڵ بەسەر کۆچى دوایى هونەرمەند عەتا ئەمین زۆراب ناسراو بە عەتا چاوشین، تێپەڕ دەبێت کوڕەکەشی دەڵێت: باوکم لە دوای خۆی چەندین بەرهەمی تەواونەکراوی هەیە لە ئایندەدا بڵاوی دەکەینەوە.

عەتا ئەمین زۆراب ناسراو “عەتا چاوشین” لە ساڵی ١٩٦١ لە گەڕەکی خانەقای شاری سلێمانی لە دایکبووە، لە ساڵانی هەشتاکان دەستی بە کاری هونەریی کردووە یەکەمین گۆرانیشی بە ناوی “هۆ غەریب مەڕۆ” بوو، دواتر لە تەلەفزیۆنی کەرکووک، چەند گۆرانییەکی دیکەی تۆمار کردووە، جگە لە گۆرانی و بەستە، مەقامبێژیش بوو.

ئەو هونەرمەندە لە تەمەنی منداڵییەوە حەز و خولیای بۆ کاری هونەریی بۆ درووسبووە، بەڵام بە هۆی هەژارییەوە ناچار بووە لە تەمەنێکی کەمەوە کار بکات.

چاوشین لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا یەکەم گۆرانی خۆی بە ناوی “هۆ غەریب مەڕۆ” تۆمار کرد، هەر بەهۆی ئەم گۆرانییەشەوە ناوی کەوتە سەر زاری هونەردۆستان، بەڵام باوکی ناڕازیی بووە کە گۆرانی بڵێت و هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە کە گرنگی بە خوێندنەکەی بدات.

گەشت عەتا
گەشت عەتا

گەشت عەتا، کوڕی هونەرمەند عەتا چاوشین، باسی لە خۆشەویستی باوکی بۆ هونەر کرد و وتی: باوکم مامۆستا بوو، لە دوای دەوامی مامۆستاییەکەی بەردەوام خەریکی کاری هونەری بووە، لە ژوورەکەی خۆیدا خەریکی پڕۆڤە و هۆنراوە نووسین بوو، حەزی نەدەکرد کە کار دەکات کەس بچێتە لای هەمیشە دەیوت “من لەنێو دونیای هونەردام نامەوێت لەو نووسین و بیرکردنەوانە بپچڕێم”.

عەتا چاوشین ماوەیەك لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ژیا‌وە و ئاشنایەتی لەگەڵ هونەرمەندانی وەك (محەمەدی ماملێ‌، سەید محەمەدی سەفایی، برایانی زیزی، غەریبی خدریان)‌ و چەندانی دیکە پەیدا كردووە ‌و كاری هونەریی لەگەڵیان بەرهەمهێناوە،  سوودی لە ئەزموون ‌و توانای هونەرییان وەرگرت.

عەتا چاوشێن وێرای هونەرەکەی بەردەوام لە بۆنە نیشتیمانییەکاندا لەبەر چاوان بوو، وەک کوڕەکەی دەڵێت: هەمیشە بە زمانی کوردی دەدوا و جلوبەرگی کوردی لەبەردەکرد.

“باوکم کۆتا بەرهەمی کە تۆماری کرد بەناوی “شای جوانی” من یەکەم کەس بووم کە ئاگام لێبوو، لەدوای خۆی چەندین بەرهەمی هونەریی دیکەی ماوە کە تۆمار نەکراوە کەس نەیزانیوە و گوێیان لێی نەبووە، بە نیازم لە داهاتوودا بیکەمە ئەلبووم بڵاوبکەمەوە بۆی” گەشت عەتا، کوڕی هونەرمەندی کۆچکردوو عەتا چاوشێن وای وت.

گەشت عەتا ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەمیشە بیری دەکەن و زیندووە لەلایەن و بەردەوام دەبن لەسەر ڕێچکەکەی باوکیان کە هونەر و ئاواز و گۆرانییە.

هونەرمەند، عەتا چاوشین، لە ٢٢ـی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٠ و چوار ساڵ پێش ئێستا، بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە نەخۆشخانە لە شاری سلێمانی ژیانئاوایی کرد، بەڵام ئەم کۆچە نەیتوانی دەنگ و هونەرەکەی بە کۆتا بگەیەنێت، بەڵکو بۆ هەمیشە گۆرانییەکانی لە گوێی هەوادارانییدا دەزرنگێتەوە، هەروەها لەبەر خزمەتەکەی بە هونەری کوردیی لە گەڕەکی ئاشتیی لە شاری سلێمانی پارکێک بە ناوییەوە کراوە.

هونەرمەند عەتا چاوشین لە هەشتاکانى سەدەى ڕابردوو دەستى بە گۆرانى وتن کردووە و ماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەک لە بوارى هونەردا کارى کردووە و خاوەنى دەیان بەرهەم بووە، کە بەناوبانگترین بەرهەمەکانی بریتین لە ” ئەی غەریب مەڕۆ، سەوزە سەوزە، میوان، گەردنی بەرز، ئەی گوڵی من”.

ب. جـ

Comments are closed.