ژنێک بە خواردنی کوردەواریی میوانەکانی سەرسام دەکات

سلێمانی

ئێستا ژنان بە ڕێژەیەکی بەرچاو دێنە بازاڕی کارەوە و بە دەست ڕەنگینی خۆیان بژێوی ژیانیان دابین دەکەن، چیمەنیش یەکێک لەو ژنانەیە و لە شەقامی سالم (سەهۆڵەکە) لە شاری سلێمانی گالیسکەیەکی بچووکی داناوە ڕۆژانە پێشوازی لە هاوڵاتییان دەکات بۆ پێشکەشکردنی خواردنی کوردەواریی.

شاری سلێمانی و بە دیارییکراویش لە شەقامی سەهۆڵەکە، جیا لەوەی سەرچاوی بژێوییە بۆ زۆرێک لە کاسبکاران، هاوکات بووەتە جێیەک ئەگەر گەشتیارێک بێتە سلێمانی ئەستەمە بەبێ سەردانیکردنی سەهۆڵەکە و تامکردنی خواردن و خواردنەوەکانی بگەڕێتەوە.

چیمەن ڕەئوف
چیمەن ڕەئوف

چیمەن ڕەئوف، کە تەمەنی ٤٣ ساڵە، دایکی سێ منداڵە، ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە لەو شەقامەدا بە دانانی گالیسکەیەکی بچووک بژێوی ژیانی دابین دەکات و بووەتە دەستی هاوکاریی بۆ چەندین کەسی دیکەش.

چیمەن لە خواردنگە بچووکەکەیدا زۆربەی خواردنەکان خۆی ئامادەی دەکات و وتی: ماوەی دوو ساڵە ئەم عەرەبانەیە بچووکەم داناوە  خۆم و هاوسەر و منداڵەکانم، ڕۆژانە لە کاتژمێر ٠٦:٠٠ـی ئێوارەوە تا کاتژمێر١٢:٠٠ـی شەو پێکەوە لێرەدا کاردەکەین.

سەبارەت بە جۆری خواردنەکانیش چیمەن وتی: زیاتر خواردنە کوردەوارییەکان درووست دەکەین، وەکو کفتەی سابونکەران، یاپراخ، ساوەر و قەرەخەرمان، برنجی خڕ و برنجی درێژ، شفتە،  کفتە، کوبە، پەڵپینە، شۆربا و چەند جۆر شلە.

ئاماژەی بەوەشدا، کە جگە لە ئامادەکردنی خواردن بۆ ئەو کەسانەی سەردانی چێشتخانەکە دەکەن، خواردنی ئامادەکراویش بۆ ماڵان چەند شوێنێک درووست دەکەن.

لە کۆتاییشدا وتی: داوا لەژنان دەکەم کاربکەن، جا هەرکارێک بێت کە خۆیان حەز و ئارەزوویان بۆی هەبێت، باشترین شت بۆ ژنان ئەوەیە لەسەر پێی خۆیان بووەستن.

ش. ئـ

Comments are closed.