لە شنگال سیمیناری “خۆت لە کۆمەڵکوژیی بپارێزە” بەڕێوەچوو

شنگال

لە شنگال بە پێشەنگایەتی تاژێ و یەژەشە، سیمینارێک بە ناوی “خۆت لە کۆمەڵکوژی بپارێزە” بەڕێوەچوو و تیایدا ئاماژە بەوەکرا، بە ڕێکخستن دەتوانین ڕێگە لە کۆمەڵکوژییەکان بگرین، ژیان لە شنگال بۆ خۆی بەرخۆدانە و ئەگەر هێرش بکرێتە  سەرمان بەرگریی لە خۆمان و وڵاتەکەمان دەکەین.

لە ١٠ـیەمین ساڵ یادی کۆمەڵکوژییدا یەکێک لە گرنگترین ئەجێنداکانی شنگال و بە تایبەت ژنانی ئێزدی خۆپاراستنە، لە ٨ـی ئاداردا تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی-تاژێ، هەڵمەتی “لە بەرامبەر کۆمەڵکوژکردنی ژنان ببە بە دەنگی خۆپاراستن” دەستپێکرد و لەو چوارچێوەییەشدا تا ئێستا چەندین چالاکیی جیاواز ئەنجام دراون، دوێنێش لە ناوەندی شنگال بە پێشەنگایەتی یەژەشە و تاژێ سیمینارێک بە ناوی “خۆت لە کۆمەڵکوژیی بپارێزە” بەڕێوەچوو.

سیمینارەکە لە ئەنجوومەنی گەلی شنگال بە بەشداری ئەندامانی تاژێ، شەڕڤانانی یەژەشە و دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەریی بەڕێوەچوو، سەرەتای سیمینارەکە بە چەند خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستی پێکرد و دواتر ڤیان حەبابی یەکێک لە فەرماندەکانی یەژەشە و نەعیم بەدەل ئەندامی کوردیناسیۆنی تاژێ سیمینارەکەیان پێشکەش کرد.

نەعیم بەدەل ئەندامی کوردیناسیۆنی تاژێ لە سەرەتای سیمینارەکەدا وتی: کۆبوونەوەکەمان لەسەر ئەو بنەمایەیە کە ئەمڕۆ ئێمە چۆن دەتوانین خۆیان بپارێزن لە لە جینۆساید، کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان وەڵامێکە بۆ دوژمنەکانمان، کە پیلانی لەناوچوونیان لە دژی ئێمە داڕشتووە، ئەگەر هێرش بکرێتە سەرمان ئیتر خۆمان و وڵاتەکەمان دەپارێزین و هەموو پیلانەکانیان لەناو دەبەین.

هەروەها ڤیان حەبابی یەکێک لە فەرماندەکانی یەژەشە لە بەشێکی قسەکانیدا وتی: خەڵکی شنگال لە سەنگەرەکاندا شەڕیان کرد، لە گوندی گرزەرک نموونەییەکی قارەمانێتی پیشاندا، بەڵام کەموکورتیش هەبوو لەو کاتەدا، ئەوە چارەنووسی ژنی ئێزدیی نەبووە کە بە دیل بگیرێت، ئەگەر ڕێکخستن هەبووایە دۆخەکە بەم سشێوەیە نەدەبوو.

ئەو فەرماندەییەی یەژەشە لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی ئێستا لە شنگال درێژە بە ژیانیان دەدەن، یەکێکە لە گەورەترین بەرخۆدانەکان، تەنها مانەوە لە شنگال خۆی لە خۆیدا بەرخۆدانێکە، لە جینۆسایدی داعشدا دوو شتی کرانە ئامانج، ئەوانەش شوێنە پیرۆزەکانمان و ژنانی ئێزدی بوون، چونکە لە کۆمەڵگەدا ژیان لە دەوری ژن کۆدەبێتەوە، کەلتوور و ئەخلاق لە شوێنە پیرۆزەکاندا بەردەوامە و کۆمەڵگەیەک بە بیر و باوەڕی خۆی دەبێتە کۆمەڵگە، گەلی ئێزدی هەمیشە بە ڕۆحی بەرخۆدان دەژین، ئەمڕۆش بە هەمان شێوە.

ب. ق

Comments are closed.