بە هاوکاریی پەدەکە سوپای تورک لە باشووری کوردستاندا تەراتێن دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

شەوى ڕابردوو، دەوڵەتی داگیرکەری تورک، کاروانێک سەربازیی ناردە کانی ماسی لە پارێزگای دهۆک و بە ئاشکرا تەراتێن دەکەن و درێژە بە داگیرکارییەکانی دەدات، بەڵام حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم و بەغداش هیچ دەنگیان لێوە نایەت.

تا دێت دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشە داگیرکارییەکانی لە باشووری کوردستاندا بەرفراوانتر دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش شەوى ڕابردوو کاروانێكی سەربازی ناردە سنووری کانی ماسی لە سنورى شارۆچکەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک.

بەپێی ئەو دیمەنانەی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت دەوڵەتی تورک کاروانێكی زەبەلاحی سوپای ناردووەتە سنوری کانی ماسی.

زانراوە ئەو سوپایە بۆ درێژەدانە بە هێرشە داگیرکارییەکانیان.

ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر بە وێنە و دیمەن هاوکارییەکانی پەدەکە بۆ دەوڵەتی تورک بە بەڵگە کراوە و بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا کراوە، کە پەدەکە لە تەنیشتی بنکە و بارەگاکانی خۆی، مۆڵگەی بۆ سوپای داگیرکەر بنیاتناوە و بە تەواوی دەیانپارێزێت.

جگە لەمەش، دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆسەر ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان، بە هۆیەوە هاوڵاتییانی مەدەنی شەهید و بریندار دەبن و سرووشتی ناوچەکە تێکدەدرێت، تا ئێستاش نە حکومەتی ناوەند و نە حکومەتى ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستانیش بە هیچ شێوەیەک ڕێگرییان لەو پێشێلکارییانە نەکردووە و تەنانەت ئیدانەشیان نەکردووە.

ب. جـ

Comments are closed.