حوسییەکان: لە بەندەری حەیفا هێرشمان کردە سەر چوار کەشتی

ناوەندی هەواڵەکان

حوسییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی هاوبەشییان لەگەڵ گرووپی چەکداریی مەقاوەمەی ئیسلامیی لە عێراق ئەنجام داوە و چوار کەشتییان لە بەندەری حەیفای باکووری ئیسرائیل کردووەتە ئامانج.

وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان یەحیا ساری ڕایگەیاند، لە بەندەری حەیفای باکووری ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی هاوبەشییان لەگەڵ گرووپی چەکداریی مەقاوەمەی ئیسلامیی لە عێراق ئەنجام داوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەشدا هاتووە، کەشتییەکان سەر بەو کۆمپانیایانە بوون کە “قەدەغەی هاتنە ناو بەندەرە داگیرکراوەکانی فەڵەستینیان پێشێل کردووە.”

ئەوەشی ڕاگەیاند، حوسییەکان هێرشییان کردووەتە سەر کەشتی شۆرسۆرن ئێکسپرێس لە دەریای ناوەند و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە هێرشەکەدا بەکارهێناوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانیاندا بۆ تێکدانی ڕێڕەوە ئاوییە سەرەکییەکانی بازرگانیی دەریایی، دەشڵێن: ئەم کارانەیان وەکو دەربڕینی پشتیوانییە بۆ فەڵەستینییەکانی غەززە.

ئاماژەی بەوەشدا، دوو ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتوویی ئامانجەکانییان پێکاوە، هێرشە ئاسمانییەکانیش ورد و ڕاستەوخۆ بوون.”

بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی سەربەخۆ و هیچ میدیایەکی جیهانیی ئەو هێرشانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی پارەوە، لە ڕێی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە دەستیان کردووە بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان، لە دەیان هێرشدا، تاوەکو ئێستا دوو کەشتییان نقووم کردووە و دەستییان گرتووە بەسەر کەشتییەکی دیکەدا و لانیکەم سێ کارمەندی کەشتییەکانیشییان کوشتووە.

ب.گ

Comments are closed.