سبەینێ گفتوگۆکان لەبارەى بە ئەندامبوونی ئۆکراین لە یەکێتی ئەوروپا دەست پێدەکات

ناوەندی هەواڵەکان

میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، سبەینێ لە شاری برۆکسلی پایتەخی بەلجیکا بە ئامادەبوونی جێگیری سەرۆک وەزیرانی ئۆکراین لە ئەوروپا و نوێنەرانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا، گفتوگۆکان بە مەبەستی ئەندامبوونی ئۆکراین لە یەکێتیەکە دەست پێدەکات، بەرپرسێکى ئۆکراین دەڵێت، ڕۆژێکی گەورەیە بۆ وڵاتەکەمان، ئێمە لەسەر ڕێڕەوێکین گەڕانەوەی بۆ نیە.

میدیا جیهانیەکان لەبارەى دەستپێکردنی گفتوگۆکان سەبارەت بە ئەندامبوونی ئۆکراین لە یەکێتی ئەوروپا بەمجۆرە زانیارى دەخەنە ڕوو.

میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، سبەینێ لە شاری برۆکسلی پایتەخی بەلجیکا بە ئامادەبوونی ئۆلها ستیڤانیشینا جێگیری سەرۆک وەزیرانی ئۆکراین لە ئەوروپا و نوێنەرانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا، گفتوگۆکان بە مەبەستی ئەندامبوونی ئۆکراین لە یەکێتیەکە دەست پێدەکات.

لەوبارەوە ئۆلها ستیڤانیشینا ڕایگەیاندووە، ئەمە ئەوپەڕی ئیرادەی گەلی ئۆکراینە و ڕۆژێکی گەورەیە بۆ وڵاتەکەمان، ئێمە لەسەر ڕێڕەوێکین بۆ یەکگرتن لەگەڵ ڕۆژئاوا و گەڕانەوەی بۆ نیە.

ئەم لێدوانەی ئۆلهای تەمەن ٣٨ ساڵ لە یەکەم چاوپێکەوتنیدا بوو لە دوای ئەوەی لە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو وەک سەرۆکی دانووستانکاری ئۆکراین لە دۆسێیەی پەیوەستبوون بە یەکێتی ئەوروپا دەستنیشانکرا.

جێگای ئاماژەیە، لە ڕۆژی هەینی ڕابردوو وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا ڕێککەوتن لەسەر دەستپێکردنی دانوستانەکانی لەبارەى بە ئەندامبوونی ئۆکراین و مۆڵدۆڤا لە یەکێتیەکەدا، ئەمە لە کاتێکدایە دەوڵەتی تورک نزیکەی دوو دەیە لەمەوبەر دانوستانەکانی لەبارەى بوونی بە ئەندامى یەکێتی ئەورەپاوە دەستپێکرد و تا ئێستاش چاوەڕێی پەسەندکردنی ئەندامێتیەکەیەتی.

ڕ.ش

Comments are closed.