ئەنجوومەنى مامۆستایانى ناڕازی: ئەندامەکانمان شەریک نین لەگەڵ دەسەڵاتی تاڵانکاریی هەرێمدا

ناوەندی هەواڵەکان

ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: هەڵەی تاکەکەس و چەند بەرژەوەندیپەرستێک، کە خۆیان هاوبەشی دەسەڵاتن، ساردمان ناکاتەوە لە فشارەکانمان بۆ گەیشتن بە مافە زەوتکراوەکانمان.

ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی سەبارەت بە تێوەگلانى چەند مامۆستایەکی ناڕازیی لە هاوبەشیکردن لەگەڵ دەسەڵاتی هەرێم و بەکارهێنانی ناڕەزایەتى مامۆستایان بۆ بەرژەوەندی خۆیان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە: لەگەڵ ئەوەی دەستخۆشیمان بۆ هەرکەس و لایەنێک هەیە، بێلایەنانە و بەبەڵگەوە ڕووی ڕاستەقینەی هەر کەسێک دەربخەن؛ کە لەسەرەوە وەک پاڵەوان خۆیان دەردەخەن و لەژێرەوەش کاری نایاسایی و قاچاخی دەکەن؛ بەڵام ئێمە وەک ئەنجومەنی سەرتاسەریی، ئەستۆپاکی و بێبەریبوونی خۆمان و ئەندامانی ئەنجوومەنی شار و شارۆچکەکان، لەو ڕاپۆرتە بنکۆڵکارییە دەردەبڕین کە لەلایەن ڕۆژنامەنووسێکەوە بڵاوکراوەتەوە.

 ئەنجوومەنەکە دەشڵێت: بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان، بووەتە مایەی ئومێد بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی هەرێم و جێی سەرنجی بەغداد و دەرەوە؛ هاوکات بووەتە چقڵی چاوی تاڵانکاران، بۆیە هەڵەی تاکەکەس و چەند بەرژەوەندیپەرستێک، کە خۆیان هاوبەشی دەسەڵاتن، ساردمان ناکاتەوە لە فشارەکانمان بۆ گەیشتن بە مافە زەوتکراوەکانمان.

 هەروەها ئەنجوومەنى مامۆستایانى ناڕازیی دووپاتی دەکاتەوە لە هەرکەسێکی دیکە زیاتر خۆشحاڵ دەبن، ڕووی ڕاستەقینەی ئەو کەسانە بۆ ڕای گشتیی دەربخەن؛ کە لەژێر ناوی ناڕەزایەتییەوە خەریکی کاری نایاسایین.

 هاوکات ئەنجومەنەکە هۆشداریش دەدات، هەر کەس و لایەنێک بەبێ بەڵگە و بە مەبەست، ناوی مامۆستایانی ناڕازیی بزڕێنێت، داوای یاسایی لەسەر تۆماردەکەن.

لە کۆتایشدا ئەنجوومەنى مامۆستایانى ناڕازیی ڕایگەیاندوە: ئەندامەکانمان نەک شەراکەتی و دەستتێکەڵاوییان لەگەڵ دەسەڵاتی تاڵانکاردا نییە، بەڵکو زۆربەی کات کراونەتە ئامانج و لە چەندین ڕووەوە دەسەڵاتداری خۆسەپێن پیلانیان لەدژ دەگێڕێت.

هـ.ح

Comments are closed.