سوودانی توێژەرانى زانکۆکانی عێراق بە چوار ملیۆن دینار پاداشت دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕی چوار ملیۆن دینار وەک پاداشت بۆ هەر توێژەرێکی زانکۆیی خەرجدەکرێت کە توێژینەوەکەی لە گۆڤارە رەسەنە جیهانییەکاندا بڵاوبکاتەوە.

ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی لەسەر ئەو توێژەرانەى زانکۆکانى عێراق بڵاوکردەوە کە توێژینەوەکانیان لە ناوەندە جیهانییەکاندا بڵاودەکرێنەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سوودانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاسپاردووە، هەماهەنگی بکات لەگەڵ وەزارەتی دارایی بۆ خەرجکردنی ئەو پاداشتە چوار ملیۆن دینارییە بۆ ئەو توێژەرانەی توێژینەوەکانیان لە یەکێک لە گۆڤارە رەسەنە جیهانییەکاندا بڵاودەکەنەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، پاداشتەکە پشتبەست بە حوکمەکانی مادەی یەکی بڕگەی شەش لە یاسای خزمەتی زانکۆیی ژمارە ٢٣ی ساڵی ٢٠٠٨ خەرجدەکرێت.

بە گوێرەی نوێترین ڕیزبەندنی تایمزی جیهانی بۆ زانکۆکانی جیهان کردوویەتى عێراق لە کۆی ١٠٠ زانکۆی جیهان لە پلەى ٣٧مین دایە، لەکاتێکدا ساڵانی ڕابردوو زانکۆکانى عێراق لەسەروو ڕیزبەندی ٥٠کانەوە بوو، بەڵام بەهۆی هەوڵەکانى حکومەتى عێراق ئێستا زانکۆکان بۆ پلەى ٣٧ دابەزیوە.

هـ.ح

Comments are closed.