فراکسیۆنی دەم پارتی: ڕێگە چارەسەری پرسی کورد لە ئیمراڵییە و لای ئۆجالانە

ناوەندی هەواڵەکان

گوڵستان کلیچ کۆچیگیت هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی جەختیکردەوە، ڕێگە و بەردەنگی چارەسەری پرسی کورد دیارە، لە ئیمراڵییە، بەڕێز ئۆجالانە، دەشڵێت: پەرلەمانتارەکانمان دەیانەوێت بچنە ئیمراڵی، بۆ ڕێگە نادەن خێزان و پارێزەران کۆببنەوە، پێویستە وەزیری داد یڵماز تونچ وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە.

گوڵستان کلیچ کۆچیگیت هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی سەبارەت بە چارەسەری پرسی کورد و سەپاندنى قەیوم لە شوێنی سەرۆک شارەوانییەکان کە بە ئیرادەى گەلی کورد هەڵبژێردرن کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا.

گوڵستان کۆچیگیت ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک بۆ ئاگرەکەی یۆنان دوو فڕۆکە و هەلیکۆپتەرێکی نارد، بەڵام لەبەرئەوەی کوردان لە شوێنی ئاگرەکەی ئامەد و مێردین دەژین، فڕۆکە و هەلیکۆپتەر نەنارد، بەرپرسیاری سەرەکی لە کەوتنەوەی ئاگرەکە دەسەڵاتی ئاکەپە و کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای دیجلە (DEDAŞ)ـە.

کۆچیگیت تیشکی خستەسەر هەوڵەکان بۆ چەواشەکاری و بڵاوکردنەوەی زانیاری نادرووست، کە وا بڵاوکرایەوە ئاگرەکە بەهۆی سووتانی پاوان و پووش و پەڵاشەوە بووە، بەڵام دووپاتی کردەوە بەپێی ڕاپۆرتەکان بەهۆی تەلی کارەباوە بووە و بەرئەنجامی کەمتەرخەمی DEDAŞ بووە.

کۆچیگیت ڕەخنەی لە هەڵوێستی پارێزگارانی ئامەد و مێردین گرت کە وەڵامی داواکارییەکانیان نەداوەتەوە بۆ دابینکردنی هەلیکۆپتەر لەپێناو کوژاندنەوەی ئاگرەکە، هەروەها ناڕەزایەتی بەرامبەر ئاستەنگکردنی پەرلەمانتاری دەم پارتی ساڵیحە ئایدەنیز لەلایەن پارێزگاری مێردینەوە.

هاوسەرۆکی فراکسیۆنى دەمپارتی دووپاتی کردەوە پارێزگار و DEDAŞ بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە، DEDAŞ بووەتە هۆکاری مردنی ١٥ کەس، ئامادەش نییە کەمتەرخەمییەکان ڕاست بکاتەوە، وتی: “ئێمە دەزانین DEDAŞ دامەزراوەی ستەمکردنەوە لە گوندنشینان و جووتیاران”.

کۆچیگیت دووپاتی کردەوە، بەڵگە و دیمەن هەن کە ئاگر لە گوندی خرالی دێرک بەهۆی تەلی کارەباوە کەوتۆتەوە، بەڵگە و دیمەنەکان ڕادەستی داواکاری گشتی کراون.

سەبارەت بە دۆخی زیندانیانیش کۆچیگیت باسی لەوەکرد، دامەزراوەی پزیشکی دادوەری وەک دوژمن مامەڵە لەگەڵ زیندانییە نەخۆشەکان دەکات، چونکە ئاستەنگی هەرە مەزنە لەبەردەم ئازادبوونی زیندانییەکان، بەهۆی ئەم ئاستەنگەوە زیندانیان دەمرن، ڕوونیشیکردەوە، بەگوێرەی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) لە ساڵی ٢٠٢٣ دا ٤٣ زیندانی لە زیندانەکان گیانیان لەدەستداوە”.

جەختی کردەوە، مردنی زیندانیان ئاسایی نییە و تاوانە، حکومەت و وەزارەتی داد بەرپرسن لە مردنەکان، پێویستە حکومەت و وەزارەت باجی ئەم تاوانە بدەن و دادگایی بکرێن.

سەبارەت بە دۆخی ئیمرالی و گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئۆجالان کۆچیگیت وتی: ئەو زیندانیانە لە ٢٧ی تشرینی دووەمەوە چالاکی دەکەن و ناچنە دیداری پارێزەران و بنەماڵەکانیان، خێزانەکانیان دەیانەوێت لەگەڵ وەزیری داد کۆببنەوە، هەموو هەفتەیەک خێزانەکان لەبەردەم زیندانەکان چالاکییەکان ڕێکدەخەن بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری و باشترکردنی ڕەوشی زیندانییەکان، بەڵام بەداخەوە هیچ وەڵامێکمان لەم بارەیەوە نییە.

هەروەها ئەوەشى خستەڕوو، وەزیری داد لەجیاتی کۆبوونەوە و وەڵامدانەوە دەڵێت، گۆشەگیری نییە و ڕاستییەکان دەشارێتەوە، ئەگەر گۆشەگیری نییە بۆ وەڵامی داواکاری ٣٥ سەندیکای پارێزەران ناداتەوە کە لە هەزار و ٣٣٠ پارێزەر پێکهاتوون.

هاوکات دەپرسێت ئەگەر گۆشەگیری نییە بۆ وەزیری داد وەڵامی داواکاری پەرلەمانتارەکانمان ناداتەوە؟ وتیی: پەرلەمانتارەکانمان دەیانەوێت بچنە ئیمراڵی، بۆ ڕێگە نادەن خێزان و پارێزەران کۆببنەوە، پێویستە وەزیری داد یڵماز تونچ وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە.

کۆچیگیت ڕایگەیاند تا پرسی کورد چارەسەر نەبێت، هیچ پرسێک چارەسەر نابێت، وتی:  زۆر ڕوونە کە بەردەنگی چارەسەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە، ئەوەش تاکە ڕێگەیە، بە بەردەنگی بەڕێز ئۆجالان، هەموو پرسەکان چارەسەر دەبن و ئاوێک دەکرێتە بەم ئاگرەی سیاسەت و ئابووری و دەکوژێنرێتەوە.

سەبارەت بە کوشتنى ژنانیش هاوسەرۆکی فراکسیۆنى دەمپارتى  باسی لەوە کرد، لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا لە ٧ شاردا ٧ ژن کوژراون  بەرپرسیاری ئەم کۆمەڵکوژییە دەسەڵاتی سەردەست و ستەمکارە.

هـ.ح

Comments are closed.