ناوەندی هەواڵ
لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی نوێدا دەركەوتووە، سوپای تورك هێرش دەکاتە سەر گوندەكانی سنووری دهۆك لە هەرێمی كوردستان و لە ئەنجامدا كڵێسا و ماڵى هاوڵاتیان و پەرستگا ئاینیەكان وێرانبوون.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە، دیمەنی هێرشی هەڕەمەكی هێزەكانی دەوڵەتی تورك بۆ گوندەكانی سنووری پارێزگای دهۆك دەردەکەوێت.
لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت دەوڵەتی تورك هیچ بنەمایەكی مافی مرۆڤ و پێكهاتە و ئاینەكان ڕەچاو ناکات و هێرش دەکاتە سەر ناوەندى تەندرووستی و پەرستگا و ماڵى هاوڵاتیان.
لە گرتە ڤیدیۆكاندا شوێنەواری وێرانكاری گەورە لە ناوچەكانی دهۆك دەردەکەوێت، بەجۆرێک بەشێک لەوانە وێرانبوون، لە بەرامبەردا دانیشتووانی ناوچەكە ئیدانەی هێرشە سەربازییەكان دەكەن، كە شوێنە ئاینی و مەدەنییەكان دەكەنە ئامانج.
هاوڵاتییانى ناوچەکە، ناڕەزایی خۆیان لە بێدەنگی حكومەت عێراق و هەرێم و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی سەبارەت بەم پێشێلكارییە دەردەبڕن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، هێرشەكانى دەوڵەتى تورک بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتووانی گوندەكانى ناوچەکە، هەربۆیە داوای دەستوەردانی بەپەلە دەكەن، بە مەبەستى ڕاگرتنی هێرشەكان و پاراستنی هاوڵاتییانی مەدەنی و شوێنە ئاینییەكان.
هـ.ئ
Comments are closed.