مەڕاسیمێکی ڕێز و وەفا بۆ هونەرمەند ئەحمەد شەماڵ ڕێکخرا

سلێمانی

کۆمەڵەی هونەری میلـلی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆیان بۆ ڕێز و وەفا لە هونەرمەندی کۆچکردووی کورد، ئەحمەد شەماڵ ڕێکخست، کە بە سیمبوولی هونەرمەندانی ڕەنجکێش ناسراوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، لە باخچەی ئەحمەد شەماڵ، هەمان ئەو باخچەیەی پەیکەری هونەرمەند ئەحمەد شەماڵی تێدا دانراوە، مەڕاسیمێکی وەفا و ڕێز بۆ هونەرمەند ئەحمەد شەماڵ بەڕێوەچوو، کە بەشێکی بەرچاو لە هونەرمەندان و خەڵکی شار تێیدا ئامادەبوون، هاوکات چەندین گۆرانی هونەرمەند لەلایەن هونەرمەندانی ترەوە وترانەوە.

سەرەتای مەڕاسیمەکە هونەرمەندی میلـلی شاری سلێمانی وەستا جەلیل، چەندین گۆرانی و ئاوازی ئەحمەد شەماڵی پێشکەش بە ئامادەبوان کرد، هاوکات چەندین مۆم بۆ ڕێز و وەفا لە هونەرمەندی کۆچکردوو، لەلایەن ئامادەبووانەوە داگیرسێندرا.

هەر لە مەڕاسیمەکەدا سەرۆکی کۆمەڵەی هونەری میلـلی کوردستان، جەزای ساز وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی: لە بەر ئەوەی هونەرمەند ئەحمەد شەماڵ هونەرمەندی هەژاران و خەڵکی بەشمەینەت بوو، بڕیارماندا لە دامێنی پەیکەرەکەیدا، ئەم مەڕاسیمی ڕێز و وەفایە ئەنجام بدەین، نەک لە ناو هۆڵێکی داخراو، بە داخەوەین وەکوو پێویست گوێگرانی ئەحمەد شەماڵ لێرە ئامادە نین.

هەر لە مەڕاسیمەکەدا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنیوز نەرمین ڕەز، ئەندامی کۆمەڵەی هونەری میلـلی کوردستان وتی: گرنگە هەمیشە یادی هونەرمەندانی کۆچکردوو بکەینەوە، لە بیریان نەکەین.

ب.گ

Comments are closed.