سەلمان عوسمان
وێرای ئەوەی هەمیشە بووە بە دەستی داگیرکەران لە هەر چوار پارچەی کوردستان، ئەمجارە پەدەکە بە سیناریۆیەکی داتاشراو هەوڵی ئاساییکردنەوەی لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورک لە قوڵایی خاکی باشووری کوردستان دەدات و ڕۆژنامەنووسانی گەرمیانیش دەڵێن: سیناریۆکانی پەدەکە هەمیشە بۆ پەردەپۆشکردنی شتێکی دیکەیە و سیناریۆی ئەمجارەشی بە هاوکاری میتی تورک بووە، بۆ ئاساییکردنەوەی لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورک.
کاردانەوەکان لە دژی داتاشینی سیناریۆ لەلایەن پەدەکە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق و دەوڵەتی داگیرکەری تورک و لەشکرکێشییەکەی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە بەردەوامە و لەو بارەیەوە ڕۆژنامەنووسانی گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.
ڕۆژنامەنووس شاهۆ ئیبراهیم، لە بارەی سیناریۆکانی ئەم دوایەی پەدەکە وتی: سیناریۆکانی ئەم دوایەی پەدەکە، کە چەند لایەنێکی تۆمەتبار کردووە بە سووتاندنی چەند شوێنێک لە بازاڕەکانی دهۆک، هەولێر و کەرکووک، پێشینە و باگگراوەندێکی سیاسیی هەیە و یەکەمجاری نییە لە دروستکردنی ئەم سیناریۆیانە، هەرکاتێکیش ئەم سیناریۆیانەی دروستکردبێت، هاوڵاتیی و شەقامیش تێگەشتووە کە ئەمە بۆ پەردەپۆشکردنی شتێکی دیکەیە.

وتیشی: ئێستا سوپای تورکیا بە ئاشکرا هاتووە و گوندەکان داگیردەکات، دەبێت پەدەکە لە بەرانبەر ئەمەدا فەوزایەک دروستبکات بۆ پەردەپۆشکردنی، پێشتریش چەندین دۆسییەی دادگای کردووەتەوە تەنانەت بۆ سەرکردە سیاسییەکانیش، تەنها بەهۆی ئەوەی هاوهەڵوێست نەبووە لەگەڵ پەدەکە، چوارچێوەیەکیان درووستکردووە هەرکەسێک و لایەنێک لەو ئەو چوارچێوەیەی ئەودا نەبێت، بەقسەی خۆیان تیرۆریستە و دەستدرێژی کردووەتە سەر ئاسایشی نیشتیمانی.
هەروەها زمناکۆ یەحیایی، ڕۆژنامەنووسێکی دیکە لە گەرمیان لە بارەی دەستی میتی تورک لەم سیناریۆیەدا وتی: وەکو ڕۆژنامەنووسان پێش ڕاگەیاندنی ئەم سیناریۆیە لە لایەن هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاگاداریی ئەوە بووین کە دەزگای هەواڵگری میتی تورک هاتووەتە عێراق، بۆ ئەوەی حکومەتی عێراقیش پەلکێشی یارییەکەی خۆیان و پەدەکە بکەن و سیناریۆیەکی لەمجۆرە ڕابگەیەنن، ئەوە بوو دوای هەفتەیەک سیناریۆکەیان ڕاگەیاند.
ئەو ڕۆژنامەنووسە وتیشی: پەکەکە بە هیچ شێوەیەک لەبەرنامەیدا نییە کاسبکارانی هەرێم ماڵوێران بکات، ئەمە سیناریۆیەکە پەدەکە و میتی تورک دایانڕشتووە، بە مەبەستی ئەوەی بە خەڵکی باشووری کوردستان بڵێن پەکەکە دەیەوێت باشوور بباتە ئاقارێکیتر، هەروەها لەگەڵ لایەنێکی عێراقیش دەستیان تێکەڵکردووە بۆ ئەوەی لەشکرکێشییەکەی تورکیا ئاسایی بکەنەوە، لە کاتێکدا نەدەبوو دەوڵەتی عێراقیش پەلکێشی ئەم یارییە بوایە، چونکە پەکەکە تەنها بۆ مافی نەتەوەکەی خۆی شەڕ دەکات.

لە کۆتاییشدا وتی: هاوڵاتیانیش دەزانن ئەمە سیناریۆیە و کاری یەکەمجاریان نییە، ئەگەر بەمشێوەیە بڕوات هەرێمی کوردستان دەچێتە دۆخێکی خراپەوە، چونکە وڵاتێکی بێگانە هاتووەتە ناو ئەم خاکەوە، بە ئارەزووی خۆی گوندەکان داگیردەکات و گوندنشینان دەردەکات، لە کاتێکدا هەموویان چەندین ساڵە لەو شوێنانە دەژین و ژیانیان لەسەر کشتوکاڵ و مەڕوماڵاتە.
لە ماوەکانی ڕابردوودا ئاگر لە هەریەک کە بازاڕەکانی لەنگە لە هەولێر، چەلێ لە دهۆک و بازاڕی کەرکووک کەوتەوە، هەر دوای ئاگرەکان گرووپێکی نەتەوەپەرستی تورک بە ناوی “ڕێکخستنی عەهدی میللی” بەرپرسیارێتی خۆی لە کەوتنەوەی ئاگرەکان ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی چاوەکان لەسەر ئەو گرووپە نەمێننەوە پارێزگاری هەولێر و دەسەڵاتدارانی هەولێر و دهۆک هەرزوو هۆکارەکانیان گەڕاندەوە بۆ شۆڕتی کارەبا و کارکردنی چەند کرێکارێک بە کۆسەرە.
بەڵام لە سیناریۆیەکی داتاشراوەدا، لە ١ـی ئەم مانگەدا هەریەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق و پەدەکە هۆکاری کەوتنەوەی ئەو ئاگرانەیان خستە ئەستۆی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، ئەمەش بە سیناریۆیەکی داتاشراو و درۆینە لەلایەن گەلەوە دەستنیشان کرا.
ب. جـ
Comments are closed.