هەپەگە: هێلیکۆپتەرێکی سکۆرسکی و دوو درۆنی دەوڵەتی تورک لەناوبرا

ناوەندی هەواڵەکان

هەپەگە ڕایگەیاند، بۆ بیرهێنانەوەی شەهیدانی ١٤ـی تەمووزی زیندانی ئامەد، گەریلاکانی ئازادیی هێلیکۆپتەرێکی سکۆرسکی و دوو درۆنی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان خستەخوارەوە و گورزیان لە کۆنتێنەرێک و چادرێک وەشاند.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لە بارەی ئەنجامدانی چالاکییەکانی گەریلاکانی ئازادیی لە دژی سوپای داگیرکەری تورک و هێرشەکانی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە ڕاگەیاندراوێكی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە ٩ و ١٠ـی ئەم مانگە ١٣ چالاکییان لە دژی سوپای داگیرکەری تورک لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی گردی جودی، گردی ئامێدی و گردی بەهار لە زاپ و سەری مەتینا و گۆلکێ لە مەتینا ئەنجامداوە، کە بەشێکیان لەلایەن گەریلاکانی یەژاستارەوە ئەنجامدراوە.

ئاماژەیان بەوەشداوە، بە هۆی چالاکییەکانەوە هێلیکۆپتەرێک سکۆرسکی، دوو درۆن، کۆنتێنەرێک و چادرێک لەناوبراوە.

دەشڵێن: دوای خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی جەنگیی بۆردوومانی شوێنی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی کرد.

هەپەگە باسی لەوەشكردووە، لە ١٠ـی ئەم مانگە دەوڵەتی تورک ١٢ جار گردی ئێف ئێم لەزاپ بە چەکی کیمیایی و پێنج جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو، گردی ئامێدی لە زاپ دوو جار بە بۆمبی تەکتیکی و شێلازێی مەتینا بە درۆنی بۆردوومان کراوە.

هەروەها دەشڵێن: کە لە ٩ و ١٠ـی تەمووز، دەوڵەتی تورک بە گشتیی ٢١ جار بۆردوومانی ناوچە جیاوازەکانی خواکورک، زاپ، گارە و مەتینا کراوە، هەروەها گردی بەهار لە زاپ بە هێلیکۆپتەر بۆردوومان کراوە.

ب. جـ

Comments are closed.