فوئاد حسێن.. پەردە پۆشی تاوانەکانى دەوڵەتى تورک و کۆکەرەوەى داگیرکەران

ناوەندی هەواڵەکان

پەدەکە وەک هێزێکی کوردی لە باشووری کوردستان تەنیا ئەرکی چاوساغی و پەلکێشکردنى داگیرکەران نییە بۆ سەر خاکی باشوور، بەڵکوو یەکێکی دیکە لە ئەرکەکانى ئاشتکردنەوە و کۆکردنەوەى داگیرکەرانە لە دەوری یەکتر و پەردەپۆشکردنى هێرش و تاوانەکانى دەوڵەتى داگیرکەری تورکیشە.

فوئاد حسێن کە بە کەسە متمانەپێکراوەکەى بارزانى ناسراوە لەم ساڵانەی دواییدا خۆری سیاسی لە سەر دەستى جەلال تاڵەبانی سکرتێری کۆچکردووی یەنەکە هەڵهات و کردی بە ڕاوێژکاری خۆی، بەڵام پێدانی پۆست و هەڵڕشتنی و پارەیەکی زۆر وایکرد لە تاڵەبانى هەڵگەڕێتەوە و ببێت بە کەسی زۆر نزیکی مەسعود بارزانى.

 ئەو چەند ساڵەى لەسەرۆکایەتى هەرێم سەرۆکی دیوان بوو جگە لە نوێنەرایەتکردنى بارزانى و پەدەکە نەیتوانى ببێتە نوێنەری ڕاستەقینەى سەرجەم هێز و لایەنەکان و هاوڵاتییان لەسەرۆکایەتی هەرێمدا، بەوهۆیەشەوە هەمیشە  وەک کەسێکی حزبی سەیرکراوە، کارکردنى بۆ پەدەکە و خودی بارزانى وایکرد لە کۆنگرەى ١٤ـی ئەو پارتە کرا بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی ونوێنەری تایبەتى بارزانى لە بەغدا.

فوئاد حسێن یەکێک بووە لە ڕاوێژکارەکانى دەستى ڕاستى بارزانى لە کاتى ڕیفراندۆمە شوومەکەى ساڵی ٢٠١٧، ئەوە بووە نوێنەری بارزانى وڵات بە وڵات دەگەڕا کە پشتیوانى بۆ ڕیفراندۆمەکەى بارزانى پەیدا بکات، بەڵام نەیتوانى پشتیوانى یەک وڵات بەدەستبهێنێت، بۆیە ئەویش یەکێک بوو لە کارەکتەرە سەرەکییەکانى ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و لەدەستدانى لە ٥٠%ـی خاکی کوردستان.

ساڵی ٢٠١٨ بارزانى فوئاد حسێنى ناردە بەغدا و بۆ لێکترازان و تێکدانى یەکڕیزی کورد کاندیدی کرد بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار و ڕووبەڕووی بەرهەم ساڵح وەستایەوە، سەرەڕای ئەوەی لەو کێبڕکێیە شکستى هێنا،  زیانی گەورەشى بە یەکڕیزی کورد لە بەغدا گەیاند و ئەوەندەى دیکە درزی نێوان لایەنەکانی کوردی لە بەغدا گەورە تر کرد.

لە دوو کابینەى حکومەت لە بەغدا فوئاد حسێن کرا بە وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆک وەزیران تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام لەو پۆستانەدا جگە لەنوێنەرایەتیکردنى بارزانى و پەدەکە هیچ سود وکەڵێکی بۆ کورد نەبووە، بەڵکو لەم چەند ساڵەى لە بەغدا تەنیا میوانى بۆ کۆشکەکەشی بارزانى پەیدا کردوە و لێدوان و بەیاننامەیەکی لەدژی هێرشە داگیرکارییەکانى دەوڵەتى تورک نەبووە.

لە هەموو لێدوان و چاپێکەوتن وکۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکانیدا لەسەر ڕێبازی خیانەتى بارزانى ئەویش بیناوو بۆ هێرشە داگیرکارییەکان و تاوانەکانى دەوڵەتى تورک دەهێنێتەوە و پەکەکە تۆمەتبار دەکات بە هۆکاری هاتنى سوپای دەوڵەتى تورک.

هەر فوئاد حسێن بوو حکومەتى  عێراقی ناچار کرد کە ڕێککەوتنی شنگال واژۆ بکرێت و هەوڵی زۆریدا تا شنگال بکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتى تورک، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، ئێستاش هەر ئەوە کە ناهێڵێت حکومەتى عێراق هیچ هەڵوێستێکی نەبێت بەرامبەر داگیرکردنى خاکی هەرێم و بە ئاشکرا بە سوودانی وتووە: تورکیا خاکی عێراق داگیر ناکات بەڵکو بۆ لەناوبردنى پەکەکە هاتووە.

ئەوەتا ئێستا دەوڵەتى داگیرکەری تورک هەزاران سەربازی هێناوەتە ناوخاکی باشوور و لەم چەند ڕۆژەدا ژمارەیەک هاوڵاتی بەهۆی ئەو هێرشانەوە بوونەتە قوربانی، سەدان هەزار دۆنم زەوی پوش و پاوان و دارستان سووتاون، سەربازانی داگیرکەر هاوڵاتییان دەستگیردەکەن و ڕێگەیان پێنادەن بچنەوە گوندەکانیان، زیاتر لە ٢٥٠ گوندیان چۆڵکردوە، بەڵام فوئاد حسێن لە ڕۆژانى ڕابردوو دەڵێت: تورکیا ئۆپەراسیۆنى نەکردوە تەنیا چەند جوڵەیەکی لەچەند شوێنێک کردوە.

لەم چەند ڕۆژەى دواییدا فوئاد حسێن هەوڵێکی خیانەتکارانەى دژ بە گەل و نەتەوەکەی خۆی دەستپێکردوە ئەویش ناوبژیوانیکردن و کۆکردنەوەى  بەشارئەسەد سەرۆکی ڕژێمی سووریا و ئەردۆغان سەرۆکی دەوڵەتى داگیرکەری تورکە لە بەغدا، بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانی نێوانیان.

فوئاد حسێن باس لەوە دەکات، ڕێکەوتنێکی سەرەتایی لەنێوان وەزیرانى دەرەوەى هەرسێ وڵات کراوە بۆ ئەوەی هەردوولا لە بەغدا کۆببنەوە، بەڵام هێشتا ڕێکەوتێک دیاری نەکراوەو دوای گەڕانەوەی لە ئەمریکا کاتەکە دیاری دەکەن.

لای هەموو کوردێک ئاشکرایە، کۆبوونەوە و ڕێکەوتنى ڕژێمی سوریا و دەوڵەتى تورک بۆ دژایەتى و لەناوبردنى گەلی کوردە، هیچ هۆکارێکی دیکە بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندی ئەو دوو وڵاتە لە ئارادا نییە دژایەتى کورد نەبێت، بۆیە ئەم هەوڵەى فوئاد حسێن ڕاستەوخۆ بۆ لەناوبردنى ئەزموونى ڕۆژئاوای کوردستانە کە بارزانى و دەوڵەتى تورک نەخشەکەیان بۆ داڕشتووە.

پۆستى وەزارەتى دەرەوە کە پۆستێکی هەستیارو گرنگە دەتواندرا بۆ خزمەتى هەرێمی کوردستان بەکاربهێندرێت و جگە لە ڕێگریکردن لە هێرشە داگیرکارییەکانى دەوڵەتى تورک، دەشیتوانى ئەزموونى هەرێمی پێ بەهێزتر بکرێت لە ڕێگەی ئەو پەیوەندی و توانا لۆبییەى لەبەر دەستیدایە، بەڵام بەهۆی ئەوەى پەدەکە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ وە زۆربەى کات ئەو پۆستە لای پەدەکە بووە، تەنیا بۆ بەرژەوەندی تایبەتى ماڵی بارزانی و پەدەکە سوودی لێوەرگیراوە.

هـ.ح

Comments are closed.