شایەتحاڵێک: ئاگرەکەی سنووری ئاغجەلەر دەستی لە پشتەوەیە

ئاغجەلەر

لە چەند گوندێکی شارەدێی ئاغجەلەر ماوەی چوار ڕۆژە ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە و سنووری شارەدێیەکەی تێپەڕاندووە و بەرەو شارەدێی سورداش و چەمی ڕێزان و دووکان پەلی هاویشتووە تا ئێستا نەتوانراوە کۆنترۆڵ بکرێت، شایەتحاڵێکیش دەڵێت، دەستی لە پشتەوەیە.

ماوەی چوار ڕۆژە، ئاگرێکی گەورە لە سنووری شارەدێی ئاغجەلەر سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، کەوتووەتەوە و تا ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە.

لەبارەی ئاگرەکەوە ئامانج جەوهەر، سەرۆکی شارەوانی ئاغجەلەر بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ئاگرەکەی سنووری ئاغجەلەر زیانی ژینگەیی بە دار و دارستانی چەند گوندێکی سنوورەکە گەیاندووە و چەندین هەزار داری بەتەمەن لە ئاکامی ئاگرەکە سووتان.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا لە سنووری ئاغجەلەر ئاگر بوونی نەماوە، بەڵکو ئاگرەکە گەیشتووەتە سنووری چەمی ڕێزان و شارۆچکەی دووکان، هێشتا بەردەوامە و نەتواندراوە کۆنترۆڵ بکرێت.

وتیشی: زەویوزاری بەشێک لە هەریەک گوندەکانی سۆتکە، ماینە، عەسکەر، هەوار سوور، بلوکێن، کانی بۆگەنە، قۆجەبڵاغ، گەڕگەڕ، قۆجەلەر، کەڵەشێرە، دەرەنار و چەمی ڕێزان سووتاون.

بەپێی وتەی شایەتحاڵێک لە یەکێک لەو گوندانە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ڕۆژنیوزی وت: ئەم ئاگرە دووجاری دیکە کراوەتەوە و کوژێندراوەتەوە، ئێستا بۆ جاری سێیەم کراوەتەوە، هەروەها دەستێکی لە پشتەوەیە و لە نزیکی شوێنی کەوتنەوەی ئاگرەکان ماتۆرسکیل بینراوە.

ب. جـ

Comments are closed.