ناوەندی هەواڵەكان
وەزارەتی تەندرووستی غەزە، نوێترین ئاماری قوربانییەكانی بڵاو كردەوە، كە لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا ٣٨ هەزار و ٧٩٤ هاوڵاتیی غەزە كوژراون و ٨٩ هەزار و ٣٦٤ كەسیش برینداربوون.
وەزارەتی تەندرووستی غەزە و وەزارەتی تەندرووستی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا زانیارییان بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندرووستی غەزەدا هاتووە، بە هۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٣٨ هەزار و ٧٩٤ هاوڵاتیی لە غەزە كوژراون، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٨٩ هەزار و ٣٦٤ كەس.
ئاماژە بەوەش كراوە، بە هۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٨١ كەس لە غەزە كوژراون و ١٩٨ـی دیكەش بریندار بوون.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ٢٨٥ ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە بەردەوامە، هەروەها ١٠ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، كە بەبێ چارەسەر ماونەتەوە.
لە لایەكی دیكەشەوە، وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیل بڵاویكردووەتەوە، ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٤ كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش بریندار بوون.
لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، كە لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.
هـ.ئ
Comments are closed.