ئەوەی لە بادینان دەگوزەرێت تراژیدیایەکی نەتەوەیی سامناکە

ئارام ڕەفعەت

تورکەکان بە خشکەیی لایەکی بادینانیان داگیر کردووە و ئەو رووبەرەی باشور، کە تورکەکان بەدرێژایی سنووری باکور و باشور داگیریان کردووە، لەو بەشەی قوبرس زیاترە، کە لە ١٩٧٤وە داگیرییان کردووە و  زیاتر لە دە هێندەی کۆی رووبەری کەرتی غەززەیە.

بەشێکی ئەم خاکە لە سەرەتای نەودەکانەوە داگیرکراوە و سەربازگەی هەمیشەیی لێ جێگیر کراوە.

بەشێکی زۆری ئەو ناوچە داگیرکراوانە تا پێش داگیرکارییەکە ئاوەدانی بوون و لەژێر ئیدارەی حکومەتی هەرێمدا بوون و دوور و نزیک بارەگا و هێزی گەریلای لێنەبووە.

تورکەکان لەم داگیرکارییەدا چوار ستراتیژی دژە مرۆڤانە و دژە کوردیانەیان گرتووەتەبەر:-

یەکەم، بەسوتماککردنی خاک

ئەم سیاسەیە هێندە مەترسیدار و فراوانە بەجۆرێکە جارێکی تر بواری ژیان لەم بەشە داگیرکراوەی باشووردا نەمێنێت.

دووەم، سڕینەوەی شوێنەواری کوردبوون

چۆڵکردنی ناوچەکە گۆڕینی بۆ ناوچەی موحەڕەمە و “نۆ مانس لاند” کە لە درێژماوەدا هەم ئاساری کوردبوونی لێناهێڵێت و هەم باشور بۆ هەمیشە لەباکور دادەبڕێت.

سێیەم، تاڵانکاری

زۆرێک لە چاودێران ئاماژە بە هەڵکەندنی بیری نەوت و بڕینەوەی دارستانەکان و بەیاڵانبردنییان دەکەن.

چوارەم، مانەوە و داگیرکاری درێژخایەن

تورکەکان بنکە و بارەگای سەربازی گەورەی تەجهیزکراو بە ژمارەیەکی زۆری پێشکەوتووترین تانک و تۆپی هەرە پێشکەوتوو کە تەنها دەکرێت بۆ جەنگی درێژخایەنی نێوان وڵاتان سوودی لێببینرێت نەک بۆ    ئۆپەراسیۆنێکی سنووردار و کاتی.

ئەم داگیرکارییە بەجۆرێک ریشە داکوتاو و درێژخایەن و مەترسیدارە بۆ سەر کورد و ئاساییشی نەتەوەیی مەگەر چاوەڕوانی موعجیزەیەک یان جەنگی جیهانی سێیەم بکەین، تا بتوانین جارێکی تر ناوچەکە رزگار بکەینەوە.

مەترسیدارتر لە داگیرکاری تورکەکان، بێدەنگی کۆمەڵگای کوردییە. ئەم بێدەنگییە هەم شەرعییەت و هەم هێز دەداتە تورکە داگیرکەرەکان بۆ بەردەوامبوون و فراوانتر کردنی داگیرکارییەکەیان.

نە تۆمەتبارکردنی ئەوی تر بە بیانوودان بەداگیرکەر و نە ئاماژەدان بە هاوکاری رێککەوتن و پشتیوانی لایەنێک بۆ داگیرکەران ئەستۆپاکی ناداتە هیچ کەس و لایەنێک، هەموو لایەک بەشێوازی جۆراوجۆر بەرپرسن.

بێدەنگی و ناموبالاتی تاک و گروپ و رێکخراو و حزب و حکومەت و کۆمەڵگای کوردی لەم داگیرکارییە دڕندانەیە تاک بە تاک و سەرتاپای کۆمەڵگای کوردی و حزب و ريکخراوەکانی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی و شەرمەزارییەکی گەورەی مێژوویی.

ئ.م

ئەم وتارە ڕاوبۆچوونی نووسەر خۆیەتی

Comments are closed.